نرخی نەوت و زانیاری نوێ

ليست هناك تعليقات


سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 15-5-2020 نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 32 دۆلار و 12 سەنت.

هەروەها نرخی نەوتی تەکساسیش بەرزبووەوە و ئێستا هەر بەرمیلێکی بە 28 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی برێنت بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر یەک لە سعودیەی گەورەترین بەرهەمهێنەری نێو ئۆپێک و ئیمارات و کوێت رایانگەیاند، بڕی ملیۆنێک و 180 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر لەو بڕەی لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆیان دانراوە کەمدەکەنەوە.

ئاژانسی فەرمیی سعودیە بڵاویکردەوە، سعودیە داوای لە وڵاتانی ئۆپێک پڵەس کردووە پابەندی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بن و زیاتر لەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی وزە بگەڕێتەوە.

حکومەتی عێراقیش رایگەیاندووە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پلەس، تەنیا دەتوانێت رۆژانە 700 هەزار بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمبکاتەوە.

بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پلەس کە لە رۆژی 12ی مانگی چواری ئەمساڵ واژۆکرا، عێراق لەسەریەتی رۆژانە 1 ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمبکاتەوە، بەڵام ئەو رێژەیە کە عێراق ئامادەیی دەڕبڕیوە بۆ کەمکردنەوە بەڕێژەی 30٪ کەمترە لەوەی کە بۆی دیاریکراوە.

بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت لەکاتێکدایە ترس لە هاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهۆی لابردنی قەدەخەی هاتووچۆ لە هەندێ وڵات و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان، نرخی نەوتی دابەزاندبوو.

رۆژی چوارشەممە 13-5-2020 لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت کە چەند رۆژێک پێشتر لە بەرزبوونەوەدابوو 40 سەنت دابەزی و بە 29 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساس 50 سەنت دابەزی و بە 25 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ بوونە هۆی ئەوەی زۆربەی کارگەکان لە جیهاندا دابخرێن و فڕۆکە، ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر و ئامێرە پیشەسازییە گەورەکان رابگیرێن، ئەمەش وایکرد خواست لەسەر نەوت کەم بێتەوە و نرخەکەشی دابەزێت.

بۆیە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەسەر ئەوە رێککەوتن، بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک دروستبێت و نرخی زێڕە رەشەکە بەرزبێتەوە

بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، بەرهەمهێنەرانی نەوت لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا رۆژانە 9 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێناندا کەمدەکەنەوە. لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا کەمکردنەوەکە بۆ 8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دادەبەزێنن

قۆناخی سێیەمی رێککەوتنەکە لە سەرەتای 2021 دەستپێدەکات و تاوەکو نیسانی 2022 بەردەوام دەبێت لەو قۆناخەدا وڵاتانی ئۆپێک پڵەس رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانەیان کەمدەکەنەوە.

عێراق و هەرێمی کوردستانیش کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان نەوتە، بەدەر نین لەم رێککەوتنە. عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 دا ئاستی بەرهەمهێنانی 4 ملیۆن و 745 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

بەپێی رێککەوتنەکە پێویستە عێراق ئاستی بەرهەمی رۆژانەی بۆ 3 ملیۆن و 658 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە. لە ئاداردا عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە 4 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیلیان بەرهەمهێناوە. هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا 490 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەناردەکردووە .بەو پێیەش دەبێت %22.8ی بەرهەمەکەی کەمبکاتەوە کە دەکاتە 111 هەزار و 700 بەرمیل لە رۆژێکدا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif