پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر، د. كاوه عه‌بدولكه‌ریم شێروانى، سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر.
ساڵانه ژماره‌یه‌كى زۆر له ده‌رچووانى ئاماده‌یى داواكارى پێشكه‌شده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتن له زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان، كه ئه‌مه له تواناى وه‌رگرتنى زانكۆكان نییه و زۆرجاریش كۆلێژ و په‌یمانگه‌كان زۆر له تواناى خۆیان زیاتر قوتابیان بۆ دێت و ناچارده‌بن وه‌ریانبگرن. ئه‌مساڵیش چاوه‌ڕوانده‌كرێت نزیكه‌ى 160 هه‌زار قوتابی له هه‌رێمى كوردستان تاقیكردنه‌وه‌ى به‌كالۆریاى پۆلى دوازده‌ى ئاماده‌یى ئه‌نجامبده‌ن.
ئه‌گه‌ر وادابنێین كه به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه نیوه‌ى ئه‌م ژماره‌یه له تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌رده‌چن، ئه‌وا نزیكه‌ى هه‌شتا هه‌زار قوتابى داواى وه‌رگرتن له زانكۆكان ده‌كه‌ن. له‌م وتاره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین وه‌ڵامى دوو پرسیار بده‌ینه‌وه.
یه‌كه‌م: ئایا زانكۆكان، به حكومى و تایبه‌ته‌وه، تواناى وه‌رگرتنى ئه‌م ژماره زۆره‌ى ده‌رچووانى ئاماده‌ییان هه‌یه؟
دووه‌م: ئایا پێویسته هه‌موو ده‌رچووان له زانكۆكان وه‌ربگیرێن؟
ئاشكرایه كه ئه‌سته‌مه زانكۆكان بتوانن ئه‌م هه‌موو ده‌رچووه وه‌ربگرن. چاوه‌ڕوانده‌كرێت زانكۆ حكومییه‌كان بۆ ئه‌مساڵ بتوانن نزیكه‌ى 45 هه‌زار قوتابى وه‌ربگرن و زانكۆ تایبه‌ته‌كانیش نزیكه‌ى 15 هه‌زار. كه‌واته تواناى وه‌رگرتنى گشت ده‌زگاكانى خوێندنى باڵا له هه‌رێمى كوردستان نزیكه‌ى 60 هه‌زار ده‌رچووى ئاماده‌یى ده‌بێت. ئه‌مه‌ش به زۆر له‌خۆكردن و بارگرانكردنى كۆلێژ و په‌یمانگه‌كان و به‌شه زانستییه‌كان. ئاشكراشه كه تا ژماره‌ى قوتابیان له ناو پۆل كه‌متربێت كوالیتى خوێندن باشتر ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، تا ژماره‌كه زیاتر بێت كوالیتى خوێندن داده‌به‌زێت و قوتابیان سوود له وانه‌كان نابینن و له كۆتاییشدا ده‌رچووى بێ‌توانا له زانكۆكان به‌رهه‌مدێن. هه‌ر بۆیه ده‌بینین زۆرجار له كۆڕ و كۆنفراسه‌كان و له به‌رنامه میدیاییه‌كاندا گله‌یى له دابه‌زینى ئاستى زانستى و تواناى كارى ده‌رچووانى زانكۆكان ده‌كرێت.
كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى گه‌نجه، واته ژماره‌ى گه‌نجانى زۆر له ژماره‌ى پیره‌كانى زیاتره. ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا و به‌شێك له وڵاتانى جیهانه كه تیایاندا ژماره‌ى پیره‌كان زۆر له ژماره‌ى گه‌نجان زیاتره. ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌م وڵاتانه خێزانه‌كان كه‌متر منداڵ ده‌نێنه‌وه و ئه‌گه‌ر منداڵیشیان هه‌بێت زۆربه‌ى هه‌ره زۆریان ته‌نها یه‌ك منداڵ ده‌نێنه‌وه و كه‌م خێزان هه‌یه دوو منداڵى هه‌بێت. جگه له‌مه له‌م وڵاتانه ده‌رچووانى ئاماده‌یى هه‌موویان داواى زانكۆ ناكه‌ن، به‌ڵكو زیاتر هه‌وڵده‌ده‌ن كارێك له كه‌رتى تایبه‌ت بدۆزنه‌وه و فێره پیشه‌یه‌ك بن و دواڕۆژى خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن ، هه‌روه‌ها زانكۆكانى ئه‌م وڵاتانه هه‌موو ده‌رچووان به‌خۆڕایى وه‌رناگرن، بۆیه بۆ خوێندنى زانكۆیى قوتابیان یان ده‌بێت پاره له بانك قه‌رز بكه‌ن یانیش دایك و باوكیان پاڵپشتیان بكه‌ن. بۆیه ده‌بینین زانكۆكانى ئه‌م وڵاتانه زۆر پاڵه‌په‌ستۆیان له‌سه‌ر نییه. بۆ نموونه ده‌بینین كلاسێكى نموونه‌یى و ستاندار له‌م وڵاتانه كه‌متر له 30 قوتابى له‌خۆده‌گرن، هه‌ر بۆیه ئاستى زانستیان به‌رزتره به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانى خۆرهه‌ڵات و وڵاتانى تازه پێگه‌یشتوو. له‌لاى خۆمان ده‌بینین له هه‌ندێ كلاسى خوێندنى زانكۆییدا ژماره‌ى قوتابیان له 60 قوتابى زیاتره، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر زۆرى ده‌رچووانى ئاماده‌یی و داواكارى وه‌رگرتن له زانكۆكان. كه له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆى دابه‌زینى ئاستى زانستى و پێگه‌یاندنى ده‌رچووى بێ‌توانا و كه‌م ئه‌زموون.
ئه‌گه‌ر تاووتوێى پرسیارى دووه‌م بكه‌ین، كه ئایا پێویسته ئه‌م ژماره زۆره‌ى ده‌رچووانى ئاماده‌یى له زانكۆكان وه‌ربگیرێن؟ یان ئایا هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌م هه‌موو ده‌رچووى زانكۆیه هه‌یه؟ لێره‌دا له ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان دوو بۆچوون هه‌یه. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه با لێبگه‌ڕێین زۆرترین ژماره‌ى خه‌ڵك ببن به ده‌رچووى كۆلێژ و په‌یمانگه‌كان و با خه‌ڵك بڕوانامه‌ى به‌رز به‌ده‌ستبێنن، چونكه ئه‌مه ده‌بێته هۆى زیاتر هۆشیاربوون و رۆشنبیربوونى ده‌رچووان. لایه‌نگرانى ئه‌م بۆچوونه، بۆ نموونه، پێیانوایه كه ئاساییه شوفێرێكى تا‌كسى خاوه‌نى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس بێت و كارى خۆشى بكات یان كرێكارێك خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دبلۆم بێت، ئه‌مه ده‌بێته هۆى دروستبوونى شوفێر و كرێكارى به‌توانا و زیره‌ك.
بۆچوونى دووه‌م ئه‌وه‌یه كه باش نییه هه‌موو ده‌رچووانى ئاماده‌ییه‌كان له زانكۆكان وه‌ربگیرێن. لایه‌نگرانى ئه‌م بۆچوونه پێیانوایه كه زۆربوونى هه‌ڵگرانى بڕوانامه‌ى به‌رز له دوولایه‌نه‌وه زه‌ره‌رى هه‌یه. له‌لایه‌كه‌وه زه‌ره‌ر له خوودى ده‌رچووه‌كه ده‌دات و له‌لایه‌كى تره‌وه زه‌ره‌ر له خێزانه‌كان و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌دات. كاتێك ئه‌م هه‌موو قوتابییه له زانكۆكان ده‌رده‌چن و ده‌بنه خاوه‌نى بڕوانامه‌ى زانكۆیى و كارێكى شیاویشیان ده‌ستناكه‌وێت كه له‌گه‌ڵ پسپۆڕییه‌كه‌ى خۆیان بگونجێت، ئه‌مه له رووى سایكۆلۆجیه‌وه كاریگه‌رییه‌كى خراپ ده‌كاته سه‌ر كه‌سه‌كه و تووشى كێشه‌ى ده‌روونى و نائاسووده‌یى ده‌كات. له‌لایه‌كى تریشه‌وه ده‌بێته بارگرانى بۆ كۆمه‌ڵگه و حكومه‌تیش، دایك و باوك و خێزانه‌كان چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌یان ده‌كرد ئه‌م قوتابییه كاتێك ده‌رده‌چێت یارمه‌تیان بدات و بارى دارایى سه‌رشانیان سووكتر بكات، به‌ڵام ده‌بینن وا نییه و به‌ڵكو پێچه‌وانه‌شه، ئه‌وان دووباره ده‌بێت ئه‌م ده‌رچووه به‌خێو بكه‌ن و یارمه‌تى بده‌ن. له‌لایه‌كى تریشه‌وه حكومه‌تیش تووشى به‌رپرسیارێتى دامه‌زراندن و دۆزینه‌وه‌ى كار ده‌بێت بۆ ئه‌م ژماره زۆره‌ى ده‌رچووانى زانكۆ.
كاتێك كه‌سێك بڕوانامه‌یه‌كى زانكۆیى به‌ده‌ست دێنێت، جا چ به‌كالۆریۆس بێت یان بڕوانامه‌ى باڵاى وه‌كو ماسته‌ر و دكتۆرا بێت، ئه‌و كه‌سه به هه‌موو كارێك رازى نابێت و ئاماده نییه هه‌موو كارێك بكات، به‌ڵكو زیاتر داواى كارى ئۆفیسى ده‌كات له كه‌رتى گشتى و حكومى. هه‌مووشمان ده‌زانین هیچ حكومه‌تێك ناتوانێت هه‌موو ده‌رچووانى زانكۆ دابمه‌زرێنێت، به‌تایبه‌تى له هه‌رێمى كوردستان كه ئێستا حكومه‌ت ژماره‌یه‌كى له راده‌به‌ده‌ر فه‌رمانبه‌رى هه‌یه و له پێویستى خۆى زیاتره و دابینكردنى مووچه بۆ ئه‌م هه‌موو فه‌رمانبه‌ره بارگرانییه‌كى زۆرى خستۆته سه‌ر بودجه‌ى گشتى. هه‌روه‌ها كه‌رتى تایبه‌تیش زیاتر پێویستى به كرێكار و به‌رده‌ست و هێزى بازوو و ته‌كنیكار هه‌یه نه‌ك خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌رز. بۆیه زۆرى ژماره‌ى ده‌رچووانى زانكۆ و خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌رز ده‌بێته كێشه و بۆ خوودى ده‌رچووان و بنه‌ماڵه‌كانیان و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌كى گشتى.
له كۆتاییدا، بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشانه، پێشنیازى ئه‌وه ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه له هه‌رێمى كوردستان زیاتر گرنگى به ئاماده‌ییه پیشه‌ییه‌كان و په‌یمانگه ته‌كنیكیه‌كان بدرێت و پێداویستییه‌كانیان بۆ دابینبكرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌لایه‌كه‌وه بتوانن ژماره‌یه‌كى زیاتر قوتابیان وه‌ربگرن و له‌لایه‌كى تریشه‌وه بتوانن خوێندنێكى ئاستبه‌رز پێشكه‌ش بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌رچووان فێرى كارى پیشه‌یی و ته‌كنیكى ببن و له كه‌رتى تایبه‌ت و له بازاڕى كار بتوانن كار بدۆزنه‌وه و چیتریش هه‌موویان داواى وه‌رگرتن له زانكۆ نه‌كه‌ن و زانكۆكانیش ئه‌م پاڵه‌په‌ستۆیه‌یان له‌سه‌ر نه‌بێت. له كۆتاییشدا زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى خه‌ڵك نه‌بنه خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌رزى بێكار.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق