خواوەند و مشایەخەکان نەبون بە مێژوو

ليست هناك تعليقات



پەیمان عیزەدین
-
خواوەند و مشایەخەکان نەبون بە مێژوو، لە نوێبونەوەدان 
-
هەموو ئاین و بیروباوەڕە جیاوازەکان پڕن لە پیرۆزی ، پیرۆزیەکان بە پێی قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤایەتی و ئاینەکان ، گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە . ئەوەی لە ئایین یا بیروباوەڕێکدا پیرۆز بووە و شایستەی پەرستن بووە .لە یەکێکی تردا مایەی گاڵتەجاڕی و بە کەم سەیرکردن بووە .

لە زۆر سەرەتاکاندا و لە بەشێک لە ئاینەکاندا، چەندین خواوەندی سەیر و سەمەرە، دەسەڵاتی گەورەیان هەبوەو ئەو دەسەڵاتانەش لای باوەڕمەندانیان جێی پێزانین و پەرستن بووە ، کە تا ئێستاش بونیان هەیە ،لە کاتێکدا کە بە تێپەڕبونی کات و گەشەکردنی بیری ئاینیی ،ئەو چەشنە لە پەرستن بووە کوفر و سومبولی دواکەوتویی و نەزانینی ئینسان .

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامدا، بت پەرستی گۆڕا، بتەکان شکێنران، خوایەکی تەنیابووە جێی سوپاسگوزاری و پەرستن ، بەڵام تەنانەت ئەم ئاینە فراوان ونوێیەش ، نەیتوانی پەرستن کاڵ بکاتەوە ، هاوشانی خوا، هەر گروپ و کۆمەڵەیەی چەند کەسێکی پیرۆزیان بۆ خۆیان دروستکردەوە ، بتەکان لە کۆمەڵێ پەیکەری بێ ڕۆحەوە بونە کۆمەڵێک کەسایەتی ئاینی.

ڕەنگە نزیکترین نمونە لێمانەوە ،ئەو دەیان شێخ و مشایەخە بێت کە لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەیانبینین ، بەدڵنیاییەوە لە ناو زۆر لە نەتەوە جیاوازەکانی تریشدا هەن .

هیچ گومان نیە لەوەی کە ئەو شێخانە و لە ژیانی خۆیاندا کەسانی زانا و دانا بون بەبەراورد بە دەوروبەرەکەیان، هەر بە نمونە هەیانبوە خاوەنی ڕۆژژمێری خۆی بوە بۆ دەستنیشانکردنی وەرزەکانی ساڵ و کاتی پەڵە دان و چەندین زانیاری تر، هەروەک چۆن گومان نیە لە هەوڵەکانیان بۆ قسەی چاک و کرداری چاک لەناو کۆمەڵگاکەیاندا ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە نایانکاتە ئەفسانە و بەرزیانناکاتەوە بۆ پیرۆزی و پەرستن ، کە ئەمە بە ئاسانی و ئاشکرا ئەبینرێ ، نەوە و باوەڕمەندانی ئەو شەخسانە ،بە ر لە خوا داوای پاراستن و ڕزق و ڕۆزی لەوان ئەکەن ، داوای مناڵ و تایبەتتر مناڵی کوڕ لەوان ئەکەن ،نەخۆشەکانیان ئەبەنە مەرقەدەکانیان بۆ چاکبونەوە، دەیان ئەفسانەی جۆراوجۆریان بۆ ڕێکخراوە.

تا ئێرە ڕەنگە ئاسایی بێت، بیرکردنەوەی کورتی خەڵک و نزمی ئاستی هۆشیاری و ترس لە ژیان و مردن و هەموبابەتە ڕوحیەکانی تر هۆکارن لە پشت مانەوەی مەرقەدی مشایەخان و پاڕانەوە لێیان و پیرۆزکردنیان ، بەڵام کاتێک چەمکی پیرۆزی و پەرستن ئەپەڕێتەوە ناو سیاسەت و فیکر ، کاتێک سەرکردەیەکی سیاسی یا بیرمەندێک ،هەمان مامەڵەی خواوەند و مشایەخی لەگەڵ ئەکرێ ، کاتێک پیرۆزکردن و پەرستنەکان تەنیا لەناودا جیاوازیان ئەمێنێ، لەوێدا ئیتر مەودایەک بۆ بیرکردنەوە و گەشەکردن و تێپەڕاندنی کۆیلایەتی نامێنێ .

لەکۆی ئەو کۆمەڵگایانەی پەرستن بەشێک بوە لە بیروباوەڕ و هەڵسوکەوتەکانیان، ئەم چەمکە چۆتە ناو سیاسەت و ئیدارە وتەنانەت هونەریشیانەوە، بۆیە ئەبینین هیچ حیزبێکی سیاسی ناتوانێت دوای مردنی سەرۆکەکەی درێژە بە فیکری سیاسی و پلانی کاری بدات، هەموو بۆ مانەوەیان پێویستیان بە پیرۆزیەک و مەرقەدێکە .

ئەوەی مەرقەدی سەرۆک حیزبەکان لە مەرقەدی ئیمام و مشایەخەکان جیائەکاتەوە ،پەڕۆی سەوزە ،ئەگەر نا لە ناوەڕۆکدا هەمان مانای هەیە .

بە دڵنیاییەوە کەس ناتوانێ خەتی ڕاست و چەپ بەسەرخەبات و ڕابردو وقوربانیدانی ئەو سەرکردانەدا بێنێ، بەڵام نە مەرقەد و نە مەولود و نە زیکر و تەهلیلە هەڵە و کە متەرخەمیەکانیان ناسڕێتەوە .

پیرۆزی و پەرستن، ئەو دوو دەردە کوشندەیەن کە تا خۆمانی لێ ڕزگار نەکەین ، ناتوانین ڕاستی ببینین و بۆمان ناکرێ لە بازنەی داخراوی مشایەخی خۆمان بڕۆینە دەرەوە ، تا دێ ژمارە وجۆری بتەکان زیاد دەکەین و بە دڵی خۆمان دەسەڵاتیان بۆ دروست ئەکەین. 

جا ئەگەر لەناو تێگەیشتنی ئاینیدا، پپرۆزکردنی شەخس بیدعەیەکی شەرعی بێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە پیرۆزیەکانی ناو حیزبیش بیدعەی سیاسین ، کە ئامانج لێیان بەردەوامیدانە بە گێلکردن و یاریکردنە لەسەر وەتەری هەست و سۆزی پەیڕەوکەرانیان

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif