لە نان و ئازادییەوە بۆ نان و پەروەردە!

ليست هناك تعليقات

د.موئمین زەڵمی
-
له‌ ڕابردووی خه‌باتی شۆڕشگێڕیدا هه‌میشه‌ دروشمی سه‌ره‌كی نان و ئازادی بووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ زۆرینه‌ی شۆڕشه‌كاندا ئه‌م دوو به‌ها گرنگه‌ی ژیان به‌ نیشانه‌ی به‌رده‌وامی ژیانێكی شكۆمه‌ندی داده‌نران، به‌ڵام ئازادی به‌ده‌ست هات و نانیش به‌خشرا، كه‌چی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ به‌ پڕنه‌كراوه‌یی مایه‌وه‌ و وای كرد هه‌م ئازادییه‌كه‌ گرفتی تێبكه‌وێت و هه‌م نانه‌كه‌ش كه‌م بكات. بۆ تێگه‌شتنی زیاتر له‌و بۆشاییه‌ و پاش خوێندنه‌وه‌ی واقیعه‌كه‌، من به‌ په‌روه‌رده‌ پڕی ده‌كه‌مه‌وه‌ و له‌م وتاره‌شدا ئه‌و پرسه‌ زیاتر روون ده‌كه‌مه‌وه‌.

گرنگه‌ بڵێم كه‌ خه‌ڵك ئێسته‌ ماندووی سیاسه‌تی ناته‌ندروست و شه‌كه‌تی فتوای دووفاقی ئاینی ‌و پێوه‌ندی سه‌قه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و هه‌رچی ‌و په‌رچیبوونی رۆشنبیریی ‌و نامه‌عریفی ئه‌كادیما‌ و زانست ‌و ناعه‌داله‌تی تا سه‌رئێسكی كه‌سابه‌ت ‌و بازاڕه‌، رۆژبه‌ڕۆژیش ئه‌م شه‌كه‌تبوونه‌ په‌ره‌ ده‌سێنێت ‌و ماندووتر‌ و وه‌ڕه‌سترمان ده‌كات، ئێسته‌ به‌ ته‌نیشت خه‌مه‌ گه‌وره‌كان‌ و پیلانه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌، خه‌می گه‌وره‌ خه‌می ناوخۆییه‌، خه‌مێكی قووڵ‌ و درێژبووه‌وه‌ تا سه‌ر ئێسك ‌و پشتی میله‌ت.

سه‌رنج بده‌ن سیاسه‌تی ناته‌ندروست مانایه‌كی بۆ ئازادی تاك نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، ئه‌م ناته‌ندروستییه‌ بووه‌ته‌ مۆته‌كه‌ی گیانی ئازادی، هه‌مووانی كردووه‌ته‌ قوتابی ئه‌ودیوی ته‌لبه‌نده‌كه‌ و به‌ ستایلێكی ته‌واو كۆنه‌وه‌ خه‌ریكه‌ مۆدێرنترین جۆری كۆیلایه‌تی به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ نه‌ك هه‌ر پێویستی به‌ كۆت ‌و زنجیر نییه‌، به‌ڵكو به‌ پشتێنی كراوه‌شه‌وه‌ خه‌ریكی داڵده‌دانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌تی. ئاینیش دابه‌ش كراوه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌‌ و تاقم ‌و ده‌سته‌ جیاوازه‌كاندا، فه‌توا وه‌ك ته‌رزه‌ به‌سه‌ر كوردستاندا داده‌بارێ، فتوای دوور‌ و نزیك، ئاسان ‌و ره‌ق، توندڕه‌و‌ و شلڕه‌و، قورسترین شته‌كان حه‌ڵاڵ ده‌كرێن‌ و ئاسانترین شته‌كانیش حه‌رام، مانای ئاین له‌ بنچینه‌كه‌ی خۆی شێواوه‌ ‌و راست نابێته‌وه‌، ئاینداری ئێسته‌ له‌ جیاتی ئازادكردنی به‌نده‌كانی خوا، بووه‌ته‌ قۆرخكار‌ و پێچه‌وانه‌ی گوته‌ ناسراوه‌كه‌ی خه‌لیفه‌ عومه‌ر "بۆچی ده‌تانه‌وێ خه‌ڵك بكه‌نه‌ به‌نده‌ له‌ كاتێكدا به‌ ئازادی له‌دایكبوون". مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌قه‌كانی ئاین‌ و ئاینزاكانه‌وه‌ ده‌كرێت، چالاكییه‌ رۆشنبیرییه‌كان سه‌راوژوور بوونه‌ته‌وه‌‌ و میدیا بووه‌ته‌ ئاراسته‌كراوی بێ ئامانج ‌و میدیای زه‌رد له‌ كوردستاندا كاڵ بووه‌ته‌وه‌، زانست ‌و ئه‌كادیمیا له‌ فۆڕمێكی قۆرخكراودا چه‌قیوه‌، بازاڕگه‌ری‌ و كه‌سابه‌ت به‌ته‌واوه‌تی خه‌ریكی گوشینی قوڕگی خه‌ڵكه‌‌.

ئه‌مه‌ دۆخیی نان و ئازادی بێت، ئیتر ئێمه‌ چاوڕێی چی بین، ئه‌ركی دڵسۆزان ئێسته‌ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌‌و چاوه‌ڕانییه‌یه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی مانای راسته‌قینه‌ بۆ چه‌مكه‌كان ‌و رواندنه‌وه‌ی گیاكان له‌سه‌ر بنجی خۆیان.

شه‌ڕمان بۆ نان كرد، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ده‌بێ بپرسین، ئێمه‌ كه‌ی فێر ده‌بین، چیمان پێویسته‌، ده‌توانین چی بكه‌ین،  چۆن تێده‌گه‌ین كه‌ ڕۆڵمان چییه‌ له‌م ژیانه‌دا. ئه‌م هه‌موو هه‌ژاری و برسیه‌تی و قه‌رزارییه‌ ده‌بینین و وه‌ك بڵێی نه‌ بامان دیوه‌ نه‌ باران، خه‌ریكی خۆمان و خێزان و سفره‌كانی ئێواره‌مانین، خه‌ریكین تامێكی تر و ڕه‌نگێكی تر و بۆنێكی تر بۆ خوانی ئێواره‌ زیاد ده‌كه‌ین و هه‌ست به‌ بێ ڕه‌نگی و بێ تامی و بێ بۆنی ئه‌و هه‌موو سفره‌ سارد و سڕه‌ ناكه‌ین. ئێمه‌ چ كائینێكین كه‌ خۆمان له‌ بینینی هه‌ژاره‌كان ده‌دزینه‌وه‌ و چاو له‌ ئاستی هه‌ژاره‌كاندا داده‌خه‌ین، ده‌زانی زۆربه‌مان نامانه‌وێ هاوار و بانگه‌وازی قه‌رزارێك و نه‌خۆشێك و بێنه‌وایه‌كیش ببیستین، كۆنترۆڵی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ش ده‌گۆڕین كاتێك ده‌چێته‌ سه‌ر لێدوانی هه‌ژارێك كه‌ زبڵدانێكی ئاوه‌دانیشی ده‌ست ناكه‌وێ به‌شی ئه‌مڕۆ خواردنی به‌رماوه‌ی ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێكی تێدا كۆ بكاته‌وه‌!

كه‌ باسی ئازادیش ده‌كه‌ین، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ئازادی ده‌بێت ته‌فسیرێكی رژد ‌و ته‌وزیفێكی واقیعی وه‌ربگرێته‌وه‌، هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه‌ بكرێنه‌وه‌ ‌و سیاسه‌ت‌ و ئایدۆلۆجیا‌ و مه‌عریفه‌‌ و رۆشنبیری ‌و بازاڕ بخرێنه‌وه‌ خزمه‌تی تاك ‌و تاكه‌ پیرۆزی هه‌ر ده‌بێ مرۆڤ خۆی بێت ‌و هه‌موو ئازادییه‌كان به‌ رووی تاك خۆیشیدا بكرێنه‌وه‌. ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئازادییه‌كه‌ ئازادی خۆی بێت، ئاخر مرۆڤ كائینه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌ ‌و مێشكیشی له‌ هه‌موو قۆرته‌كان ‌و رێگرییه‌كان گه‌وره‌تره‌، له‌ حزب ‌و سیاسه‌تیش گه‌وره‌تره‌.

پاش سه‌رنجدان له‌ ڕابردوو، جارێكی تر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر بۆشاییه‌ گه‌وره‌كه‌، ئه‌و بۆشاییه‌ی رۆژ دوای رۆژ زیاتر ماندوویه‌تی و وه‌ڕسی و نائومێدی بڵاو ده‌كاته‌وه‌، بۆشاییه‌كه‌ش په‌روه‌رده‌یه‌، ئێمه‌ پێویسته‌ دروشمی (نان و ئازادی) بگوازینه‌وه‌ بۆ (نان و په‌روه‌رده‌).

چونكه‌ هه‌ر ئه‌و ئازادییه‌ی شه‌ڕمان بۆ ده‌كرد، ئێسته‌ به‌ ناحاڵیبوون بووه‌ته‌ مۆته‌كه‌ی گیانی په‌روه‌رده‌كه‌ش، بۆیه‌ كاتێك باس له‌ سه‌قه‌تی، ناته‌واوی، ناته‌ندروستی و ناڕێكییه‌كانی سیستم و سیاسه‌تی په‌رروه‌رده‌ ده‌كه‌ین و ئیش و پڕۆژه‌ و خه‌ممان بۆ گێڕانه‌وه‌ی شكۆی په‌روه‌رده‌یه‌، دروست مه‌به‌ستمان ئه‌و شۆڕشه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ به‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵه‌ گه‌ورانه‌دا بكرێ، شۆڕشێك بێ له‌ بناغه‌وه‌ بنیاتی تاكه‌كان قوتابی، مامۆستا، به‌خێوكه‌ران، سیاسییه‌كان.. تاد بنێته‌وه‌، له‌ ڕه‌گه‌وه‌ سیستم بنووسێته‌وه‌، له‌ ئه‌لفه‌وه‌ پرۆگرام دابڕێژێته‌وه‌ و له‌ عه‌قڵه‌وه‌ سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌ بگۆڕێ، ئه‌مانه‌ مشتێكن له‌ پره‌نسیپه‌كانی شۆڕش، لێ هه‌رگیز نه‌ له‌ بیرمان كردووه‌ و نه‌ فه‌رامۆشمان كردووه‌ كه‌ خاڵیبوون، به‌تاڵیی، دڕودۆنگی و نوقسانی ڕۆحی په‌روه‌رده‌ لای تاكی مامۆستا كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ی ڕابردوو و ئێسته‌ی بارودۆخی په‌روه‌ده‌ی هه‌رێم بووه‌.

له‌ كۆتاشدا، تاكێك ده‌توانێ كۆمه‌ڵگه‌ بنیات بنێته‌وه‌ كه‌ هه‌م نانی هه‌بێت و هه‌م په‌روه‌رده‌، بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ په‌روه‌رده‌كردنی ته‌ندروست له‌ خێزان و گه‌ڕه‌ك و گوند و شاره‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروستمان پێشكه‌ش ده‌كات، من له‌ قورسایی و سه‌نگی ئازادی كه‌م ناكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ش بڵێم ئازادی زۆر شتی لێ كردینه‌وه‌، زۆر نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تی له‌ ژێر دروشمی ئازادیدا بوونه‌ به‌شمان، ئێسته‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌ په‌روه‌ده‌یه‌كه‌ چیتر نه‌هێڵێت ئازادی شكۆمه‌ندیی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیمان پایه‌ماڵ بكات.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif