سەرۆكی حكومەت پەیامێكی بڵاوكردەوە

ليست هناك تعليقات


ئەمڕۆ هەینی 29-5-2020 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی مەترسیی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم رۆژانەدا بەهۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

مەسروور بارزانی هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێت هەندێک لایەنی سیاسی، هەوڵی بە سیاسیکردنی هەوڵەکانی حکومەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەیان داوە "بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە".

هەروەها دەڵێت: "ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن."

لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، تەنیا دوێنێ پێنجشەممە 34 کەس لەو دوو پارێزگایە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە شەوی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، تائێستا 566 کەس لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. پێنج لەو تووشبووانە گیانیان لەدەستداوە و 409 تووشبووش چاکبوونەتەوە.

دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی:

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی مەترسیی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.

بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.

من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.

سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

2020/5/29


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif