ئێران: ئامادەین بەبێ مەرج لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕ بە بەندکراوان بکەین

ليست هناك تعليقات

هەواڵ
-
ئێران ئامادەیی دەربڕی بەبێ مەرجی پێشینە لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆر بە بەندکراوان بکەن وئاماژە بەوەش دەکات کە بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە نێوەندگیریی هیچ وڵاتێک نییە.

عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران هەنگاوێکی گەورەی ئێرانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا نیشان دا، دوای ئەوەی لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ خراپترین ئاست دابەزین.

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "نیگەرانی تەندروستی و سەلامەتیی زیندانیانی ئێرانین. ئەمریکا لە سەلامەتیی بەندکراوانمان بەرپرسیارە کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە مەترسییان لەسەرە".

لە 2019دا هاوئاهەنگییەکی لەم جۆرە لە نێوان ئەمریکا و ئێران رووی دا کاتێک تاران ژیو وانگی رادەستی واشنتن کردەوە. ئەو خوێندکارە لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرابوو، ئەمریکاش مەسعوود سولەیمانیی رادەستی ئێران کردەوە کە ئەویش لێکۆڵەر بوو و بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران دەستگیرکرابوو.

ئەگەر ئەو ئاڵوگۆڕە سەر بگرێت، مایکڵ وایت، سەربازی خانەنشینکراوی دەریایی کە لە ساڵی 2018وە دەستگیر کراوە، بەربژێرە بۆ ئاڵوگۆڕەکە. لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا بەهۆی نەخۆشییەوە لە زیندان دەرچوو، بەڵام هەر لە ئێران دەستبەسەرە.

تاران و واشنتن ماوەیەکی کەم پاش شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979 پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوانیان پچڕا، ئەوەیش دوای ئەوەی ئێران 52 کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە تاران بۆ ماوەی 444 رۆژ بە بارمتە گرت. ئێستا سویسرا لە ئێران نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات.

دیار نییە ئێران چەند ئەمریکیی دەستبەسەر کردووە و لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر ئێرانییش لەلایەن ئەمریکاوە دەستبەسەرن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif