ئایا خه‌ڵك بێده‌نگه‌ له‌ئاستی مافه‌كانی؟

ليست هناك تعليقات

سەلام عبدلكریم
-
له‌ 17ی شوباته‌وه‌ هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا خه‌ڵك له‌م حكومه‌ت‌و كابینه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌ بێباك‌و گه‌نده‌ڵانه‌ پڕ نه‌بووه‌، هه‌ر له‌راو روتی نه‌وت‌و تاڵانی داهاته‌وه‌ بیگره‌ تا كوشتنی ده‌نگی ئازاد‌و پاشاگه‌ردانی‌و نه‌بوونی دادگای سه‌ربه‌خۆ‌و بێ یاسایی.

ئه‌گه‌ر له‌رابردوودا داواكاری به‌شێكی زۆری خه‌ڵك گۆڕانكاریی سیاسی‌و چاكسازیی بوو بێت، ئیدی له‌سه‌رده‌می كۆرۆنا‌و قۆناغی دوای كه‌ره‌نتینه‌ی نێو ماڵه‌كان هاواری خه‌ڵك نان‌و بژێوییه‌تی، زانراویشه‌ هیچ شۆڕشێك هێنده‌ی شۆڕشی نان‌و برسییه‌كان كاریگه‌ر‌و مه‌ترسیدار نه‌بووه‌، حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات‌و مۆدێلێكی شكستخواردووی حكومڕانی له‌ژێر سایه‌ی تێزه‌ كرچ‌و كاڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌‌و ناسیۆنالیزمدا دوای 28 ساڵ له‌حكومڕانی نه‌یتوانیبێت لانیكه‌م ژیان‌و بژێوییه‌كی شایسته‌ بۆ هاوزمانانی ده‌سته‌به‌ر بكات

ده‌بێ ئیدی چاوه‌ڕێی چییان لێبكرێت؟ ده‌سه‌ڵاتێك به‌هه‌موو مانایه‌ك كه‌مته‌رخه‌م، شكستخواردوو، كۆمپانیای حزبی، بازرگانی سیاسیی دۆڕٍاو،...تاد. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌شدا ئۆپۆزیسیۆنێك هه‌بووه‌ به‌كۆی گشتی لێی بڕوانین، سه‌رباری رۆڵ‌و كاری باش‌و هه‌ڵوێستی سیاسی بوێرانه‌، به‌ڵام به‌گشتی له‌پای گه‌یشتن به‌م دۆخه‌ ئێستا، هه‌لپه‌رست، ترسنۆك، فریوده‌ر، خۆدزه‌ره‌وه‌،...تاد.

وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه‌ پێشه‌نگایه‌تی شه‌قامی ناڕه‌زایی خه‌ڵك له‌پێناوی داوا‌و مافه‌ ره‌واكانیان بكات، به‌ڵكو زیاتر مشوری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی‌و رێكخراوه‌ییه‌كانی خۆی بووه‌‌و هه‌ركاتێكیش بارودۆخ گه‌یشتبێته‌ ناڕه‌حه‌تی پشتی له‌چین‌و توێژی ناڕازی كردووه‌‌و سه‌رقاڵی سه‌ودا‌و مامه‌ڵه‌ی خۆی بووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌شێكیشیان به‌شداربوون‌و به‌شدارن له‌درێژه‌پێدانی سته‌مكاریی‌و جه‌رده‌سالاری ده‌سه‌ڵات. له‌كوێی دنیادا هه‌بووه‌ جگه‌ له‌كوردستان خه‌ڵكی بێكه‌س‌و ناحزبی دانه‌مه‌زرێ، موچه‌ی نه‌درێتێ، په‌رله‌مانتاری هێزه‌ به‌ناو ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی له‌په‌رله‌مانێكی بێگیان‌و بێكه‌ڵك نه‌كشێنه‌وه‌؟!

بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ نییه‌ خه‌ڵك بێده‌نگه‌ له‌ئاست بێمافی‌و چه‌وساندنه‌وه‌‌و سته‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵات‌و حكومه‌ت، به‌ڵكو بێده‌نگ بووه‌ له‌وه‌ی به‌دوای فریادره‌سێكدا ده‌گه‌ڕێت تا به‌كرداری نوێنه‌رایه‌تی سه‌ندنه‌وه‌ی مافه‌كانی بكات، خه‌ڵك چیدی هۆشیار بۆته‌وه‌‌و نایه‌وێت ئه‌و له‌سه‌ر جاده‌ بێت‌و به‌هۆیه‌وه‌ دوو فه‌ریكه‌ رۆژنامه‌نووس‌و دوو كۆلكه‌ مه‌لا‌و دوو چالاكوانی بێمه‌عریفه‌‌و دوو مامۆستای زانكۆی ریبات له‌مل به‌خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كانی بنێرێته‌ په‌رله‌مان‌و ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌كاتی بڕینی قوتی مناڵه‌كانیشیاندا فزه‌یان لێوه‌ نه‌یه‌ت، خه‌ڵك پڕه‌ له‌قسه‌، پڕه‌ له‌ره‌خنه‌، پڕه‌ له‌توڕه‌یی، له‌ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی چه‌وسانه‌وه‌ به‌ناوی نه‌ته‌وه‌‌و ناسیۆنالیزمی ساخته‌وه‌، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ته‌سلیمی ئه‌م واقیعه‌ پڕ سته‌مكارییه‌ بوو بێـت.

بۆیه‌ هۆشیاری به‌رده‌وام، ره‌خنه‌ی به‌رده‌وام ، هه‌ڵوێست‌و نوسینی به‌رده‌وام گرنگ‌و پێویسته‌

چونكه‌ هێشتا كه‌سانێك ماون سه‌رباری پێگه‌ی زانستی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاینیان چاو له‌م بێدادی‌و سته‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات داده‌خه‌ن‌و بگره‌ بۆشیان پینه‌ ده‌كه‌ن، ئیدی دوو رێگه‌ هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات‌و حكومه‌ت : یا گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی دزراوی تاڵانكراوی خه‌ڵك‌و دابینكردنی قوت‌و بژێویان یاخود به‌رده‌وامی ناڕه‌زایی‌و نه‌فره‌ت‌و به‌دناوكردن تائاستی ملكه‌چكردنیان بۆ ماف‌و داوای ره‌وای خه‌ڵك.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif