8 زانیاری دەربارەی ناتۆ
دەستەواژەی هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی یان ناتۆ لەم دواییانەدا زۆر لە گەشتی هەواڵەكاندا دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەتیش لەدوای زیادبوونی ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لێدوانەكان دەربارەی دەستوەردانی ئەو هاوپەیمانیەتیە لەو وڵاتانەدا.
هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی چیە و كەی گەشەی كردووە؟
هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی رێكخراوێكە ساڵی 1949 دامەزرا،بەپێی پەیماننامەی ئەتڵەسی كە بە پەیماننامەی واشنتۆن ناسرا، كە رۆژی 4ی نیسانی ساڵی 1949 لەشاری واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا واژۆكرا.
بارەگای سەرەكی هاوپەیمانیەتیەكە لەكوێیە؟
بارەگای سەرەكی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی لەشاری برۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە، و بودجەی ساڵانەی رێكخراوەكە 892 ملیار دۆلارە.
هۆكارەكانی دروست بوونی هاوپەیمانیەتیەكە چی بوون؟
هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی وەك وەڵامێك بۆ بەهێزبوونی هێزی سەربازی یەكێتی سۆڤیەت رۆژهەڵاتی ئەوروپا دروست بوو، وڵاتانی تری ئەوروپا هەستیان كرد مەترسی هێرشی یەكێتی سۆڤیەتیان لەسەرە، بۆیە پێویستە لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا یەك بگرن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو مەترسیە.
ئامانجی سەرەكی هاوپەیمانیەتیەكە چیە؟
ئامانجی ئاشكراكراوی هاوپەیمانیەتیەكە كاركردنە بۆ پاراستنی ئازادی و ئاسایشی ئەندامانی لەرێگە سیاسی و سەربازیەكانەوە، لەرێگەی سیاسیەوە خۆی لەپشتیوانی بنەماكانی دیموكراتیەت و هاندانی گفتوگۆ و هاوكاری لەپرسی بەرگری و دروستكردنی متمانە و رێگری لەئاڵۆزیی درێژخایەن دەبینێتەوە.
هەروەها مەبەست لە رێگا سەربازیەكان " تواناكانی هاوپەیمانیەتیەكەیە لەبواری سەربازی بۆ ئەوەی بتوانێت قەیرانەكان تێپەرێنێتا ئەوەش بەپێی مادەی 5 لە پەیماننامەی واشنتۆن، یان بە راسپاردنی لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بەتەنها یان بەهاوكاری وڵاتان و رێكخراوەكانی تر ئەگەر هەوڵە دیبلۆماسیەكان شكستیان هێنا.
هاوپەیمانیەتیەكە پابەندە بە بەرگری بەكۆمەڵ واتا هەر هێرشێك بۆسەر وڵاتێك یان زیاتری ناو هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی وەك هێرش بۆسەر سەرجەم وڵاتانی ناو هاوپەیمانیەتیەكە دادەنرێت، تەنها یەك جار كار بەو بنەمایە كراوە ئەویش ئەو كاتەبوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە 11 ی سێپتەمبەر ڕووبەڕووی هێرشێكی تیرۆرستی بۆوە.
مەرجەكانی بوون بەئەندام لەناتۆ چین؟
مەرجی وەرگرتن لەهاوپەیمانیەتیەكە ئەوەیە هەر وڵاتێكی یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی بنەماكانی هاوپەیمانیەتیەكە بكات و بەشداربێت لەبەهێزكردنی ئاسایشی ناوچەی باكوری ئەتڵەسی، لەئێستادا 30 وڵات ئەندامی ناتۆن، گرنگترینیان ئەمریكا و فەرەنسا و توركیان.
پێكهاتەی رێكخراوەی هاوپەیمانیەتیەكە چۆنە؟
پێكهاتەی رێكخراوەی هاوپەیمانیەتیەكە بەسەر دوو بەشدا دابەش بووە، پێكهاتەی رێكخراوەی مەدەنی و پێكهاتەی رێكخراوەی سەربازی، پێكهاتەی رێكخراوەی مەندەنی پێكدێت لە:
1- ئەنجومەنی هاوپەیمانیەتی ئەتڵەسی، كە گەورەترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو هاوپەیمانیەتیەكە و لەپێكهاتەی سیاسی هەموو وڵاتانی ناو هاوپەیمانیەتیەكە پێكدێت، ئەو ئەنجومەنە بەرپرسیارە لەبڕیار ئەویش لەرێگەی گفتوگۆ دەربارەی هەموو بوارە ئەمنیەكان، ئەم ئەنجومەنە بەشێوەی خولی ساڵی یەك جار كۆدەبێتەوە.
2- لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەران كە نوێنەری هەموو وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیەتیەكەی تێدایە و ئەركەكەی دارشتنی سیاسەتی گشتییە.
بەڵام هەیكەلی سەربازی هاوپەیمانیەتیەكە دابەشی پێنج لیژنە بووە كە تایبەتمەندی سەربازی جیاوازیان لەخۆ گرتووە ئەوانیش لیژنەكانی سەربازی و لیژنە بەردەوامەكان و لیژنەی باڵای هێزە هاوپەیمانەكان لەئەوروپا و لیژنەی كەنەدا و ویلایەتەیەكگرتووەكان و لیژنەی بەرهەمی سەربازین.
ئەو پرۆسانە كامانەن كە هاوپەیمانیەتیەكە لەئێستادا ئەنجامیان دەدات؟
هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی لەئێستادا لەچەند شوێنێك شەڕ دەكات لەوانەش لە:
ئەفغانستان
دەستوەردانی سەربازی ناتۆ لەئەفغانستان دوای ئەوە دێت كە رێكخراوی قاعیدە بەوە تۆمەتباركرا كە لەهێرشی 11ی سێپتەمبەر دژی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا تێوەگلاوە، دەستوەردانەكەی ناتۆ وەك بەپێی بڕیاری ساڵی 2001 ی نەتەوەیەكگرتووەكان بوو كە پێویستی كردبوو دەستوەردانی سەربازی بكرێت بۆ لەناوبردنی رێكخراوی قاعیدە و بزوتنەوەی تاڵیبان.
لەساڵی 2003 وە ناتۆ رابەرایەتی شەڕی ئەفغانستان دەكات و لەئێستادا 50 هەزار سەربازی ناتۆ لە ئەفغانستان هەن، لەساڵی 2014 وە ناتۆ دەستی كرد بەرادەستكردنی بەرپرسیاریەتی ئەمنی بە پۆلیس و سوپای ئەفغانستان، و لەو كاتەوە ئەركی ناتۆ زیاتر خۆی لە مەشق و راهێنان دەبینێتەوە.
كۆسۆڤۆ
نزیكەی 5 هەزار سەربازی ناتۆ لە كۆسۆڤۆ هەن، دەستوەردانی ناتۆ لەكۆسۆڤۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999 بەئامانجی كۆتایی هێنان بەتوند و تیژیەكانی ئەو وڵاتە و وەستاندنی پرۆسەكانی پاكتاوی رەگەزی و بەرقەراركردنی ئاشتی، لەمانگی شوباتی ساڵی 2008 كۆسۆڤۆ سەربەخۆی خۆی راگەیاند و لەچوارچێوەی بڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكانی هێزەكانی ناتۆ لەو وڵاتە جێگیركران، لەپێناوی دروستكردنی هێزی ئەمنی بەمەبەستی پارێزگاری لەئاسایشی و سەقامگیری وڵات.
چاودێریكردنی دەریای ناوەراست
لەدوای روداوەكانی 11ی سێپتەمبەر ناتۆ سنوری كارەكانی فراوان كرد بەمەبەستی سنورداركردنی هێرشە تیرۆرستیەكان، لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001 ناتۆ دەستی كرد بەچاودێریكردنی ناوچەی دەریای ناوەراست بەمەبەستی دیاریكردنی كارە تیرۆرستیەكان، لەساڵی 2003 وە ناتۆ مافی ئەوەی هەیە هەر كەشتیەك بپشكنێت كە گومانی لێ بكات، ئەوەش دوای وەرگرتنی رەزامەندی بەرپرسی كەشتیەكە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان.
رووبەرووبونەوەی قاچاخچیەتی
هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی پرۆسەی قەڵغانی دەریای راگەیاند بەمەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی پرۆسەكانی قاچاخچیەتی، لەمانگی ئابی ساڵی 2009 رەزامەندی پیشاندرا لەسەر هێرشەكانی ناتۆ ئەوەش دوای ئەوەی پرسی رفاندنی كەشتی و داواكردنی پارە لەكەناراوەكانی سۆماڵ زیادیكرد.
پشتیوانی یەكێتی ئەفریقیا
ناتۆ هاوكاری وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەكات بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی ئاشتی لەقارەی ئەفریقیا، ئەم پرۆسەیە لەساڵی 2007 وە دەستی پێكرد، كاتێك ناتۆ هاوكاری پێشكەش كرد بەمەبەستی گواستنەوەی هێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی بۆ سۆماڵ، بەرەبەرە ئەم پرۆسانە لە ناوچەكانی تری ئەفریقا زیادیانكرد.
گرنگترین ئەوپرۆسانەی ناتۆ كە كۆتاییان هاتووە؟
عێراق
ناتۆ لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2011 هاوكاری بچوك بچوكیان پێشكەشی حكومەتی عێراق كرد، واتا لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لەساڵی 2003 لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە، كاری ناتۆ زیاتر خۆی لە ئامۆژگاری و مەشق و راهێنانی هێزە ئەمنیەكانی عێراقدا دەبیندەوە.
لیبیا
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی لیبیا دژی دەسەڵاتەكەی موعەمەر قەزافی ئەنجومەنی ئاسایشی دوو بڕیاری بەژمارەكانی 1970 و 1973 دەركرد، لەپێناوی یارمەتیدانی گەلی لیبیا، لەسەرەتادا ناتۆ ناوچەی دژە فڕینی سەپاند دواتر چاودێری كەناراوەكانی لیبیای كرد بەمەبەستی رێگری لەگەیشتنی چەك بۆ دەسەڵاتەكەی قەزافی، و دواتر ناتۆ دەستی كرد بەهێرشی ئاسمانی و دەریایی بۆسەر پێگەی هێزەكانی قەزافی بەمەبەستی لاوازكردنی دەسەڵاتەكەی و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
بۆسنە و هەرسك
لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یۆگۆسلاڤیا لەساڵی 1992 كاری توند و تیژی لەبۆسنە و هەرسك دەركەوت، سەرباری هێرشەكان بۆ پاكتاوی رەگەزی دژی بۆسنیەكان، هێزەكانی ناتۆ ساڵی 1995 هێرشی ئاسمانیان كردە سەر هێزەكانی سربیا ئەوەش لەسەرداوای هێزەكانی ئاشتی پارێز كە لەوێ جێگیركرابوون.
و/ پەیسەر پرێس
و/ پەیسەر پرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق