پینەی تۆپی لاستیک بەرگەی شوتێکی دەگرت!

ليست هناك تعليقات


ڕەزوان یاڵانپێی
خوێندکاری دکتۆرای مێژوو
-
نەخۆشی کۆرۆنا زۆربەی وڵاتەکانی ئاسیا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکانی گرتەوە، لەوێ بە هەر هۆکارێک بێت خەڵکێکی زۆر ئالودەی نەخۆشیەکە بون، ژمارەیەکی زۆریش گیانیان لەدەستدا، تا ئێستاش خەڵکێکی زۆر بەو نەخۆشیەوە دەناڵێنن، دیاریش نیە کەی ئەم نەخۆشیە بنبڕ دەکرێت و کۆتایی دێت.

ئەوەی گرنگە لەو وڵاتانە بەڵێنی دەست پێکردنەوەی سەرجەم ڤیستیڤاڵ وچالاکیه جۆراوجۆرەکان دراوەتەوە، یەک لەو پایە گرنگانەی وڵات و کۆمەڵگە خوێندن و خوێندەواریە، کەبڕیار وایە لە مەودایەکی نزیکدا دەرگای عیلم و مەعریفەت بەڕوی فێرکاراندا بکرێتەوە.

بە پێچەوانەی وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پێشبڕکێی نێوان وەزیرو گزیرەکانە لە هەمبەر وتنی بەپەلەیەکی بەردەم مایکەکانی ڕاگەیاندندا، ئیتر ئەو پەلە پڕۆزەیە گرنگ نیە لە بەرژەوەندی و قازانجی خەڵکیدا بێت یا نا، لەم پێنج ڕۆژەی کۆتاییدا چارەنوسی خوێندکارانی پەروەردە و خوێندنی باڵا درایە دەست قەدەر و عیلم و مەعریفە و زانیاریان خستە چاڵێکی قوڵەوە.

ڕەگ داکوتانی پشوی زۆر و گرنگی نەدان بە خوێندن و فێرکردن وای کرد زۆر بە ئاسایی و سادەیی دەمی مامۆستا و دەرگای خانە فێرکردنەکان دابخەن، حکومەتی لۆکاڵی و ناوچەیی لە بیانویەک دەگەڕێ پینەو پەڕۆی گەندەڵیەکانی خۆی بکات.

باران ببارێ پشودەبێت، بەفر ببارێت پشو دەبێت، ڕەشەبا هەڵبکات پشو دەبێت، تەرزە ببارێت پشو دەبێت، زەمین لەرزە بێت پشو دەبێت، هەڵبژاردن بێت پشو دەبێت، ئاغایەک بمرێت پشو دەبێت، میرێک بمرێت پشو دەبێت، جەنگ بێت پشو دەبێت، پارە نەبێت دابەشی بکەن پشو دەبێت، ئاو نەبێت پشو دەبێت، کارەبا نەبێت پشو دەبێت، گەرم بێت پشو دەبێت، سارد بێت پشو دەبێت.....هتد

پشو و داخرانی ڕەسمی ئەم جارەی قوتابخانە و زانکۆکان پەیوەندی بە نەخۆشی کۆرۆناوە نیه، چونکە لە هەرێمی کوردستان هیچ کەس بە فیعلی بەو نەخۆشیە گیانی لەدەست نەداوە مەگەر نەخۆشیەکی دیکەی هەبوبێت، کەچی پشو ڕادەگەێنرێت، لە وڵاتی دیکە سەدها و هەزارەها خەڵک بەو نەخۆشیە مردون، لەبەرامبەردا بەڵێنی کردنەوەی دەرگای خوێندن و زانکۆکان دەدەن.

بۆ قسەی ڕاستەکە نەکرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ترسی لە بایکۆتی مامۆستایان و خۆپیشاندانی خەڵکیە، چونکە لێی سورە ناتوانێ موچەی کارمەندانی حکومی دابەش بکات و بەمەش تەقینەوەی جەماوەر نزیکە.

دەسەڵاتداران ئەمجاریش توانیان بە داخستنی دەمی مامۆستایان دو ڕۆژی تر پینە و پەڕۆی گەندەڵی خۆیان ببەنە سەر، ئەی دو ڕۆژی تر چی دەکات لە ناڵە و هەرای سەرجەم چینەکان؟ پێت وایە دەتوانیت لەبەردەم کەف و کوڵی جەماوەردا خۆت بگری؟ کارەکانی حکومەت وەک ئەو تۆپە لاستیک و چۆپلیسە دێتە بەرچاوم کە لە منداڵیدا لە ناو دڕک یاریمان پێ دەکرد و دڕکێکی پێدا دەچو و دەتەقیەوە، بەڵام بە لاستیکی تر و بەگەرم کردن پینەمان دەکرد و بەرگەی یەک شەق و شوتێکی تری نەدەگرتەوە و زو فس دەبویەوە و دەتەقیەوە.

لە داهاتودا ڕون دەبێتەوە کە کۆتایی هێنان بە خوێندنی ئەمساڵ لە سایەی سەری وەزیرەکان و حکومەت ئیفلیجەوە گەر یەک سودی هەبوبێت لەبەرامبەریشدا چەندەها زەرەر و ئافاتی هەیە.

((شۆڕشی چاکسازی و گۆڕانکاری پەروەردە کو وا دەبیتن)).

چەند تەنزێکیش:

- خوێندکاری یەکی بنەڕەتی ساڵێک دەرچو بێ ئەوەی بزانێت ۱+۱دەکاتە ۲.

- پارەی ئەو مامۆستایانە کێ دەیداتەوە کە پرسیاری کۆتایی ساڵیان پرێنت کرد!

- مامۆستا نابێ داوای موچە بکات چونکە لە مانگێ (سێ)وە دەوامی نەکردوە.

- هەندێ خوێندکار بە غەش (قۆپیە) نمرەکەی فول کردوە لە نمرەی ۲۰ ی وەرزی یەکەم، لە ریزبەندی ئەوایلەکاندا دەبێت.

- ئەی جل و بەرگی کڕدراوی خوێندکاران کێ لەبەریان بکات؟

- ئاگای لە خۆی نەبوە و تەخەروجیان پێ کرد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif