سوهەیب فاروق
-
هەموو ئەوەی لە گینسدا تۆمار دەکرێت و دەبێتە بابەت، لەپێناو شتێکە لە دەرەوەی خۆیدا، واتە دەرەوە زاڵە بەسەر ناوەوەی شتەکە، بڕیارەکە، کارەکە .... دا هەر له یەکەم پرسیارەوە کە ڕووبەڕووی کردەکە دەکرێتەوە ئەوەیە کە دەڵێین بۆ وای کردووە؟ وەڵامەکەی: بۆ ئەوەی ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە، یانێ ڕێک لێرەوە کردەکە هیچ نییە گینسەکە شتە، ناوەکە هیچ نییە ناودەرکردنەکە شتە، جا لە کتێبی گینسدا کەمترینی ڕیکۆردەکان شتە جیددییەکانن زۆرینەیان کردەی سۆفیستین و بوونیان قەرەباڵغیێک درووست دەکات و نەبوونیان هیچ کەلێنێک چێ ناکات بۆ وێنە: درێژترین شوکولات و گەورەترین لەفە و زۆرترین خواردنی قالۆنجە و زۆرترین لێدانی بۆکس لە شتێک و زورترین لەبەرکردنی تیشێرت و باڵابەرزترین مرۆڤ و درێژترین نینۆک و سمێڵ و .... تاد
لێرەوە کردەکان خۆیان هیچ نین ئیدی هیچیش ناخەنەوە، ژمارەیەکن لەناو خۆیاندا نا، بۆ دەرەوەی خۆیان، لێره چییەتیی شتەکان ڕۆڵی نییە، چۆنێتیی شتەکان ڕۆڵی هەیە و چەندێتیی شتەکان، دووبارەبوونەوە ڕۆڵی هەیە، چەند جارێتیی شتەکان شتەکە دەکاتە شتێکی مانادار نەک خودی مانا لە شتەکاندا، شتەکان تا زیاتر شکڵی بن، مانادارترن، لێرەوە بەر زۆرێک لە هەوڵی ئێستا دەکەوین کە وا دەنوێنرێن جیددین و هەن واش دەبینرێن بوونیان لەناو خۆیاندایە، چوون چاوێکی جیددی نییە بیانبینێت، تاقیگەێک نییە بیانپشکنێت ئیتر وەک ساغ و ئەسڵی دەر دەکەون کە وەهاش نین، لێرەوە ژمارەکان وەک دانە شتن نەک وەک چییەتی گرنگە چەند کۆبوونەوەت کردووە، چەند فۆڵۆو و ڤیووت هەیە، چەند کتێب و نووسینت هەیە، چەند ستوون و گۆشە و نوێژ و وتار و گۆرانی و چەند و چەند و چەندت هەیە، گرنگ نییە ئەو چەندانە چین.
لێرەوە لە میدیادا بەر جۆرێک بەرنامەکە دەکەوین لەسەر حسابی ژمارە، گۆڤار، ڕۆژنامە ئەوەندەساڵە لەسەر یەک دەر دەچێت ئەی چی تیایە؟ چی دەڵێت؟ هیچ.. ڕێکخراوەکان زۆریی ژمارەیان کردنەوەی خولەکانیان، ژمارەی دەرچووانیان، ئەو خەڵاتانەی دەیانبەخشن لەسەر حیسابی چەندێتین، سیڤییەکانیانی پێ قەڵەو دەکەن، مەسافەی خۆیانیانی پێ فراوان دەکەن، ئەمە چونکە بۆ گینسەکەیە" ناوبانگ" گرنگ نییە چییە، ئەمە وەختێک دەچیتە ناو پیشە تایبەتەکانیشەوە دەبێتە ماهیەت، ئەزموونی بیست ساڵ مامۆستایەتی، کەبابخانە، دروومان، شیرینی، شۆفێری ... یان درێژەدان بە ناسناو" حەمەی شیرینی" بۆ وێنە ناوێکی خوازراوە کە لە چاو سیستمەکەدا به چاک ڕۆیشتووە تا کوڕاوکوڕی دەیلکێنن بە خۆیانەوە، [ئاسۆی حەمەی شیرینی، شکاری ئاسۆی حەمەی شیرینی، برای ئاسۆی حەمەی شیرینی] سەیر بکەن دنیای بازاڕ و ڕۆشنبیری و سیاسەت و ... تاد چەند پڕن لەم گینسانە، لەم درێژبوونەوانە و لەم ژمارانە، کوڕی فڵان کەسم، ناڵێت خۆم چیم.
درێژکردنەوەی گۆشە و بەرنامە و ستوون و ئەلبوومی گۆرانی و ژمارەکان لە کۆبوونەوە و کراس و بۆینباخ و بڕوانامە و هەموو ئەمانە بۆ گینسەکەن، نەک خودی شتەکە خۆی، ژمارەی ماڵ و مناڵ و ژن و حیمایە و هەموو ئەمانەش خاڵی ناو سیڤین مرۆڤ خۆی لە ڕێگەیانەوە بینراو دەکات.
مرۆڤی ئێستا وا دەزانێت گەر شتێ نەکات دەمرێت، نابینرێت، ناوی ناچێتە گینسەوە، ئێستە لە هەموو شوێنێک هەموو شتێک دەکەین، وەک ئەوەی دیکارت وتبێتی: [من دەبینرێم کەواتە من هەم] من ناوم لە گینسایه کەواتە من هەم، مرۆڤ دەکرێت لەوێوە ببینرێت، کە هیچی نییە بۆ وتن بۆ نووسین بۆ کردن، بۆ بینین، مرۆڤ دەکرێت بژی و نەشچووبێتە گینسەوە، مرۆڤ کە بوو، پێویستی بە گینس نییە بیکاتە هەبوو،
مرۆڤ کە هەبوو سیڤی ناوێت، سیڤی شتەکانی مرۆڤە، چەندێتییەکان و چۆنێتییەکانییەتی، چییەتی پیشاندان و ڕیزبەندی و نواندنی ناوێت، بەوەی کە هەیە نوێنراوە.
کتێبخانەکان پڕن لەو کتێبەخوێنراوانەی بۆ گینس خوێنراونەتەوە و بەس شوێنیان گرتووە، ئەرشیفەکان پڕن لەو بەرنامانەی بۆ گینس تۆمار کران، تەنیا ژمارەکانیان قەڵەو کردووە، مەکتەب سیاسی و مەکۆ مەڵبەندەکان و ڕێکخراوەکان لیپاولیپن لەو کۆبوونەوانەی کە تەنیا لە وێنەدا ماونەتەوە، زەمەن پڕە لەو ساڵانەی دەنگمان تیا دان و تەنیا ژمارە بوون و هیچ، مەکتەب و مزگەوتەکان پڕن لەو وتار و دەرسانەی کە بۆ درێژکردنەوەی سیڤی و گەورەیی ژمارەی پارە وتراونەتەوە، لێرە مرۆڤ دەنووسێت،دەڵێت، دەکات، دەخوات، تا سیڤییەکەی قەڵەو بکات، سەیرە مرۆڤ هەموو ژیانی بریتی بێت لە سیڤییەکەی، لێرە مرۆڤ دەژی تا سیڤی "ناو"ی هەبێت، سیڤی ژمارەیە، خاڵە، سیفەتە کۆکردنەوەیە، زۆرێکە دەکرێت بۆر بێت، لە سیڤیدا کەم ناخوێنرێتەوە چوون، ئەگەری پوختی "پوختبوون" هەیه، "کەم و پوخت، زۆر و بۆر" مرۆڤ خۆی دۆڕاندووە بە سیڤییەکەی، کۆیلەی سیڤییەکەیەتی، مرۆڤ لەژێر هێزی زۆری گینسەکەیدا"سیڤییەکە" ڕۆژانە بای لێ دەبێتەوە ئەوەنده زەخت لە خۆی دەکات، مرۆڤ ئەمە کوشتوویەتی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق