یەكیەتی جەخت لەسەر ڕێككەوتنەكەیان دەكاتەوە لەگەڵ پارتی

ليست هناك تعليقات
 هەواڵ
-
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت له‌سه‌ر پێویستی جێبه‌جێکردنی رێكکه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات

رۆژی شەممە 2-5-2020 مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 3-5-2020 بڵاوی کردووەتەوە جەختی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و پته‌وكردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان کردووەتەوە ئەوەش "لەپێناو هێنانه‌دی خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان".

ده‌قی راگه‌یێندراوەکە....

ئێواره‌ی دوێنێ‌ (2/5/2020) به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی ی.ن.ك ، مه‌كته‌بی سیاسی له‌ ده‌باشان ، له‌ شاری سلێمانی كۆبوه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ، كه‌ قوباد تاڵه‌بانی و تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربوون ، بارودۆخی سیاسی و باری گوزه‌ران و ژیانی هاوڵاتیان و پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و دۆخی ناله‌باری ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕاوه‌كان و مه‌ترسی سه‌رله‌نوێی داعش و كاروباری ناوخۆی حیزبی به‌ ووردی تاووتوێ‌ كران .

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا ، كۆبونه‌وه‌ وێڕای ده‌ست خۆشی له‌ هه‌وڵ و كۆششی وه‌فده‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان ، به‌ گرنگییه‌كی زۆره‌وه‌ له‌سه‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م پرسه‌ وه‌ستا، دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پاراستنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی له‌ ئێستادا به‌ ئه‌ركی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێم دانا و له‌و كاته‌ی سه‌رباری ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ی په‌تای كۆرۆنا بۆ هه‌مووانی دروستكردووه‌ ، نه‌بوونی و هه‌ژاریش به‌رۆكی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی گرتووه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا دێت به‌ره‌و خراپتریش ده‌ڕوات .

له‌ ته‌وه‌رێكی دیکەی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ، به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ سیستەمی لامه‌كه‌زی كرا و كۆبوونه‌وه‌كه‌ پێداگری كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی جێبه‌جێكردنی وه‌ك خۆی رێكه‌وتنی سیاسی نێوان ( ی.ن.ك وه‌ پ.د.ك) كه‌ له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆی حكومه‌ت جێگیر كراوه‌ و له‌ ئێستادا ، بووەته‌ داخوازییه‌كی جه‌ماوه‌ری و ئه‌نجوومه‌نه‌ هه‌ڵبژیراوه‌كان ، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی ئیداره‌ خۆجێیه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی په‌تای كۆرۆنا ، له‌ دونیا و له‌ هه‌رێمدا هێنایه‌كایه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی یه‌كێتی و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ، كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ ، له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و پته‌وكردنی هه‌رچی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی‌ به‌ ئاراسته‌ی یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی و هه‌ماهه‌نگی له‌ پێناو هێنانه‌دی خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و پاراستنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وه‌ك هه‌وێنی هه‌میشه‌یی یه‌كڕیزی نیشتمانی و وه‌ك ئه‌مانه‌تێكی سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ی یه‌كێتییه‌كاندایه‌ .

مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
3/5/2020

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif