ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، ده‌یه‌وێت ره‌وانه‌كردنى ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هه‌رێمى كوردستان بكاته كلیلى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ولێر، دوایین نامه‌ى فه‌رمى وه‌زاره‌تى دارایى بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، ره‌وانه‌كردنى هه‌ر مووچه‌یه‌كى دیكه‌ى په‌یوه‌ست كردووه به رێككه‌وتنه‌وه، رێككه‌وتنێك كه به‌غدا ٣٠ رۆژ ماوه‌ى بۆ دیاریكردووه، هه‌رێمیش په‌له‌یه‌تى و ناشیه‌وێت هه‌موو شت له‌و رێككه‌وتنه‌دا دابنێت.
دواى تێپه‌ڕاندنى سێ مانگى سه‌خت، حكومه‌تى هه‌رێم له نێوان چه‌ند بژارده‌یه‌كى كه‌مدایه، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نها بژارده‌یه كه وه‌ڵامى ئه‌م دۆخه داراییه خراپه‌ى بداته‌وه، له ئه‌گه‌رى رێكنه‌كه‌وتنیش حكومه‌تى هه‌رێم ناچار ده‌بێت پابه‌ندییه داراییه‌كانى به‌پێى ئه‌و پارانه رێك بخاته‌وه كه دێنه به‌رده‌ستى، ئه‌و پارانه‌ش به‌رێژه‌یه‌كى به‌رچاو دابه‌زیون و مایه‌ى دڵخۆشى ئه‌وتۆ نین.
گه‌ڕێكى دیكه‌ى دانوستان
سه‌ره‌ڕاى نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا له گه‌یشتن به سازان، به‌ڵام گەڕى دووه‌مى گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ كابینه‌كه‌ى كازمیى بۆ دواى جه‌ژن دواخران، دواخستنه‌كه له‌سه‌ر داواى به‌غدا بوو، پێده‌چێت هه‌رێمیش ئه‌مه‌ى پێ خراپ نه‌بێت، چونكه هه‌ردوولا به‌وردى چاودێڕى بازاڕى نه‌وت ده‌كه‌ن، هه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌و دابه‌زینێك كاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌وتى دانوستانه‌كان داده‌نێت.
فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له به‌غدا به په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند، شاندى هه‌رێم دواى جه‌ژن ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌غدا و گفتوگۆ درێژه پێده‌ده‌ن. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆى سه‌رپه‌رشتى شاندى كورد ده‌كات. حكومه‌تى هه‌رێم ره‌شنوسێكى بۆ رێككه‌وتن رێكخستووه‌و دوو بژارده له خۆده‌گرێت.
یه‌كه‌م؛ هەرێمی كوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی مەرزەكان رادەستی بەغداد دەكات، لە بەرامبەر ٦٠٠ ملیار دیناری بوودجەی مانگانە. ئەو بڕە نەوتەی دەمێنێتەوە و نیوەی داهاتی مەرزەكان و داهاتی ناوخۆ بۆ خەرجی وەزارەتەكان و كورتهێنانی بوودجە و دانەوەی قەرزەكان و خزمەتگوزاری و هەقدەستی كۆمپانیاكان بەكاردەهێنێت، بەغدادش بۆی هەیە چاودێری چۆنێتی خەرجكردنی بكات.
دووەم؛ هەرێم هەموو داهاتی نەوت و مەرزەكان رادەست بكات، بە مەرجێك بەغداد مووچە و بوودجەی هەرێم بدات و قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم بداتەوە و خۆی هەقدەستی كۆمپانیاكان بدات.
بەپێی زانیارییەكان بەغداد بژاردەی یەكەمی بەلاوە گونجاوترە، به‌ڵام مه‌رجى ئه‌وه‌ى هه‌یه ٦٠٠ ملیار دیناره‌كه كه‌متر بكرێته‌وه، به‌غدا ئه‌و بڕه به زۆر ده‌زانێت.
سازان یا ترازان
ئه‌گه‌ر له مانگى داهاتوو رێككه‌وتن روونه‌دات، هه‌رێمى كوردستان بۆ دابینكردنى مووچه‌و خه‌رجییه‌كانى رووبه‌ڕووى ئاڵنگارى زۆر ده‌بێته‌وه، داهاتى نه‌وت مانگى پێشوو نزیكه‌ى ٦٥ ملیۆن دۆلاری گه‌ڕایه‌وه بۆ وه‌زاره‌تى دارایى، مه‌زه‌نده ده‌كرێت بۆ ئه‌م مانگه به‌هۆى هه‌ندێك به‌رزبوونه‌وه‌وه، بگاته ١٠٠ ملیۆن دۆلار، داهاتى ناوخۆ له ٣٠٠ ملیار دینارى مانگانه‌وه بۆ ١٢٠ بۆ ١٥٠ ملیار كه‌میكردووه‌ته، هاوكارى هاوپه‌یمانانیش نزیكه‌ى ٢٠ ملیۆن دۆلارێكه.
به‌هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌وه هه‌رێمى كوردستان نزیك به ٣٠٠ ملیارێكى بۆ كۆده‌بێته‌وه بۆ مووچه، له‌كاتێكدا ئێستا نزیكه‌ى ٩٠٠ ملیاری پێویستە بۆ دابینکردنی مووچە، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌خێرایى یاساى چاكسازیش جێبه‌جێبكرێت، له باشترین حاڵه‌ت مووچە له‌نێوان ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ ملیارى مانگانه‌ى ده‌وێت، به بۆچوونى ئه‌وانه‌ى چاودێرى دۆخه‌كه‌ن، ئه‌سته‌مه به‌زوویى ئه‌مه بكرێت، بۆیه هه‌رێم جگه له رێككه‌وتن بژارده‌ى دیكه‌ى گونجاوى نییه بۆ ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا‌و ئاو بازاڕه‌ى نه‌وت كه هه‌یه‌تى.
پێده‌چێت نزیكبوونه‌وه‌كانى هه‌ردوولاو ناچاریى حكومه‌تى هه‌رێم و خواستى زۆرى به‌غدا بۆ كۆنتڕۆڵكردنى هه‌رێم، سازانێك له‌نێوان هه‌ردوولا دروست بكات، ئه‌گه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت هه‌ردوولایه‌ن لێك دوورنه‌خاته‌وه‌و گرێ سیاسییه‌كانى ده‌ورووبه‌رو ناوخۆى عێراق ده‌رگاى رێككه‌وتن نه‌به‌ستێت.
جه‌ژنانه‌كه‌ى به‌غدا
ئه‌گه‌رچى بڕیارى راگرتنى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان له ١٦ى نیسانى رابردوو، پێچه‌وانه‌ى یاساى بوودجه‌و به‌كارهێنانى كارتى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان بوو له ململانێ سیاسییه‌كاندا، به‌ڵام بڕیارى ناردى ٤٠٠ ملیار له‌لایه‌ن كابینه‌كه‌ى كازمییه‌وه‌و پێده‌چێت گرێى یه‌كه‌م بكاته‌وه بۆ رێككه‌وتن، پێشتریش شاندى هه‌رێم گو‌تیان بۆ پیشاندانى نیاز پاكى له‌لایه‌ن به‌غداوه، داوایانكردووه تا رێككه‌وتن مووچه رانه‌گیرێت.
به‌غدا نیه‌ت باشییه‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى سنووردار پیشانداوه، كاتى پێویستى بۆ رێككه‌وتن به ٣٠ رۆژ دیاریكردووه‌و ته‌نها ئاماده‌ى ناردنى یه‌ك مووچه‌یه. سه‌ره‌ى هه‌رێمى كوردستانه له‌دواى جه‌ژن ئه‌وه‌ى بۆ رێككه‌وتن له هه‌گبه‌یدا به‌یانى بكات.
حه‌سه‌ن ئاڵی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی بۆ په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت:"بڕیاری ناردنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ پیشاندانی نیه‌ت پاكی به‌غدایه، نه‌ك پشكی راسته‌قینه‌ی هه‌رێم، چونكه پشكی هه‌رێم به‌پێی رێككه‌وتنی پێشوو ٤٥٣ ملیار دیناره".
ئاڵی پێیوایه، ئه‌مجاره حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداد جددین له چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و هه‌ردوولا نیه‌تیان پاكه، له رابردوودا متمانه له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد نه‌ماوه ده‌بێت له‌سه‌ره‌تادا ئه‌و متمانه‌یه دروست بكرێته‌وه، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی كاری باش و سه‌ردان و گفتوگۆوه.
ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌هه‌مان شێوه‌ى راى وایه، ره‌وانه‌كردنى ئه‌و ٤٠٠ملیار دیناره ته‌نها بۆ پیشاندانى نیه‌ت باشییه‌و به‌پێویستى ده‌زانێت، هه‌رێمى كوردستان سوود له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه ببینێت.
حاجى ره‌شید ده‌ڵێت:"ئه‌مه جۆرێكه له نیاز پاكی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان، چونكه له چه‌ند لایه‌نێكه‌وه به به‌ڕێز كازمی وتراوه له‌وانه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێیان وتووه و پێشنیاریان بۆ كردووه هه‌رێمی كوردستان دۆخی خراپه پێویسته عیراق هاوكاری بكات". ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێى وایه ئه‌گه‌ر مانگى داهاتوو هیچ پاره‌یه‌ك نه‌هات ماناى وایه هیچ متمانه‌یه‌ك نه‌ماوه.
جارێ دیارنییه ٤٠٠ ملیاره‌كه ده‌رگاى كڵۆمدراوى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كاته‌وه یاخود ئه‌م دوو كابینه نوێیه‌ى حكومه‌ت، ده‌بنه میراتگرى راسته‌قینه‌ى كێشه سیاسییه‌كان و سه‌رده‌مێكى دیكه‌ی ململانێ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام دۆخى خراپى دارایى هه‌ردوو حكومه‌ت خه‌ریكه به یه‌كجاریى هه‌ردوولا لێك نزیك ده‌كاته‌وه، به تایبه‌ت عێراقیش له‌ژێر فشارى ئه‌مریكایە بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له كڕینى كاره‌باو غازى ئێران، به‌م دواییانه بۆ چارەسەری کێشەی غاز له ده‌رگاى هه‌رێمی دا.
و/ پەیسەرپرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق