شیعە و سوننە ١٧ ساڵە پێكەوە جەژنیان نەكردوە

ليست هناك تعليقات



سوننەی عێراق ئەمڕۆیان کردە جەژن، بەڵام شیعە سبەی جەژنیانە. 17 ساڵە سوننە و شیعەی عێراق پێکەوە جەژنیان نەکردووە. بەردەوام سوننە و شیعەكان كێشەیان لە دیاریكردنی بۆنەكانی وەك یەكەم و دوایین رۆژی رەمەزان و جەژنەكاندا هەیە و زۆر بە كەمی رووی داوە كە پێكەوە رەمەزان و جەژن بكەن.

سوننە و شیعە ھەر لایەنەیان بەپێی مەزھەبی خۆیان یەکەم رۆژی رەمەزان و چەژن دیاری دەکەن، ھەردوولایش ھاوڕان کە رۆژی چەژن بەرۆژووبوون رێگەپێنەدراوە، کەچی ھیچ کامیان ئامادەنین کار بە فەتوای ئەوەی دیکە بکات. 

شێخ ئەحمەد عەبدولخالق، گوتەبێژی ناوەندی فەتوای عێراقی-سوننی رایگەیاند، "باشتر وایە کە ئەم ئوممەتە لەسەر یەک را رێکبکەون، بەڵام شیعەش دەقی شەرعیی خۆیان ھەیە. ئەمەش دەکەوێتە سەر شانی ئەو کەسەی فەتوا دەدات و ئەو بەرپرسیارێتییە ھەڵدەگرێت. لەبارەی بەڕۆژووبوونی یەکەم رۆژی جەژنیشەوە ئاشکرایە کە پێغەمبەر رێگەی نەداوە رۆژانی چەژن بەرۆژوو بین". 

شیعەکان سەرەڕای پابەندبوونیان بە فەتوای مەرجەعیانەوە، نایشارنەوە کە رێکنەکەوتنی سوننە و شیعە لەسەر پرسە ئاینییەکان ھۆکارەکەی سیاسەتمەدارانی هەردوولان کە عێراقیان بەم رۆژە گەیاندووە.

مەھدی جابر، هاووڵاتییەکی شیعەیە و دەڵێت، "بێگومان سیاسییەکان ئەم جیاوازییەیان دروستکردووە، دووبەرەکی و تایفەچیتییان نایەوە و بەھۆی ئەم بابەتانەوە منداڵامان کوژران".

سەعد جاسم، هاووڵاتییەکی دیکەی شیعەیە و دەڵێت، "بەڵێ دوو جەژن ھەیە: ھی سوننەکان و ھی شیعەکان. ھۆکارەکەشی دواکەوتوویی و تێنەگەیشتنە. ھیچ کات یەکیش ناگرن یەکگرتن مەحاڵە".

ئەعزەمییە هێمای سوننەکانی بەغدایە، ئەم دۆخە لە سەردەمی حوکمی سەدامیشدا هەبووە، بەڵام شیعەکان بە نهێنی رۆژێک دوای سوننەکان جەژنیان دەکرد و زۆر جاریش لەژێر گوشاردا رۆژووی دوایین رۆژی رەمەزانیان پێدەشکێنرا.

عودەی ئەحمەد، هاووڵاتییەکی سوننەیە و باس لەوە دەکات، "ئەم پەرستشانە لاوەکین و راجیاییان تێدایە. ھەر مەزھەبەو گوێرایەڵی زاناکانی خۆیانن. ئەم بابەتە دووبەرەکی لەنێوانماندا دروست ناکات".

سوننەکان چوار مەزھەبیان ھەیە و بۆ بابەتە شەرعییەکان پشتیان پێدەبەستن. لەبەرامبەریشدا شیعەکان بۆ دەقە شەرعییەکانیان دەگەڕێنەوە سەر فەتواکانی 12 ئیمامەکەیان. 

لەدوای 2003ـوە ناکۆکییەکانی نێوان سوننە و شیعە گەیشتە ئاستێک دەستیان لە یەک نەدەپاراست و جاری واھەبووە تەنیا لەسەر ناوی عەلی و عومەر سەدان کەسیان کوشتووە. ھەرچەندە ئێستا وا خۆیان دەردەخەن کە دەیانەوێت ناکۆکیی نێوانیان وەلا بنێن، بەڵام ھەرگیز ناتوانن و ھەمیشە شیعەکان رۆژێک دوای سوننە بۆ رەمەزان و چەژن مانگیان لە ئاسمانی عێراق دەردەکەوێت.

و/پەیسەر پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif