کابینەکەی کازمی لەنێوان ئاڵنگاری و چاوەڕوانییەکاندا

ليست هناك تعليقات


ڕاپۆرت
-
دوای ئەوەی خۆی و کابینەکەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە متمانەیان وەرگرت –سەرباری ئەوەی کە هەندێک لە وەزارەتەکان ماون- لەلایەن چەندین لایەنی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە، پیرۆزبایی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق کرا. لەسەروویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو بەریتانیا، لە کوردستانیشەوە دامەزراوە فەرمی و حزبییەکان، کە بەڵێنی ئەوەیان پێداوە لە ئەرکەکەیدا پشتیوانی بن. 

هێشتا چەند خولەکێک تێپەڕ نەببوو بەسەر پرۆسەی دەنگدان بە کابینەکەی، گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەخۆوە بینی بەبیانووی ئەوەی کە پێکهاتەی کابینەکە "لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی تائیفیەو دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو کابینانەی پێشووە کە وڵاتیان گەیاندووەتە ڕادەی داڕوخانی ئابووری و خراپیی خزمەتگوزاری بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەوە". 

تا ساتەکانی پێش دانیشتنی پەرلەمانیش، ئەگەری ئەوە زۆر بوو کە کازمی-ش بە دەردی دوو ڕاسپێردراوەکەی پیش خۆی (محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی) بچێت و لە پێکهێنانی کابینەکەیدا شکستخواردوو بێت، ئەویش بەهۆی ناڕەزایی فراکسیۆنە شیعییەکان و ڕەتکردنەوەی کاندیدی هەندێک لە وەزارەتەکان، هەربۆیە کازمی ناچار بوو لە دواساتەکاندا کاندیدی سێ پۆستی وەزاری بگۆڕێت. 

پەرتەوازەیی ماڵی شیعەکان
ژانی لەدایکبوونی کابینەکەی کازمی، ڕەنگدانەوەی ئەو کەلێنانەی نێو ماڵی شیعەکانە کە شوێنەواری کاریگەری دەبێت لەسەر ئایندەی پێکهاتەکانی شیعەو هاوپەیمانی و پارت و فراکسیۆنەکانیان. 

دیارترین نەیاری کازمی، نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانون بوو کە خاوەنی ٢٤ کورسییە لە پەرلەماندا. بەوتەی بەها نووری وتەبێژی ئیئتیلافەکەی مالیکی، ئەوان چاوەڕوانی ئەوە بوون هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری و سەرۆکی پەرلەمان و هەندێک لە لایەنە کوردییەکانیش پشتیوانیان بن بۆ ڕەتکردنەوەی کابینەکەی کازمی. 

بەگوێرەی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەم هەڵوێستەی نوری مالیکی بۆ ئەوە بووە کە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ فەریق عوسمان غانمی فەرماندەی ئەرکانی سوپای عیراق بێت. بەڵام کازمی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی خستووەتە بەردەستی مالیکی. ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوە یەکێکە لەو پۆستانەی کە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە بۆ کام فراکسیۆنە، بەڵام ڕاوێژکارێکی بارەگای بارزانی تەئکیدی لەوە کردووەتەوە کە وەزارەتی دەرەوە پشکی کوردەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلایی بووەتەوە. 

بۆشایی دوای قاسم سلێمانی
لەپاش شکستی هەردوو ڕاسپێردراوی پێشوو (عەلاوی و زورفی)، ئەو دانوستانە دژوارانەی کە پێکهێنانی ئەم کابینەیان لێکەوتەوە، ڕەنگدانەوەی تێکچوونی نێو ماڵی شیعەکانە لەدوای نەمانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە سەرەتای ئەمساڵ لە شاری بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە کوژران. 

لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، قاسم سلێمانی ڕۆڵێکی کارای هەبوو لە پێکهێنانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق و گوتاری شیعەکاندا. هەربۆیە لەپاش نەمانی ئەو کاراکتەرە، بۆشاییەکی گەورە لەنێو شیعەکاندا دروست بووە. جگە لەوەش تائێستا شیعەکان رێک نەکەوتوون لەسەر دانانی کەسێک لە جێگاکەی مەهدی موهەندیس بۆ سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی. 

ناکۆکی شیعەکان لەسەر ناونانی (ئەبو فەدەک محەمەداوی) وەک سەرۆکی دەستەکە، بووە مایەی درزی گەورە، تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک لە گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبیی نزیک لە مەرجەعیەتی نەجەف چوونە پاڵ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەپاش ڕەتکردنەوەی پەسەندکردنی محەمەداوی. 

لە دەزگای هەواڵگرییەوە، بۆ سەرۆکایەتی حکومەت
لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعشەوە، وەک کەسێکی پەسەندکراوی مەرجەعیەتی نەجەف ناوی کازمی دەهات، بەڵام بەشێک لە لایەنە شیعەکان تۆمەتباریان دەکرد بەوەی کە پەیوەندییەکی پتەوی هەیە لەگەڵ ئەمریکادا. 

لە گەرمەی شەڕی داعشدا، کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عیراق بوو، ئەو پۆستەش پێویستی بە هەماهەنگی و کارکردنی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا. هەروەک پێویستی بە پەیوەندییە لەگەڵ زۆربەی دەزگا هەواڵگرییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکاندا. هەربۆیە ئەو ئەرکەی بووە مایەی دروستکردنی تۆڕێکی پەیوەندیی بەهێز، بەڵام لە ناوخۆدا لەلایەن هەندێک لە نەیارەکانیەوە وەک کارتێکی گوشار لەدژی بەکار دەهێنرا. ئەمە جگە لە هەندێک لایەنی ئێرانی، وەک فادی شمەری ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕەوتی حیکمە ئاماژەی بۆ کردووە.

بە وتەی شمەری، یەکێک لە ئاڵنگارییە قورسەکانی بەردەم کازمی بریتییە لەوەی کە پەیوەندی عیراق و ئێران لەسەر بنەمای دەوڵەت و دەوڵەت ڕێکبخاتەوە، نەک وەکو جاران کە لەسەر بنەمای دۆسیە بە دۆسیە بوو. 

ئەمە لەکاتێکدایە کە هیچ لایەنێکی رەسمیی ئێرانی ڤیتۆی لەسەر کازمی نەبووە لەماوەی ڕاسپاردن و سەرقاڵبوونی بە پێکهێنانی کابینەکەیدا. بەڵام گرووپی کەتائیب وەک یەکێک لە لایەنەکانی نزیک لە تاران بەرەسمی تۆمەتباری کرد بە تێوەگلان لە پرۆسەی کوشتنی سلێمانی و موهەندیس دا. 

ئاڵنگارییەکانی بەردەم کازمی
لەگەڵ تێپەڕاندنی کابینەکەی کازمی لەلایەن پەرلەمانەوە، مایک پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیرۆزبایی و پێشوازیی لێکرد. هاوکات واشنتۆن ماوەی هاوردەکردنی کارەبای عیراقی لە ئێرانەوە بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژ درێژکردەوە "بۆ کارئاسانی و زەمینەسازیی دۆخێکی لەبار بۆ سەرکەوتن".

هەروەها ستیڤ هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا ڕایگەیاند: "بەریتانیا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ پشتیوانیی حکومەتەکەی کازمی و کارکردن لەگەڵیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و سەرکەوتن بەسەر کۆرۆناو ڕیفۆرمی ئابووری و ئەمنی". 

لەلایەکی ترەوە نوری مالیکی و ئەیاد عەلاوی ئەوەیان ئاشکراکردووە کە پەیامیان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، هۆشدارییان پێدراوە دەربارەی ئاکامەکانی ڕێگرتن لە تێپەڕاندنی کابینەکەی کازمی لەسەر هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات. ئەمە لەکاتێکدایە کە باڵیۆزخانەکە هیچ کۆمێنتێکی نەداوە دەربارەی ئەو قسانەی مالیکی و عەلاوی کە بەشیوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە. 

لەنێو گێژاوی قەیرانە ئاڵۆزو کەڵەکەبوەکاندا، عیراق پێویستییەکی زۆری بە ئەمریکا هەیە. پێویستە کازمی مامەڵە لەگەڵ قەیرانی ئابووریدا بکات کە لێکەوتەکانی تادێت زەقتر دەبنەوە، ڤایرۆسی کۆرۆناش قەیرانەکەی قووڵتر کردووە، چونکە بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکی بودجەی عیراقە. 

هاوکات لەگەڵ قەیرانی ئابووریدا، کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە تادێت لە هەڵکشاندایە لە هەندێک پارێزگادا. بەتایبەت لەدوای شکانی ڕێکخراوەکەو کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕیکخراوەکەوە. 

سەرباری ئەوانەش، یەکێکی تر لە ئاڵنگارییە سەختەکانی بەردەم کازمی –وەک خۆی لە وتەکەیدا لەبەردەم پەرلەماندا ئاماژەی بۆکرد- مەترسییەکی گەورەی لەبەردەمدایە، عیراق لەنێوان بەرداشی واشنتۆن و ئێراندا گەمارۆ دراوە. ئەگەرچی ئەم بەرەنگاربوونەوەیە هێشتا دواخراوە، بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران لە ناوخۆو دەرەوەو چەندین ئاستی جیاجیا، بەڵام هەمیشە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وایە بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی عیراق. 

کازمی و کورد
سەرباری ئەوەی کە هەر لەسەرەتاوە، کورد (پارتی و یەکێتی، بارەگای بارزانی، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی کوردستانی لە بەغدا) پشتیوانییان لە کاندیدکردنی کازمی کرد، بەڵام یەکێک لە نیگەرانییەکانی کورد بەرامبەر کازمی لەوکاتەوە سەری هەڵدا کە لە کارنامەکەیدا ئاماژەیەکی ڕوونی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغداو کوردستان نەکردووە. 

کێشەی گەرمی نێوان کوردستان و بەغداد لە ئێستادا، بڕینی بودجەو مووچەی خەڵکی کوردستانە لەلایەن بەغداوە. ئەمەش گرەوێکی سەختە بۆ ڕادەی سەرکەوتنی کابینەکەی کازمی. 

هەروەها پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و غازو دۆسیەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرپرسیارێتی عیراق لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقیش، لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی بەردەم کازمی و کابینەکەی ئەون کە تا چەند سەرکەوتوو دەبێت لە چارەسەرکردنیان. 

بەدەر لەوانەش، پڕکردنەوەی بەشێک لە کەلێنەکانی کابینەکەی کازمی پەیوەستە بە کوردەوە، بەتایبەت وەزارەتەکانی دەرەوەو داد. ئەگەرچی وەزارەتی داد بۆ کوردە بەڵام ڕەنگە ناکۆکییەکانی نێو ماڵی کوردی ئەرکەکەی کازمی قورس بکات. هەرچی پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوە، سەرباری ئەوەی وەک وەزارەتێکی سیادیی مافی کوردە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە بدرێتە شیعەکان.

هەموو ئەوانە لەکاتێکدایە کە کورد بە دامەزراوە فەرمی و حزبییەکانیەوە، پیرۆزبایی و پشتیوانیی بۆ کازمی دەربڕیوەو پیرۆزبایی لێکردووە.

ئەوەی لەبەرچاوە، سەرباری تێپەڕاندنی بەشی زۆری وەزارەتەکان و وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان، بەڵام هێشتا ڕیگای کابینەکەی کازمی پڕە لە هەورازی سەخت کە بە بۆمبی ناکۆکی چێنراوە. کازمی لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدایە، کە پێناچێت بە ئاسانی بەسەریاندا زاڵ بێت. 


*شیكاری- ناوەندی چاوی كورد
ژێدەر/ BBC, RUDAW, GKSAT, KURDISTAN24
ئا/ سیڤەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق