ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان

ليست هناك تعليقات



عادل هەورامی - مانچستەر

سەرو زمان و بنی زمانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان گلەیی و گازندە یە لە دەسەڵات لە هەمان کات دا هەندێکیان بەشێکی سەرەکین لەو دەسەڵاتە لەوهەموو نەهامەتیانەی هاتوون بەسەر خەڵکدا، ئیتر تۆ لە کام جۆری ئۆپۆزیسیۆنی نەبوونی بە نیشتمان کردنی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەبوونی شەفافیەتی درایی و نەبوونی یەک هێزی سەربازی یەکگرتوو بە هۆی نەبوونی هێزێکی چالاکەوەیە..

ڕاستە دارایی و مووچە دەماری سەرەکی ژیانن بەڵام لە کاتی سەردەمی زێڕینیش دا گەربوونی هەبوبێت نەمان بینی ئۆپۆزیسیۆن کار لەسەر ڕۆشنبیرکردنی گەنجان و لاوان بکات و باسی یەکسان بوون و پێکەوە ژیان لەگەڵ کەمەنەتەوایەتیەکان بکات وەیان باسی پێدانی مافی تەواو بە کەمینەکان بکات چونکە بەبیری ئۆپۆزیسیۆن ئەوانە کاری حکومەتن بە کاری خۆی نازانێت و لە ئەستۆی ئەوان دا نیە. هەردەم چاوی لە دەستی دەسەڵاتە ئەو مافانە بدات، 

ئۆپۆزیسیۆن نوێنەری هەموو چینەکانە و نوێنەری خەڵکە بۆ دابین کردنی ئازادی و بژێوی ژیان هەروەک دەزانین ماف لە سەڕەتادا دەسێنرێت و نادرێت.

تەنانەت لەمێژووی ووڵاتە دیموکراسیەکان دا ئەوە بوونی هێزێکی چالاک و ڕاست و بێ مەرامە وای کردوە کە دەسەڵات بەردەوام بێت لە دابین کردنی مافی هاووڵاتیان و هەبوونی شەفافیەت و دادگای سەربەخۆ و میدیای ئازاد و هەندێ سەکتەری تر..... ئەوە لە چاکەی دەسەڵاتەوە نیە بەڵکوو بەهۆی بوونی ئۆپۆزیسۆنئکی بەهێزەوەیە. 

هەرێمی کوردستان بە شەراکەت دەبرێت بەڕێوە لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە تاکو ئەمڕۆ،، زۆربەی ئەو لایەنانەش کە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا دروست بوون هەر لە حکومەت دا بەشدارو شەریک بوون لە هەموو و خێرو خۆشیەک دا. 

بەو پێیەی کە دەزانین سەرکردەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ناو خودی لایەنە سەرەکیەکانەوە هاتوونەتە دەرەوەو خاوەن دەسەڵات و بڕیاردەربوون دواتر بوون بە ئۆپۆزیسیۆن هەریەکەو بە هۆیەکی تایبەتی خۆی لە گەڵ خۆشیاندا هەندێک دروشمی باق و بریقیان بە خۆیانەوە لکاندووە

لە چ ووڵاتێکی دونیادا تاکە حیزبێک وەیان چەند حیزبێک کە حکومەتێک پێک بهێنن دیموکراتی دەبێت و یاسا سەروەردەبێت ؟ زۆر بە دەگمەن وەیان هەر نیە.

بۆیە ناکرێت هەم شەریک بیت و هەم ئۆپۆزیسیۆنیش بیت. هەم لە ناڵیش بەیت و هەم لە بزمار.

با زۆر دوورنەکەوینە لە مێژوو،،،،

هەر لە ساڵی ١٩٦٠ کانەوە تا ئەمڕۆ بیرو فکری سیاسی یەک جۆرەو بەردەوام بەدەوری بازنەیەک دا دەخولێتەوەو هەڵەکان دووبارە دەبنەوە .

ئۆپۆزیسسۆنی بە هێز بڕبڕەی پشتی حکومەتی بەهێزە بەڵام نەک ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە ئێمە هەمانە.

لە سەرتاسەری جیهان دا هەردەم بیرو فیکرو ئایدۆلۆژیای جیاواز هەبوەو لایەنەسیاسیەکان کاریان لەسەر کردوە و هەڕکەسەو لە ڕووی فیکری خۆیەوە خزمەتی کۆمەڵگاو خاک و ووڵاتەکەی کردوە.

زۆربەمان دەزانین و بینیومانەو بەشداریش بووین زیاد لە نیو سەدەی ڕابووردوو ئەو لایەنانەی کە بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە دروست بوون هیچیان فیکرو ئایدۆلۆژیایەکی تازەیان نەبووە بەڵکو لەبەر چەند هۆیەک و مەرامی تایبەتی خۆیان دروست بوون و چەندەها خەڵکی فەقیرو هەژاریان بەکارهێناوەو لەو پێناوەش دا بە هەزاران شەهیدیان داوەو چەندەها کەم ئەندامیان هەیەو چەندەها و چەندەها ماڵ وێرانی ونەهامەتی تر... با بێێنەوە سەر هۆکارەکانی دروست بوونی ئەو لایەنانە؟

لایەنێک لەبەر ناوچەگەری دامەزراوە.
لاینێک لەبەر نەبوونی شەفافیەت لە بودجەی حیزب داوای بەشی خۆی.
لایەنێک لەبەر بەدیهێنانی پلەوپۆست و دەسەڵات .
لایەنێک لەبەر نەگونجاوی چۆنێەتی پەیڕەوکردنی ئیسلامی سێاسی لە ناو کۆمەڵگادا.
لایەنێک لەبەر ڕق و کینە
هەرلەبەر ئەو هۆکارانەشە ئۆپۆزیسیۆن بوەتە هۆی نەهێشتنی متمانە و کوشتنی هەستی نەتەوایەتی لە ناوکۆمەڵگادا و هەروەها بوەتە هۆی بە هێزکردنی تاکە لایەنێک کە خۆی لەسەرووی هەموولایەنەکانەوە بزانێت و خۆی بە خاوەن ماڵ بزانێت بە هەم و کەم و کوڕیەکانیشیەوە... بۆیە بونی لەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆنە خزمەت کردنە بە دەسەڵات و لایەنی یەکەم لە حکومەت دا و دەشبێتە هۆی مانەوەی بەبەردەوامی. 

بۆیە دەبێت بە خۆیان دا بچنەوە سیاسەت و کارو پلانی خۆیان بگۆڕن و گەرمەبەستی سەرەکیان یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی یە.
باشتر وایە بۆ بە نیشتمان کردنی دام و دەزگاکان بە دیهێنانی ماف و ئازادی و بوجەی شەفاف و ستراتیجیەتی داهاتووی ووڵات لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان هەستن بەدروست کردنی بەرەیەکی فراوانی یەکگرتووی نیشتمانی بۆ چەند ساڵێک بە لاێەنی کەمەوە جیاواز بێت لەوانەی جاران واز لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبی خۆیان بهێنن و ببنە دەست پێشخەر بۆ زێندووکردنەوەی بڕواو متمانەی جەماوەر ئنجا بە یەک قەوارەی یەکگرتوو لە ناو پەرلەماندا وەک حکومەتی سێبەرکاربکەن نەک وەک کوتلە و کوتلەبازی، بەڵام دوور لە بیرکردنەوەی تەسک و دوور لەتۆڵە سەندنەوەی کۆنەقین وە نابێت لە هەموو هەرێمەکەدا لە پۆستی باڵای حکومی و پارێزگاکاندا بەشدار بن دەبێت چاودێری لایەنی یەکەم بن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ووڵات. ئەو کات ئیشی ڕەش و سپی دەردەکەوێت بە باش و بە خراپ.

بەڵام بەم فەوزایەی ئێستا یەکمان نابێت بە دوو هەموتان خزمەت بەلایەنی سەرەکی دەکەن و هیچتان جیاوازتر نابێت لەوی تر بێجگە لە ڕەنگی ئاڵای حیزبەکانتان.

ئۆپۆزیسیۆنی بە هێزیش دەبێت دەست خۆشی لە کارە باشەکان بکات و توندیش بێت بەرامبەر کارە هەڵەکان.

بۆیە بوونی حکومەتی بەهێزو دیموکرات لە هەرووڵاتێکدا لەبەربوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینەو بەهێزە نەک لەبەر چاکەی حوکمی دەسەڵات دار.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif