ئەڵمانیا كۆمپانیایەكی ئۆتۆمبێل ناچاری قەرەبوو دەكات

ليست هناك تعليقات


دادگایەکی ئەڵمانیا کۆمپانیای ڤۆڵکسواگنی تایبەت بە ئۆتۆمبێل ناچاردەکات قەرەبووی خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی ئاشکرابووە فێڵی لە پێوەری خوێندنەوەی دەرچوونی گازە زیانبەخشەکاندا کردووە. ئەوەیش هەر زوو بەهای پشکەکانی ئەو کۆمپانیایەی بە رێژەی 0.5٪ دەبەزاند.

بڕیارەکە لەلایەن داداگای باڵای شارستانیی ئەڵمانیا دەرچووە، ئەوەیش پاش پێنج ساڵ لە لێکۆڵینەوە لەسەر دەیان هەزار تۆمەت کە رووبەڕووی ڤۆڵکسواگن کرابوونەوە. بە گوێرەی ئەو دادگایەی ئەڵمانیا هێشتا 60 هەزار کەیس لە دادگان و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەن. 

هەرچەندە ڤۆڵکسواگن بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا نەکرد کە بەپێی بڕیاری دادگا دەبێت بیداتە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام رایگەیاند، هەوڵدەدەن بەپەلە لەگەڵ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکاندا بگەنە رێککەوتن. 

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2015دا ڤۆڵکسواگن دانی بەوەدا نا بەشێک لە تاقیکردنەوەکان لە ئەمریکا دەیسەلمێنن بزوێنەری ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە دیزڵ کاردەکەن زیاتر لەو گازە زیانبەخشە دەردەکەن کە پێوەری ئۆتۆمبێلەکان دەیخوێنێتەوە، ئەوەیش زیانی 33 ملیار دۆلاری لە کۆمپانیاکە دا. دوای ئاشکرابوونیشی، ئەمریکا هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی قەدەخەکرد و داوای قەرەبووکردنەوەی لە کۆمپانیاکە کرد.

لە ئەوروپا سەرەڕای ئەوەی داوای قەرەبوو لە کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن نەکرا، بەڵام بەرپرسانی ئەوروپا فشاریان لە کۆمپانیاکە کرد نوێکاری لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکانی بکاتەوە و سزای فێڵکردنیان بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپاند. 

کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن لە ساڵی 1936 لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە دامەزراوە و ئێستا دوای تۆیۆتای ژاپۆنی دووەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە 75 جۆری تۆتۆمبێلی بەرهەمهێناوە. 

لە ساڵی 2019دا کۆمپانیاکە 11 ملیۆن ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە کە کۆی داهاتەکەی نزیکەی 28 ملیار دۆلار بووە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif