زانکۆ و حزب کوجا مەرحەبا.!

ليست هناك تعليقات


رضوان یاڵانپێی
-
ناسینی پێگەی زانکۆ 
-
تەحەدای زانكۆ په‌یوه‌ندى به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاڵنگاری كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌، جێ به‌جێ كردنى ڕۆڵ و کاری زانكۆ لە ڕوى زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی پێویستی به‌ ناسینى پێگه‌ى زانكۆ هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، چونكه‌ زانكۆ وه‌ك ناوەندێکی مەعاریف و ئەکادیمیک و عه‌قڵی ڕه‌خنه‌گر ته‌ماشا ده‌كرێت. 

زانكۆ له‌ دونیای نوێدا ده‌زگایه‌كی زانستی بێ ئاگا نیه‌ و گۆڕه‌پانی هه‌ڵسوڕێنه‌رى سیاسه‌ت نیه‌، زانكۆ دامه‌زراوه‌یه‌كی زیندو و خاوه‌ن جوڵه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وروبه‌ری خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ و ته‌ندروستی و نه‌خۆشییه‌كانى په‌یوه‌ندی به‌و ژینگه‌ و دۆخه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تێیدا ده‌ژی. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ له‌ كه‌شی كراوه‌ و ئازاد و دیموكراسیدا توانای جێ به‌ج ێكردنی چه‌ند ڕۆڵێكی هه‌مه‌لایه‌نى هه‌یە.

ئه‌مڕۆ بێجگه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ و فێركارییه‌ فه‌رمی و پیشه‌ییه‌كان، زانكۆ له‌ به‌رامبه‌ر کۆمەڵگادا چوار ڕۆڵی چاوه‌ڕوانكراو ده‌گێڕێت: ((په‌روه‌رده‌كردنی هاوڵاتی، لێهاتویی دروستكردنی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌، په‌ره‌پێدانی كارامه‌یی و به‌هره‌كان، تواناى ڕه‌خنه‌)).

زانكۆ سه‌رباری به‌رهه‌مهێنانی ((زانست، فێركردن، توێژینه‌وه‌))، ڕۆڵ و كاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌یه‌ وه‌كو عه‌قڵی جیاكه‌ره‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گری كۆمه‌ڵگا ده‌ناسرێت و پێویسته‌ له‌ خزمه‌تی بنیاتنانى سیستمێكی ئازادی كۆمه‌ڵایه‌تی و دادپه‌روه‌ر و ئه‌خلاقی و له‌ هه‌مان كاتدا پێشكه‌وتنێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌دا بێت. 

كاتێك زانكۆ وه‌كو عه‌قڵی ره‌خنه‌گری كۆمه‌ڵگا ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌گێڕێت كه‌ پێویسته‌ پێشوه‌خت پێگه‌ و پایه‌ى زانكۆ به‌ فه‌رمی بناسرێت و دانی پێدابنرێت و ڕێز و حورمه‌ت له‌ ئه‌ندامانى زانكۆ و خوێندكاران بگیرێت.

ڕۆڵی زانكۆ ته‌نها بازنه‌ى گه‌شه‌پێدانى زانستی ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌واوى كایه‌ گشتییه‌كانى كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه‌. زانكۆ دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانى مه‌عریفه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پرسه‌كانى (كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌خلاقییه‌وه‌ هه‌یه‌)، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ زانكۆ ته‌نها دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی نیه‌ و له‌و ڕووه‌وه‌ ناپێورێت، به‌ڵكو ده‌زگایه‌كی كه‌لتووری و مه‌ده‌نیشه‌.

په‌ره‌سه‌ندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ى زانستی دا ده‌ست پێ ده‌كات, واته‌ ئه‌گه‌ر زانست پێش بكه‌وێت، كه‌لتور و سیاسه‌تیش گه‌شه‌ ده‌كەن و ده‌بوژێنه‌وه‌، سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی دونیای نوێ، سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی زانستی، گه‌شه‌ى زانستیش له‌كه‌شی ئازاددا به‌دی دێت. زانست به‌ سروشت ئازادی خوازه‌، ئه‌گه‌ر زانست به‌دی هات له‌گه‌ڵ خۆیدا ئازادیش ده‌هێنێت، و ئه‌گه‌ر ئازادی هات، زانستی به‌دوادا دێت. زانكۆ له‌ واتا گشتییه‌كه‌دا (به‌رهه‌می وتووێژی ئازاد و تێگه‌یشتنی ئازاد وره‌خنه‌ى ئازاده‌).

بۆیه‌ ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه‌ دروستكردن و ڕێگری سیاسی و ئیدارییه‌كان له‌ زانكۆ و ده‌ركردنی ڕوناكبیرانی زانكۆ و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ى ئومێدی خوێندكاران ده‌بێته‌ دیوارێك له‌ به‌رده‌م گه‌شه‌ى زانستیدا. كه‌واته‌ دەركی ڕۆڵ و پێگه‌ى دیاری كه‌ری زانكۆ و ئاوڕلێدانه‌وه‌ى واقیعی له‌و پرسه‌، پێوه‌رێكی دروسته‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ندێشه‌كان و ستراتیژه‌كانی بواری سیاسه‌ت و گه‌شه‌كردن. كه‌واته‌ زانكۆ ناوه‌ندێكی زانستیه‌ و پێویسته‌ سه‌رله‌نوێ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كانی بناسرێته‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ى نوێی بۆ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى له‌ كۆمه‌ڵگادا وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی زانستی ده‌ربكه‌وێت.

پێویسته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ خوێندكاری هۆشیار، مامۆستاى به‌ئاگا و به‌ ویژدان، به‌رێوه‌به‌ری دڵسۆز و به‌رپرسیار هه‌ریه‌كه‌یان وه‌ك هاوڵاتییه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى بچوكی زانكۆ دا ڕۆڵی كارا و چالاك له‌ خوڵقاندنه‌وه‌ى سیستمێكی زانكۆیی دا بگێڕن.

ــــ زانکۆ و لق و مەڵبەندەکان ــــ

بە پێچەوانەی ناسینی پێگەی زانکۆ، لە هەرێمی کوردستاندا هەمیشە وەک پیشەی خۆیان، سەرجەم ئیداره و بەڕێوەبەرایەتیەکانی حکومەتیان بە حزبی کردوە، لەو نێوەندەشدا زانکۆ وەک هەیکەلێکی زانستی و ئیداری بە بۆیاخێکی ناشیرینی حزب ڕوپۆش کراوە، تەنانەت دەستی حزب ڕۆچووەتە نێو دانانی سەرۆکی زانکۆ، جێگرەکانی، سەرجەم ڕاگرەکان، سەرۆک بەشەکان و تەنانەت دانانی کۆمەڵێک فەرمانبەری خۆیان لە جێگا حەساس و گرنگەکانی زانکۆ، لە نێو تەواوی ژوری یەکە ئیداریەکانی زانکۆش لە پشت باباکەوە وێنەی کەسە حزبیەکان هەڵواسراون.

پیشەی سەرەکی زانکۆ داهێنان و وەبەرهێنانی زانستی نوێ و دیاری کردنی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەو پەنجە خستنە سەر کەم و کورتیەکان و چۆنیەتی دانانی چارەسەر کردنە بۆیان، کاری زانکۆیە نەهێڵێت بارودۆخی وڵات لە سەرجەم ڕەهەندەکانیەوە لاوازی تێ بکەوێت و ڕاستەوخۆ دەبێت چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە.

لە دونیای مۆدێرنە و پێشکەوتندا، حکومەت و حزب زانکۆیان سەربەخۆ کردوە، بۆ ئەوەی دیوە ڕاستەقینەکەی خۆی کە زانست، مەعریفە، ئەخلاق....، لەنێو خەڵک و پێکهاتەکاندا بڵاو بکاتەوە، کەچی لەم وڵاتە دواکەوتوەی ئێمەدا پێچەوانەکەی وەردەگیرێت.

لەم دو ڕۆژەدا بە سوتفە چاوم بەهەواڵێک کەوت کە لەڕاستیدا جێی تێڕامان و وردبونەوەو کفری زانستی بوو، ئەویش سەردانی کردنێکی ڕەسمی یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بو بۆ لای یەکێک لە بەرپرسی مەڵبەندەکانی حزبی دەسەڵاتدار بۆ وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی. لەوانەیە تا ئێرە ئاسایی بێت بەلای هەندێک کەسانی ترەوە، نائاسایی و مەرگباریەکەی ئەوە بوو کە ڕایانگەیاندبوو زانکۆ بەوپەڕی توانا و لێهاتویی خۆیەوە پاڵپشتی تەواوی حزب دەکات و هەوڵی جدی دەدات بۆ سەرخستنی کارەکانی مەڵبەند.

هەرچەندە حزب و زانکۆ دو دامەزراوەی زۆر جیاوازن، بەڵام دەکرێ حزب پاڵپشتێکی گەورەی زانکۆ بێت، بۆ ئەوەی زانکۆ کەسانێک بەرهەم بهێنێت ببنە جێی شانازی کۆمەڵگە، ئەو کات هەم حزب و هەمیش وڵات قازانج دەکەن، نەک زانکۆ هاوکار و یارمەتی دەری حزب بێت، ئەو کات هەم حزب دۆڕاو دەبێت و هەم زانکۆش ئیفلیج دەکەوێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif