حكومەتی هەرێم: نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال بۆشایی ئەمنی دروستكردووە

ليست هناك تعليقات

كوردپلات
-

28ی نیسانی ئه‌مساڵ كۆمیسیونی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئایینییەكان (USCIRF) لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەبارەی رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان لە ساڵی 2019 بڵاوكردەوە، لەم راپۆرتەدا تیشك خراوەتە سەر چەند وڵاتێك كە پێشێلكاریی ئایینییان تێدا ئەنجامدراوە، هەروەها ئەو وڵاتانەش دیاری كراون كە لەم رووەوە پێشكەوتنیان بەدەستهێناوە.

دیندار زێباری،رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ئاماژەی بە راپۆرتی كۆمیسیۆنی ناوبراو كرد و وتی: "لە پەیوەندیداین لەگەڵ كۆمیسۆنی ناوبرا و هەر تێبینی و سەرنجێكیان هەبێت لەم رووەوە بە بەڵگە و داتا روونكردنەوەی حكومەتی هەرێممان لە بارەی ئازادییە ئایینییەكان خستۆتەڕوو، ئێمە پێشوازی لە راپۆرتەكە دەكەین سەبارەت بە رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان، كە تێیدا ئاماژەی بە رۆڵی حكومەتی هەرێم كردووە لە پێشوازی كردن و حەواندنەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كە بەشی هەرە زۆریان لە پێكهاتە ئایینیەكان بوون و هەرێمییان بە نەوایەكی ئارام و نموونەیی زانیوە كە تیێدا بتوانن بە ئازادی ژیان بەسەر بەرن".

ئەوەشی روون كردەوە: راپۆرتەكە تیشك دەخاتە سەر بوونی چەند هێزێك لە ناوچە جێناكۆكەكان، دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان نەیاتتوانیوە بگەڕێنەوە، بۆ دووبارە دەست پێكردنەوەی ئاوەدانی شارەكە، چەندین جار داوامان كردووە كە پێویستە سیمای عەسكەرتاری لە ناوچەكە بنبڕ بكرێت و دام ودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكان بگەڕێنەوە بۆ دەست پێ كردنەوەی كارەكانیان و پێشكەش كردن خزمەتگوزاری پێویست بە خەڵكی ئەو شارە و دەورووبەری، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و دەست بە كارەكانی خۆیان بكەن.

زێباری ده‌شڵێت: نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال بۆتە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و ئیداری و کۆسپێکی گەورەی درووستکردووە لەبەردەم ئاوەدان کردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری هاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان وكاریگەرییەكی زۆری بەسەرهاووڵاتییانی شنگال هەیە لە هەمان كاتدا هۆكارێكە بۆ نەگەڕانەوەی زۆربەی ئێزیدییەكان بۆ سەر زێدی خۆیان.

سەبارەت بە رزگاركردنی رفێندراوەكانی دەست داعش رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: نووسینگەی تایبەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو لیژنەی دامەزراندووە بۆ رزگاركردنی ئێزدییە رفێندراوەكان و لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، كارەكانی ئەم دوو لیژنەیە بەردەوامە و لەم رووەوە هەزاران رفێندراو ئازادكراون، لەلایەكی دیكەوە بە سەدان دۆسییە ئامادە كراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كۆمەڵكوژیی ئیزدییەكان.

ئەوەشی خسته‌ڕوو، بەهەوڵ و كۆششەكانی حكوومەت تاكو رۆژی 16/2/2020 ژمارەیەكی زۆریان رزگار كران، بەم شێوەیە: (3530) كەس لەوانە (1199) ئافرەت و (339) پیاو، (1041) منداڵ كچ و (951) منداڵی كوڕ، لەلایەكی دیكەوە لە دوای ئازاد كردنی ئەو ناوچانە لە دەست تیرۆریستانی داعش (٧١) گۆڕی بەكۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاك لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە، كە لە دەست داعش رزگار كراون كە بەشی هەرەزۆری قوربانییەكانی كوردانی ئێزدی بوون.

كۆمیسیونی ئازادییە ئایینییەكان لە وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا (USCIRF) كۆمسیۆنێكی سەربەخۆیە لەلایەن كۆنگریسی ئەمریكا دامەزراوە، بەمەبەستی دەستنیشان كردن و شیكردنەوەی هەر هەڕەشەیەك كە لە دەرەوەی ئەمریكا لەسەر پێكهاتە ئایینییەكان هەبێت، ساڵانە راپۆرتێک پێشکەش دەکات و تێیدا راسپاردەكانی بەرز دەكاتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست و رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە چەوسانەوەیەكی ئایینی بە مەبەستی پتەوكردنی ئازادیی بیروباوەڕی ئایینی لە جیهان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif