ژووان عبدالرزاق
-
هەموومان دەزانین نکوڵی لەوە ناکرێت گرنگترین و کاریگەرترین بواری ژیانی هەر کۆمەڵگەیەک بریتیە لە #پەروەردە.
کۆڵەگە و بناغەی سەرکەوتن و ژێرکەوتن , پێشکەوتن و دواکەوتنی هەر نەتەوەیەک لە پەروەردە وە دەست پێدەکات.
بەڵام ئەوەی جێگای داخە و پێویستی بە هەڵوەستە لەسەر کردنە لە کوردستان پەروەردە کەم بایەخترین بوارە و بێ پلانترین و کەمتەرخەمترین کەسانێک جڵەوی ئەم بوارەیان دەخرێتە ئەستۆ کە وەک ڕۆژی ڕوناک دیارە کە ئاڕاستەی ئەم کەرتە بەرەو ئاقارێکی ترسناک و بەرەو داڕمان دەڕوات...
ئەمڕۆ هەموو جیهان بە بابەتێکەوە سەری قاڵە کە پێی دەگوترێ بارودۆخێکی نالەبار بەهۆی سەرهەڵدانی پەتایەکەوە بە ناوی (کورۆنا) زۆرترین زیانی بە گشت وڵاتان گەیاندووە زۆربەی لایەنەکانی ژیانی وەستاندووە یا گۆرانی بەسەردا هێناون یەکێ لەو کەرتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوت کەرتی پەروەردەیە کە بە سەدان هەزار قوتابی و فێرخواز لە پۆلەکانی خوێندن و پرۆسەی فێرکردن دوورکەوتنەوە.
بەڵام زۆرترینی وڵاتەکان پلانی تایبەت بەلکو سەرەکیترین خەمی حکومەتەکان کەرتی پەروەردە بووە و زۆرترین هەوڵیان بۆ ئەوەبوو کە ئەم بارودۆخە کارنەکاتە سەر ئەم پرۆسەیە و جێگرەوەیان بۆی داهێناوە, بەڵام ئەوەی جێگای داخە لە کوردستان بەبێ بیرکردنەوە لە داهاتووی ئەو پرۆسەیە گرنگە و بەبێ تێڕامان لە بایەخی پەروەردە و بەبێ گەرانەوە و ڕاوێژکردنێک بە شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە. زۆرترین بڕیار و پلانەکانیان زیانگەیاندن بووە بە ناوەرۆکی پرۆسەی پەروەردە و خستنەسەر ڕێی ئاڕاستەکەی بەرەو بیابانێکی تاریک وشک.
بەنمونە هەردوو بڕیارەکەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەمشێوەیە کۆتایی هێنان بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ گەورەترین زیانی بە پەروەردە گەیاندووە و لەداهاتووش بەرئەنجامەکەی دەبینین.
لە دابەزینی ئاستی زانستی زانکۆکان و خاوبوونەوەی خوێندکاران لە خوێندن و دوور کەوتنەوەی گەنجان و قوتابیانمان لە کتێب و هۆکارەکانی فێربوون, نەمانی متمانە ی خوێندکار بە پرۆسەکە ...
دەبوو سوود لە وڵاتانی سەرکەوتوو و پێشکەوتوو لەو بوارە وەربگیرێت و بۆچوون و تێروانینی پسۆرانی پەروەردە لە بەرئەنجامی ئەم بریارانە بەهەند وەربگیرێت و بەشداریان پێ بکرێت لە بڕیارەکان دا.
تا لە بری ئەم بڕیارە هەڕەمەکی و (عفو عام) انە جێگرەویەک بۆ تاقیکردنەوە دابنرێت و قوتابی بە شێوازێکی گونجاو بخرێتەوە نێو پرۆسەی فێرکردن و بگەڕێنرێتەوە ناو پۆل و ئینجا دەرچوون و کۆتایی هێنان بە پرۆسەکە.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سکۆلەر بۆ پەروەردە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق