ململانێ

ليست هناك تعليقات


عومەر مەرگەیی

-

ململانێ بە شێوەیەکی گشتی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و حاڵەتێکی نا ئاسوودەیی و فشاری دەروونی یە کە لە دەرئەنجامی نەسازان و نەگونجانی دوو ویست و دوو ئیرادە یان زیاتر درووست دەبێت ... ململانێ ؛ ناکۆکی نێوان حەقیقەت یان خەیاڵە بۆ پێداویستیەکان و بەهاکان و بەرژەوەندییەکان.

ململانێ خۆی دەرهاویشتەی دید و ڕوئیا جیاوازەکانە لەسەر شێوازی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان و بڕ و شێوازی بەدیهێنانی ئامانجەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و نیشتمانی و تایبەتیەکانە ، کە لە نەسازان و نەگونجانی نێوان دوو لایەنی دوو کیان یان دووبەشی یەک کیان یان زیاتر درووست دەبێت .

ململانێی سیاسیش دەرهاویشتەی جیاوازی دیدەکانە لەسەر شێوازی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و بڕی کار و شێوازی بەدیهێنانی ئامانجەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکان و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانە ، زۆرجاریش بۆ خەسخەسەی دەسەڵات و دەستکەوتەکانە.

هەموو دەستەو قەوارەیەکی سیاسی مافی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی بە مەبەستی نوێبوونەوە و گەشەی قەوارەکە و بەدیهێنانی هەرچی زیاتری ئامانجەکان و پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکان ، کار بە ناکۆکیە سەرەکیەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بکات و ململانێیەکی سیاسی تەندرووست پیادەبکات هەم لەگەڵ خودی خۆی هەم لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی ئەو جوگرافیا سیاسیەی بۆتە چەقی بوون و کار و گەشەی .

سەرهەڵدانی کێبڕکێ و ململانێی سیاسی زیاتر ئەو کاتانە پەیدا دەبێت ، کاتێک کەسانێک وا دەبینن لەگەڵ بەشێک لە دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایانی قەوارە سیاسیەکەیان تێڕوانین و دیدی جیاوازیان هەیە لەمەڕ شێوازی ئیدارەی کاری سیاسی و بڕ و ئاست و شێوازی بەدیهێنانی دەستکەوتەکان و چەند و چۆنیی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکان و میکانیزمی خەرجکردنی دارایی و... تاد .

لەم حاڵەتەدا کەسانێک یان بەرەیەک وەک پێویستیەکی دۆخەکە بە ئامانجێکی ڕوون و پڕۆژە و پلانێکی دیراسەکراو هەوڵەکان چڕدەکەنەوە بو داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی گشتگیر بە ئامانجی بەدیهێنانی گۆڕانکاری و چاکسازی کاریگەر لەئیدارەی گشتی و هەیکەلی دەسەڵاتی قەوارە سیاسیەکەیان و بە چەندین ڕێباز و شێوازی میدیایی و کۆڕ و کۆبوونەوە و میتینگ و سیمینار و بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا وەک چەکێکی کاریگەری مامەڵەکردن بۆ دانانی کاریگەری لەسەر ئاراستە سیاسی و دەروونیەکانی بەرامبەر . لە ململانێی سیاسیدا بەهاکان ڕۆڵی کاریگەریان لەسەر شێوازی پیادەکردنی ململانێ و کێبڕکێ سیاسیەکەدا هەیە ، چونکە ئۆپشنی کۆتایی لایەنەکە دەخاتە بەردیدەی جەماوەر . ئەگەر دید و ڕوئیا ومەیلی مرۆڤ لەسەر جێگیرکردنی بەهاکان و پتەوی ستراکچەری سیاسی - کۆمەڵایەتی - فەرهەنگی - ئابووری ڕوون نەبوو ئەوا پەرش و بڵاوی و تێکەڵی لە ئیختیارەکانیدا دەردەکەوێت کە دواتر ناتوانێت بە شێوەیەکی تەندرووست ئاراستەی خەبات و ئامانجەکانی دیاری بکات ، تەنانەت توانستی ئاڕاستەکردنی ڕەفتارەکانی خۆیشی نامێنێ .

هەموو ئەو ململانێ و کێبڕکێ سیاسیانەی بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و قاییمکردنی ڕوکنەکانی هەر قەوارەیەکی سیاسی لەگەڵ قەوارەسیاسیەکانی بەرامبەر و تەنانەت لە ناوخۆی قەوارەکەش دەکرێت هەم یاسایی هەم ئاسایی هەم پیویستەکی گرنگی پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵاتیشن . بەڵام ئەگەر ململانێ و کێبڕکێ سیاسیەکەی کەسەکان یان ڕەوت و گرووپەکان سەریکرد بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی تایبەت و پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی ئەوا دەبێتە لەدەستدانی مۆڕاڵی سیاسی و نغرۆبوونێکی ئاشکرای هەلپەرستی ( opportunistic ) . هەلپەرستەکان دووڕووە سیاسیەکانن ، ئەوانەن لەپشتەوە جەنجەر دەوەشێنن ، ئەوانەن بە ئەکاونت و پەیجی ساختە و بێ دایک و باب و بەناوی نەناسراوەوە بەشێوەیەکی ئیسقاتی عەیب و عارەکانی خۆیان دەخەنە پاڵ خەڵک ، ئەوانەن هەموو جۆر و شێوازیکی میکیاڤیللی بەکاردێنن بۆ بەدیهێنانی مەرامە شەخسیەکانیان لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی . ئۆپۆرتۆنیستەکان هەوڵی وشیارانە دەدەن بۆ هەڵخەڵەتاندن و لەسەر دوو فیئەی حیزبی دەکەن ، ئەوانەی پێیان وایە بەئاگان بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان دەتوانن کاریگەریان لەسەر درووست بکەن ، فیئە ( دەستە) ی دووەمیش ئەوان بە گێلیان دەزانن و لایانوایە زوو هەڵدەخەڵەتێنرێن . خەسڵەت و شەقڵ و سیماتە قێزەونەکانی ئۆپۆرتۆنیستەکان زۆرن بەڵام گرنگترینیان کارکردنیانە بە تیۆری موئامەرە و بەدز ناساندن و دڕندەکردن و داماڵینی بەرامبەریانە لە هەموو سیفاتێکی ئینسانی ...تاد .

ئەم ڕەوتە بە حوکمی ماهیەتە ناجۆرەکەیان پێچەوانەی لۆژیک و دەرسەکانی ئەزموون بە پێناو ( وسیلە) هەمەچەشنی فێڵ و تەڵەدانان و نانەوەی ژاوە ژاو و درووستکردنی گومان هەوڵدەدەن بەرەی بەرامبەریان دڕدۆنگ بکەن ، واتە پیادەکردنی پرۆسەی تەبلیغ و تەرویج بە باشی بۆ خۆیان و بەپێچەوانەوە بۆ بەرامبەریان ، بەڵام ئەگەر لە مانگی یەکەمدا پرۆسەکەیان نەگەییشتە قۆناخی سێیەمی تەنزیمی ئاراستەی خەڵک و ئامانجەکانیان ، هێدی هێدی تووشی پەرتەوازەیی و شڵەژان دەبن کە هەوڵدەدەن ماوەیەکی دیکە بە مانۆڕی سیاسی و نیشاندانی بەرنامەی ساختە و درۆ پێش بەهەرەسەکەیان بگرن کە حەتمیە بەڵام زەرەر و زیانی بۆ ژینگە سیاسیەکە دەبێت ،

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif