ئەخلاقی عیرفانی

ليست هناك تعليقات

فاتیح سەنگاوی
-
ئەخلاقی عیرفانی ، چەندین پێناسە هەیە سەبارەت بە عیرفان و تەسەووف، بیگومان ڕای جیاوازییش زۆرە. عەبدوڕەززاقی كاشانی لە(اصطلاحات الصوفيّة)دا ده‌رباره‌ی ته‌سه‌ووف ده‌ڵێت: خۆڕازاندنه‌وه‌یه‌ به‌ئه‌خلاقی خواییانه‌. ته‌هانه‌وییش له‌(كشاف اصطلاحات الفنون)دا ده‌نووسێت:"صۆفی .. نه‌فسی خۆی فانی ده‌كات، به‌هۆی خوای باڵاوه‌ ده‌مێنێته‌وه و باقیە‌، له‌ ته‌بعه‌كان خۆی پاڵفته‌ده‌كات، په‌یوه‌سته‌ به‌ حه‌قیقه‌تی حه‌قیقه‌ته‌كانه‌وه‌. سۆفییكار(متصوف) هه‌وڵ بۆ ئه‌م پله‌یه‌ ده‌دات. خۆبه‌سۆفی زان(مستوصف)یش ئەو كەسەیە خۆی ده‌چوێنێت به‌ سۆفی و سۆفیكار له‌پێناو ده‌ستكه‌وتی پله‌وپایه‌ و دونیا. به‌ڵام له‌ راستیدا هیچیان نییه‌".

شێخی ره‌ئیس (كه‌ مه‌به‌ست له‌ ئیبنوسینایه‌) له‌(الإشارات والتنبیهات)دا جیاوازی ده‌كات له‌ نێوان(عارف) ه و(عابد) و (زاهد) و ده‌ڵێت:

"ئەوەی ڕوو وەردەگێڕێت لەخۆشییەكانی دونیا و شتەپاك و چێژبەخشەكانی، ناوی زاهیدی بەسەردا دادەبڕێت، ئەوەشی بەردەوامە لەسەر زیادە پەرستشی وەكو نوێژوو رۆژوو، هاوشێوەكانیان، ناوی خواپەرست و عابیدی لێدەنرێت. ئەو كەسەشی بەفیكرییەوە روو لە قودسی جەبەرووتە(بەدەربڕینی ئەو)، ودرێژەپێدەر و ئارامگرە بۆ دەركەوتنی نووری هەق لە پەنهانیی ئەودا، ناوی عاریفی بەسەردا دەچەسپێت. لەوانەیە هەندێ لەمیان لەگەڵ هەندێكی ئەوی تردا ئاوێتە ببێت". واتە كەسێك بێت پشكی لەهەریەكەیاندا هەبێت.

زۆرجار بۆ جیاكردنەوەی عیرفان و تەسەووف دوو تایبەتمەندی باس دەكرێت:

یەكەم: عیرفان گرنگی دەدات بە لایەنی زانستی ئەم رێڕەوو مەسلەكە، بە رێبازێكی زانستی هاوشانی زانستە تایبەتەكانی بەدەستهێنانی مەعریفەی ئاینی ئەژمار دەكرێت. تەسەووفییش لەدیدە كۆمەڵناسییەكەوە دەربڕی دۆخەكۆمەڵایەتییەكانی رۆشنبیرییە لۆكاڵی یان ناوچەییەكانن لە كۆمەڵگەی ئیسلامییدا.

دووەم: بێژە و موفرەدەكانی پەیوەست بەعیرفان دەڕواننە رەهەندە نەزەری و بیردۆزەییەكان، لەكاتێكدا موفرەدە و چەمكەكانی پەیوەست بە تەسەووف، زیاتر رەهەندی كرداری و عەمەلی، سلووكیان هەیە، بەو واتایەی مرۆڤێكی سالیكی رێگەی ئەخلاق و پەروەردە، بەپێی مومارەسەكردنی لە عیرفانی نەزەرییدا، بە"عاریف" دادەنرێت. بەپێی پابەندبوونی عەمەلی بەعیرفان و هەوڵدانی بۆ پاكژكردنەوەی نەفسی لە پێگە و مەنازیل و مەقاماتدا، ناو دەبرێت بە"صۆفی" یان"موتەسەویفە".

پێش ئەوەی بچینە نێو سیستەمی ئەخلاقی عیرفانییەوە گرنگە ئاماژە بدەین بەوەی چەندین چین و پلە لای عاریف و موتەسەوفەكان هەیە و چەندین قۆناغی گەشەسەندنی عیرفانی عەمەلی لە ئارادایە. ئەم چین و تەبەقانەش هەر لە سەدەی دووەمی كۆچییەوە دەست پێ دەكەن تاعاریف و موتەسەووفەكانی سەدەی نۆیەم، كۆی ئەو تەبەقانە هەشت تەبەقەیە و یەكەم ناوی تەبەقەی یەكەم حەسەنی بەصرییە و كۆتاهەمینیشیان شەمسەدینی لاهیجییە كە لە 900ك، كۆچی دوواییكردووە. لەهەر تەبەقەیەكیشدا چەندین ناوو كەسایەتی هەن.

#ئةخلاقناسي

بەشێك لە نوسینەكانی ناوەندی هەژان

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif