ساتی كەوتنەخوارەوەی فرۆكەكە دەگێڕێتەوە

ليست هناك تعليقات

رزگاربوویەکی فڕۆکە تێكشکاوەکەی پاکستان چیرۆکی ساتی کەوتنی فڕۆکەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێ "کە بە ئاسمانەوە بووین، زانیمان فڕۆکەکەمان تێکشدەشكێت، بۆیە هەموو سەرنشینان دەستیان بە هاوار و نزا و پاڕانەوە کرد".

محەممەد زوبێر یەکێک لەو دوو رزگاربووانەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە پاکستانییەکەیە کە 97 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا.

ئەو رزگاربووە ئاماژە بەوە دەکات، فڕۆکەکەیان هەر لە سەرەتاوە کێشەی هەبووە، فڕۆکەوانەکە دوو جار هەوڵیداوە بنیشێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە فڕۆکەکەی فڕاندووە، بەڵام دیارە لەگەڵ بەرکەوتنی بە زەوی گڕیگرتووە، دەشڵێ "لە ئاسمان بووین ئاگرم بینی، قایشم کردەوە و بە ئاراستەی کونێکەوە رۆیشتم کە رووناکیی لێ دەهاتە ژوورەوە".

بەرلەوەی فڕۆکەکە لە ناوچەیەکی پڕ لە دانیشتووان بکەوێتە خوارەوە، محەممەد لە بەرزایی 10 مەتر خۆی فڕێداوەتە خوارەوە و دەڵێ، خۆشحاڵە کە جارێکی دیکە چاوی بە خانەوادەکەی کەوتەوە و ئێستا ژیانێکی نوێی هەیە.

ئەو رزگاربووە لەو ساتەدا کە فڕۆکەکە رووی لە تێكشکان بووە کەسوکاری بیرکەوتووەتەوە و دەڵێ "هەموو خزم و کەسوکارم بیرکەوتەوە، گوتم تەواو، ئیدی ئەمە کۆتایی ژیانمە".

رۆژی هەینی 22-5-2020 فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی پاکستان، لە شاری کاراچی لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەخوارەوە.

تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە نەزانراوە، بەڵام حکومەتی پاکستان دەڵێ، ئاگر لە فڕۆکەکە کەوتووەتەوە و دواتر کۆنترۆڵی لەدەستداوە.

جگە لە زیانی گیانی، کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە بەلایەنی کەمەوە پێنج خانووی رووخاندووە و زیانی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە.

فڕۆکەکە لە شاری لاهوورەوە بەرەو کاراچی چووە، زۆربەی سەرنشینەکانی موسڵمان و دانیشتووی وڵاتەکەن، بەپێی راپۆرتەکان ویستوویانە بۆ جەژنی رەمەزان سەردانی کەسوکاریان بکەنەوە.

لەدوای رووداوەکەش، عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە توویتێکدا هاوخەمیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکە دەکات.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif