هەندێكجار بیرۆكەی سادەو ساكار دەبێـتە داهێنانێكی سەرنج ڕاكێش، گەلەك جاریش دەبێتە هۆكاری ئاڵوگۆڕی گەورە لە ژیانی كەسەكاندا، خۆ ئەگەر بیرۆكەكە هی منداڵێكی ئاوارەی سادەو ساكار بێت و ئامانجەكەشی ڕوون و دیاربێت و بیەوێت لەو ڕێگەیەوە خەونێكی خۆشی منداڵانەی بەدی بهێنێت چەندەی تر سەرنج ڕاكێش دەبێت .
محەمەد منداڵێکی ئاوارەی یەمەنی یە، لە ئاسنی نەرم (تەل) چاویلکەیەک دروست دەکات و لەدوای ئەوەی لە مەزاد(فرۆشتن)ێکی ئەلیکترۆنیدا پەخشکرا، بووبە چیرۆکێکی سەرنجڕاكێشی مرۆیی و ئیلهام بەخش بۆ بەکابەرانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان.
محەمەد، ئەو منداڵە ئاوارەیەیە کە لەگەڵ خێزانەکەی بەهۆی جەنگی میلیشیا حوسییەکان لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٤ دا ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی یەمەن بووە. ئەو چاویلکەیەكی ئاسایی دروستی کردووە ، بەڵام لەبەر ئەوەی بە دەستوپەنجەیەکی منداڵانە دروستكراوە ، وایکردووە دەنگبداتەوە و زۆرترین نرخی بچێتە سەر.
عەبدوڵا جەرادی وێنەگری ڕۆژنامەوانی و بەڕەگەز یەمەنی، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨/٥/٢٠٢٠چاویلکەکەی محەمەدی لە تۆڕی ئەلیکترۆنی بۆ فرۆشتن بڵاوکردەوە و ئامانج لێی یارمەتیدانی محەمەد بوو تا لەڕێی پارەی چاویلکەکەوە بتوانێت جل و بەرگ و پێداویستییەکانی جەژن بکڕێت.
جەرادی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی "محەمەد بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بووە و ئەمڕۆ لەکاتی سەردانیکردنیدا بەنرخترین شتی خۆی کە چاویلکە دەستکردەکەی بوو لەلای هاوڕێکانی شانازی پێوەدەکرد، کردە دیاری ئێمە و لە بەرامبەردا دەیویست وێنەی بگرین."
هەروەها نوسیویەتی "بیرۆکەی فرۆشتنی چاویلکەکە بە ئامانجی یارمەتیدانی محەمەد و دوان لە هاوڕێکانییەتی تا بتوانن بە پارەی چاویلکەکە جل و بەرگی جەژن بکڕن."
لەدوای ٢٧ کاتژمێر لە بڵاوکردنەوەی چاویلکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایتەییەکاندا، نرخی فرۆشتنەکەی گەیشتە دوو ملیۆن و نیو ریالی یەمەنی کە دەکاتە ٤ هەزار دۆلاری ئەمریکی.
پرسیار ئەوەیە ئاخۆ دڵخۆش كردنی محەمەد و هاوڕێكانی لەم رۆژانەی جەژندا لە چ ئاستێكدا بێت كە بە جل و بەرگی منداڵانەوە دەربكەون و پڕ بە گەروویان پێبكەنن و نەهامەتیەكانی ئاوارەیی و كارەساتەكانی جەنگی وڵاتەكەیان بۆ ساتێكی كەمیش بێت لە بیر ببنەوە؟
و/پەیسەر
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق