هەوڵی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر پرۆژەی نۆرد ستریم دوودا دەدرێت

ليست هناك تعليقات


لە کاتێکدا پرۆژەی نۆرد ستریم دوو لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە و 93٪ـی تەواوبووە، پێدەچێت ئەمریکا سزای نوێ بەسەر پرۆژەکەدا بسەپێنێت و وەک رابردوو تەگەرە بخاتە بەردەم تەواوبوونی.

تێد کروز، سیناتۆری کۆماری و جین شاهین، سیناتۆری دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی پرۆژەیەکن بۆ سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بەسەر پرۆژەی بۆریی نۆرد ستریم دوودا کە بە تەواوبوونی ساڵانە 55 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتیی رووسیا بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە. 

هەرچەندە جگە لە جین شاهین و تێد کروز، هیچ لە سیناتۆرەکان بە ئاشکرا باسیان لە سەپاندنەوەی سزا بە سەر نۆرد ستریم دوودا نەکردووە، بەڵام کروز لە توویتێکدا رایگەیاند، سیناتۆرەکان لەگەڵ ئەوەدان سزا بەسەر پرۆژەکەدا بسەپێنرێت و ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو بژارەکان لەسەر مێزن".

رووسیا و هاوبەشەکانی لە پرۆژەی نۆرد ستریم دوو، لەنێویاندا ئەڵمانیا، هەوڵەکانی واشنتن بە بێبنەما ناو دەبەن.

سەرەتای هەفتەی رابردوو ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە چەندین بابەتدا لەگەڵ واشنتن ناکۆکن، لەوانە پرۆژەی نۆرد ستریم دوو. 

دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لەبەرامبەر هەوڵە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر نۆرد ستریم دوودا ئاماژەی بەوە دا، گەمارۆکانی ئەمریکا بەلای مۆسکۆوە نادادپەروەرانەن و پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتین.

هەروەها پیسکۆڤ باسی لەوە کرد، پلانەکانی پەیوەست بە پرۆژەی بۆروی گواستەوەی گازی نۆرد ستریم دوو هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە. 

کۆتایی ساڵی پێشوو بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سزادانی تەواوی ئەو کۆمپانیایانەی کار لە هەردوو پرۆژەی نۆرد ستریم دوو و تورکیش ستریم دەکەن، راگیران. پرۆژەکە لە کۆتا قۆناخەکانی دابوو و کە تەواوکردنی ئەو بەشەیە بەنێو دەریای باڵتیکدا دەڕوات.

ئێستا رووسیا دەیەوێت لەسەر ئەرکی خۆی پرۆژەکە تەواوبکات، ئەوەش بە بەکارهێنانی کەشتیی کێرسکی ئەکادێمیکی گازپرۆم و کەشتیی فۆرتوونا کە هەردووکیان تایبەتن بە دانانی بۆریی گواستنەوەی گاز و پێشینەی راکێشانی بۆریی گواستنەوەی گازیان لە رووسیاوە بۆ ئەوروپا هەیە. 

پڕۆژەی نۆرد ستریم دوو درێژکراوەی نۆرد ستریمە و ناکۆکیی خستووەتە نێو وڵاتە ئەوروپییەکان. ئەمریکا بە بەردەوامی داوا لە وڵاتە ئەوروپییەکان دەکات وابەستەبوونیان بە گازی رووسیاوە کەمبکەنەوە و شوێنگرەوە بۆ گازی رووسی بدۆزنەوە. 

ئەمریکا جگەلەوەی دەیەوێت وڵاتانی ئەوروپا نەبنە سەرچاوەی داهات بۆ رووسیا، لە هەمانکاتدا دەیەوێت وزەی خۆی بە وڵاتە ئەوروپییەکان بفرۆشێت.

درێژیی بۆریی نۆرد ستریم دوو زیاتر لە 1200 کیلۆمەترە و بڕی 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە کە توانای گواستنەوەی ساڵانەی 55 ملیار مەتر سێجا گازی هەیە. 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif