عوسمان گوڵپی
-
شەوی ڕابردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كردو لە وتارەكەیدا بەڕاشكاوی كۆمەڵێ قسەی كرد، خۆی نەدا لە قسەی ناڕوون و پێچ و پەنا، ئەو هەوڵیدا بە خەڵك بڵێت من دەمەوێ ڕوون و ڕەوان لەگەڵ خەڵكدا بدوێم و ئەمە دۆخی ئێستای حكومەتە و لە مەسەلەی چاكسازیشدا جدیم، وە بەڕوونی دانی نا بەوەی كە لاری و چەوتی زۆر هەیە، وە نەیشاردەوە قەبارەی لاریەكان ئەوەندە گەورەن كە ئاسان ڕاست نابنەوە، ئەوەشی وت كە ئەم حكومەتە هیچ یەدەكێكی نیە و ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە یانی ئەو هاتۆتە سەر سندوقێكی خاڵی و قەرزار، وە لە وتارەكەیدا شكستی سیاسەتی نەوت و پشتبەستن بە نەوتی وەك تاكە سەرچاوەی دارایی ڕاگەیاند، ئەمانە هموی خاڵی ڕوون و ڕاشكاوی وتارەكەی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم بون، ئەمانە ئەو قسانە بوون كە كە لە ڕابردوودا لە زاری خۆیانەوە بەو ڕوونیە نەكراون و دەبوو بكرێن.
قسەی من لەسەر ئەوە نیە و زۆرمان وتوە بۆ گەشتە ئێرە و چی وایكردو كێ بەرپرسە و بۆ قەرزارین، هەموان دەزانین بەرپرسیاری یەكەم پارتی و یەكیەتین، ئەوان حاكمی موتڵەقی ئەم وڵاتە بوون و هەن، پاشان هێزە بەشداربوەكانی كابینەكان همویان بە پێی پشكداری و بەشداربونیان.
یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە كە متمانە لە نێوان خەڵك و حكومەتدا لە خاڵی ژێر سفردایە، قسەكان جەن جوانبن و هەوڵەكان چەند نیەتێكی باش لە پشتیانبێت، هێشتا خەڵك باوڕ ناكات و پێی وایە هەمان قەوانە كۆنەكانە و بە ئاوازێكی نوێ بۆی لێ دەدرێنەوە.
هەموان دەزانین ئەوەی ئێستا هەیە، بەرهەمی حاكم بوونی حیزبە بەسەر حكومڕانی و ئیدارە و دامەزراوەوە، بەرهەمی نەبوونی لێپرسینەوەیە، بەرهەمی گەندەڵی بەرپرسانی باڵاو پاشان خوارترە، بەرهەمی نا عەدالەتیە لە دابەشكردنی سامانی وڵات و نادڵسۆزیە لە ئیدارەدانیدا، ئەوەی هەیە بەرهەمی هەموو ئەوانەیە كە نەیان توانی متمانە لە نێوان خەڵك و حكومەتا دروست بكەن، بەرهەمی بەڵێشاو دامەزراندن و بندیواری بارگرانی فراوانە.
وتارەكەی سەرۆكی حكومەت دڵخۆشكەر و هیوا بەخش نەبوو، بەڵام من پێم باشترە لە وتاری هیوابەخشی ساختە، ئەوەی ماوە ئیتر قسە و وتار نیە بەڵكو چاوەڕوانی خەڵكە بۆ ئەوەی ئایا ئەم حكومەتە تاچەند دەیەوێ چاكسازی بكات، لە چیا چاكسازی دەكات، ئەویش جاكسازی ڕووكەشی خەڵەتێنەری دەوێت یان دەست دەبات بۆ ئەسڵی مەسەلەكە كە ئەم وڵاتەی گیرۆدە كردوە، هەرچەند لە وتارەكەیدا سەرۆكی حكومەت وای نیشاندا ئەسڵی چاكسازی بە ئامانج گرتوە، بڵام ئایا ئەم سەرۆك وەزیرانە دەتوانێ كەس بداتە دادگا، لە كاتێكدا دادگا خۆی چاكسازی پێویستە، دەیەوێت تا كوێ شەفاف بێت؟ دەیەوێت چاكسازی بگەیەنێتە ئەوەی كە نزیكەكانی خۆی و پارتەكەیی زەرەر مەندبن؟ دەتوانێت جیاوازی نەكا لە نێوان بەرپرسێكی گەندەڵی پارتی و یەكیەتی؟ دەتوانێ سەرمایەی نایاسایی هیچ كەسێك بلۆك بكات و بگێڕێتەوە؟ خۆی و نزیكەكانی دوور دەخاتەوە لە زیانی چاكسازی یان نەخێر دەیەوێ چاكسازی ڕیشە یی بكات و باكیشی نیە بە هیچ ڕێگریەك، ئایا دەتوانێ ڕووبەڕووی ئەو لێشاوە حیزب و بەرپرسە بەرژەوەندی خوازە بێتەوە یان نا، كە بەڕای من خەڵك متمانەی بۆ بگەڕێتەوە دەتوانرێ لەشكری گەندەڵی ڕاماڵرێت و ئیرادەی چاكسازی سەرخات هەر چەند ڕێگریەكان گەورەبن و خوازیارانی شكست زۆربن، هەرچەند گەر لە ڕابردوودا ئاسان بووبێت ئێستا زۆر قورسە ، بەتایبەت لە ئێستادا كە دۆخی ئابوری جیهان و دۆخی عێراق ڕووی لە خراپیە و دەروازەكانی ئەو سەرمایە زۆرەی لە ڕابردوودا دەهاتنە هەرێم داخراون.
كۆمەڵێك هەنگاو گرنگە تا من و تۆیەكی ناڕازی باوەڕمان وابێ ئەم ڕوونیە و ئەو چاكسازیەی سەرۆكی حكومەت باسی كرد بەرهەمێكی دەبێت بۆ خەڵك، من متمانەم نیە و ئەم بێ متمانەییەش بە ٢٩ ساڵ دروست بوە و بە قسەش متمانەم بۆ ناگەڕێتەوە، دەبێت بەكردار ببینم و بەرهەمی چاكسازی و نیەت باشی خاوەن وتارەكان لە ماڵی خۆمان و لە گەڕەكەكەمان ڕەنگ بداتەوە، چونكە گەندەڵی و ئیدارەدانی خراپ وشكستی حكومڕانی ٢٩ ساڵ كاریگەری لەسەر ماڵ و گەڕەك و ژیانمان بوە، تابەرهەمی چاكسازی و حكومڕانیەكی باش لە دەرگای دڵ و ماڵ و كۆڵان و قوتابخانە و شەقامەكانمان نەدات، نەمتمانە دەگەڕێتەوە و نە ئەم وڵاتەش باش دەبێت
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق