یادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا
سبەی (١٩ی ئایار ٢٠٢٠) سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بیرمەند، مێژونوس، سیاسەتمەدار و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا دا تێئەپەڕێت. ئەم ئامادەنەبونە جەستەییە لە کاتێکدایە کە هێشتا کۆمەڵگەی کوردستان لە ژانی خەباتێکی بێوچاندایە بۆ دەستەبەرکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بونیادنانی حوکمڕانیەکی باش و کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران کە لە پەیام و ئامانجە سەرەکیەکانی سەرتاپای ژیانی سیاسی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بون.
جیاواز لە ساڵانی پێشو، ئەم ساڵ لە دۆخێکی نەخوازراودا ئەم یادە ئەکەینەوە. بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا شێوازی ژیانی ئاسایی دەستکاریکرد، کۆمەڵێک ئاڵنگاری سیاسی، ئابوری و دارایی و ژیاریی نوێی بۆ جیهان و ناوچەکە هێنا، هەرێمی کوردستانیش لە لێکەوتە نەرێنیەکانی بێبەش نەبوە. هەربۆیە لە ئێستادا، لە هەمو کات زیاتر، فکری سیاسی نەوشیروان مستەفا و دیدگاکانی بۆ دەربازبون لەم دۆخە دژوارە و ئیدارەدانی تەنگەژە و قەیرانەکان، پێویستیەکی هەنوکەییە.
لەماوەی ساڵانی رابردوداو تا کۆچی دوایی ناوادەی، نەوشیروان مستەفا بە کارنامە و ئاراستە سیاسیەکانی، نەخشەڕێگەیەکی دروست و واقعیانەی کاری سیاسی بۆ هاوڕێ و لایەنگران و کۆمەڵگای کوردی جێهێشتوە. ئەو لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆندا، بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە کاری بۆ بونیادنانی هێزی ناڕازی، مەدەنی و پەرلەمانی کرد و، بناغەیەکی بەهێزی دانا بۆ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی. لەململانێ سیاسیەکانیدا، دور لە رق و کینەو بە شەخسەنەکردنی کێشەکان، جەختی لەسەر سیستەم و عەدالەت و بەهێزکردنی دامەزراوەکان ئەکردەوە.
لە قۆناغی بەشداریکردنی لەدەسەڵات و حکومەتیشدا، وانەیەکی لە دوربینی سیاسی و گیانی بەرپرسیارێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی فێرکردین. ئەو لە بەشداری حکومەتدا، سەرباری پێدانی پۆستی گرنگ بە گۆڕان، ئامانجی سەرەکی چاکسازی راستەقینە بو، لەو پێناوەشدا، ئامادەبو باجی هەمو هەوڵێکی نایاسایی و نا سەردەمیانە بدات. هاوکات، لە رێکەوتنی لەگەڵ لایەنە سیاسیە بالادەستەکانی کوردستانیشدا، هەمیشە ئامانجی ئارامی سیاسی، خەمی خەڵک و چاکسازی گشتگیر بو. بۆیە ئازایانە و بێگوێدانە تانەوتەشەر لەو پێناوەدا، هەمو تواناو تەقەلای خۆی بۆ ئەم هەنگاوانە تەرخانکرد. لەرێکەوتنە سیاسیەکانیدا، دەیزانی عیبرەت لە جێبەجێکردندایە.
لەساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، بەرەی گەندەڵکاران هێشتا بەهێزن و خەمی برسێتی و ئازاری هاونیشتمانیان نیە. بێموچەیی، بێکاری، ناعەدالەتی و قۆرخکاری و بالادەستی حزب بەسەر دامەزراوەکانی حوکمەتەوە، لاشەی نیشتمانی وێرانکردوە. پێویستە هەنگاوەکان بۆ کۆتایی هێنان بەو دۆخە دژوارانە، خێراتر و گشتگیر تر بکرێن تا لە ئاست پێداویستیەکانی ئەم قۆناغە و چاوەڕوانی هاونیشتیمانیاندا بێت.
ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان، لەم یادەدا، سەرباری جەختکردنەوەمان لەسەر پابەندبونی تەواومان بەهەمو ئەو پرەنسیپ و هەوڵ و پلانانەی کە نەوشیروان مستەفا داڕێژەر و خەباتکاری بو، لەهەمانکاتدا دەمانەوێت پەیامێک بەروحی پڕ لە خەمخۆری و دڵسۆزی و بەرپرسیارێتی نەوشیروان مستەفاوە، ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان و هێزەکانی باڵادەستی کوردستان بکەین: بەرقەراری ئارامی و ئاسایش و پێکەوە ژیان و هاوچارەنوسی، تەنها بەوە دەبێت ئیرادەیەکی بەهێز و راستەقینەمان هەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و رێزگرتن لە دادگا. تەنها بەوە ئەبێت چەندە لەخەمی ژیان و بژێوی هاوڵاتیاندا ئەبین و چەندە ئەم دۆخە سەختە ئەقۆزینەوە بۆ هەنگاونانی ئازایانە بەئاراستەی چاکسازی، عەدالەت و سەروەری یاسا. گەر راستگۆیانە و پێکەوە دور لە رق و کینەو بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی کار بکەین، بەدڵنیایەوە دەتوانین خزمەتی زیاتری ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیان بکەین.
نەوشیروان مستەفا بۆ خەڵک ژیاو لەپێناوی چاکەی گشتی خەباتی کرد، ئەو لەهەمو قۆناغەکاندا لەبەرەی شەقام و گەلدا بو، ئەو هەر زو سەنگەری هەتاهەتایی خۆی دەستنیشانکرد. لەسەر ئەم ڕێچکە، لایەنگر و هەڵسوڕاوانی، بەهەمان ڕوح و ئیرادە و متمانەوە، کار دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانی و سیاسیەکانی بزوتنەوەکە لە پێناو بنیادنانی حوکمڕانیەکی تەندروست و بەهێزدا.
بزوتنەوەی گۆڕان
١٨ی ٥ی ٢٠٢
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق