ئەو ڕۆژەی (نەوشیروان مستەفا) دای بەلامدا!

ليست هناك تعليقات


ماجد خلیل
-
لە کەمپە کۆنەکەی زانکۆی سلێمانیدا، کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکان، لە دەستپێکی دووهەزارەکاندا، رێک بیست ساڵ پێش ئێستا، خوێندکاری بەشی مێژوو بووم. 

لاوێکی هەژدە ساڵ، بەتەوس و تامەزرۆییەوە تێکەڵی دونیای کتێب و کتێبخانە ببووم. یاداشت و یادەوەریی سەرکردە سیاسییەکان، گوزەشتەی گەمەسیاسییەکان، مێژووی مەرگباری میللەتی کورد، ئەو تایتڵ و تێکستانە بوون، کە شانی شەوگاری ژیانم دابوویە بەریان. 

هێشتا دووکەڵی جەنگی ناوخۆ، بە بنمیچی ئاسمانەوە دیاربوو، هێشتا سەدام، سێبەرەکەی بەتەنیشتی شیمالەوە کاڵ نەببوویەوە. 

هێشتا شەڕەپەڕۆ و شەبەحی ئایدیۆلۆژیا، ژەهری نێو پێکی زانکۆکانی کوردستان بوو

منێکی گیرفانپڕ لەشەرمی لادێ، موفلیس لە هەموو مەنەفێستێکی دراو و دونیای مۆدێرنە، بوومە خوێندکاری زانکۆ.

پێموانەبوو گۆڕانکارییەک لەژیانمدا روویداوە، هەرگیز بیرم لەوەنەدەکردەوە بۆ هاتووم و دەبمەچی، نەمدەزانی نمایشی گەنجی و گەمەی گرەوی چوارساڵ، چێژبەخشە یان نا؟

بەکراسێکی لۆچلۆچ و پانتۆڵێکی سێبانسەوە، سیناریۆی ژیانی خوێندکاریم خرایە ئەستۆ. خاک بەسەر ئەوینێ، ئیزنی سەردەرهێنانی بخواستایە! خاک بەسەر ئەو قۆندەرەو قەڵتاخانەی چاوەڕێی فڵچەیەکی بۆیاخ بوونایە! خاک بەسەر پلانێک، بەدەستی من پێڕەوبکرایە. 

کەڕەتێکیان لە قادرمە تاریکەکانی زانستەمرۆڤایەتییەکاندا، بەپڕتاو دەچوومە سەرێ، چەند خولەکێ، لەموحازەرەی دووەم لایدابوو. هەمیشە یان دووا دەکەوتم، یان زوو دەچووم یان نەدەچووم.

نەک لەبەر ئەوەی سەرقاڵبم و کارێکم هەبێ، لە بەتاڵیدا خۆمدەخواردەوە.

نەک لەبەر ئەوەی ژوانێکم هەبێ و ژوورێم لەیادکردبێ، نەک لەبەر ئەوەی لەکافتریاکەدا گوێمدابێتە گۆرانییەکی (بگەڕێوە)ی زەکەریا عەبدوڵا، بۆ گوێی دەمێ، نەکەس چووبوو تا بگەڕێتەوە، نەکەس نەچووبوو تا بمێنێتەوە.

هەمیشە قەڵسم بەپابەندبوون بە بەڵێنەوە. هەمیشە لەو کەسانە دەترسم کە دەقیقن لە مەوعیدو چرکەو خولەکدا. ئەمە شتێکی خۆڕسکەو خەتای خۆم نییە. هەستدەکەم ئەو کەسەی پابەندە بە قەرارێکی قەتعییەوە، جەلادێکی توندوتیژی لێدەردەچێ.

پێموایە بە موو لە ڕێنومایی لانادات و بۆی بکرێ لەسەر بەندێک، بەندی هەتاییت دەکات.

وادەزانم مرۆڤ نابێ وەک کۆمپیوتەر بێ، بەدوگمەیەک داگیرسێ و بەکلیکێ بنوسێ، مرۆڤ نابێ پەنجە بنێ بە پیتی سیندا، سین بنوسێ، دەکرێ لەجیاتی بەڵێ، بنوسرێ نەخێر، دەکرێ نوکتەیەک نەتهێنێتە پێکەنین و بگریت. ئائەمەیان مرۆڤە.

ناکرێ مرۆڤ بیت و دووانەکەوی، ناکرێ مرۆڤ بیت و نوێژێکت نەچێ، ناکرێ مرۆڤ بیت و دزی نەکەیت، ناکرێ مرۆڤ بیت و نەبەخشی، ناکرێ مرۆڤ بیت و بەڕێیەکی هەڵەدا نەچیت، ناکرێ مرۆڤ بیت و دووڕوو نەبیت. 

بە قادرمەکاندا دەچومە سەرێ، کراسەکەم وەک هەمیشە لە دوواوە دەرهاتبوو، دەنگەدەنگی قاوشەکان و قاقای خوێندکارەکان، دەمزانی باسێکی دەردخواردویان نییە بیگێڕنەوە، دەمزانی یەکێکیان رەنگە لەترێکی دابێ، یان یەکێکیان زنجیری پانتۆڵەکەی کرابێتەوە ئیدی مەوزوعی ساڵێکیانە، ئیتر دونیا رووخاوە، ئەی قابیلە وەک خوێندکارانی زانکۆکانی بەرلین و پاریس قسە لەسەر داهاتووی سەدساڵی تربکەن؟

ناهەقم نەبوو بێدەنگییەک دابوویە ژووری خەیاڵم، وەک گڵۆپێکی سفری ژووری خەوتنی ناو فلمەکان، خەوێکی خەستی نیوەڕوانان، زۆری بۆهێنابووم، قەیرێ پێش ئەوەی بێم، جامێ دۆی خەستم خواردبوویەوە، خوێندکارێکی ژووری بەشەناوخۆییەکەم، لەماڵێ نازی زۆریان دەکێشا، ئیدی لەدۆو سیراجەوە بیگرە تا چۆرەک و چیلکەی دانپاککردنەوە بۆیان دەنارد. 

بەڵێ پێش ئەوەی بچم، راڕابووم، بچم یان نەچم. کەمجار لە ململانێی هەستان و خەوتنەوەی بەیانیاندا، هەستان، گرەوی لە خەوتنەوە بردووەتەوە، ئاخر بیرم لەوەکردبوویەوە، ژیان دووچێژی وەک خەوتنەوەی بەیانیانی تێدایە، چۆن دەبێ لەکیسی بدەم، جا چی مابوو لەکیسمان نەچێ، بۆ دەبێ، شیرینی خەوێکی وا، لەبندانی بەیانیانی ژیانماندا نەمێنێتەوە، با هەبێ، با دانی ژیان لەدەمماندا نەهێڵێ، ئەوکاتدەزانم ئەویش نامێنێت و وەک پیرەمێردێ، پێش مەلابانگدان بەخەبەر دەبین. 

هاوڕێیەکم زۆر موتەدەیین بوو، وەلێ نوێژی بەیانی نەدەکرد، دەیوت نوێژی بەیانیم لێنایەو شومە، راستیشی دەکرد، هەرکات نوێژی بەیانی بکردایە، قۆرتێکی توشدەبوو.

بەهەرحاڵ، لەقادرمەکاندا دەچوومە سەرێ، پیاوێکی باڵابەرزی سەر ماشوبرنجی، زیتەڵ و باریک، بەتاقی تەنیاو بەخێرایی بەرەو رووم هات، بەڵێ ( نەوشیروان مستەفا)، رێگەم بۆچۆڵکردو دای بە پاڵما، ئەو بۆخوارێ و من بۆ سەرێ، ملی ڕێگەمانگرت.

کتێبەکانیم خوێندبوویەوە، ناوبانگیم بیستبوو، لە شەڕەپەڕۆی نەوەدەکانیشدا، وێنەیم بەسەر سنگی گەلێ خەڵکییەوە بینیبوو. 

هات و بە ئەسپایی دای پەپاڵما. دەمزانی شیاوی ئەوەبوو بچمەوەو لەناو هاوڕێکانما خۆم هەڵکێشم، بڵێم نەوشیروان مستەفا دای بەپاڵما. 

منیش قسوریم نەکرد، من دەڵێم سەدجار، تۆ بڵێ هەزارجار ئەو چیرۆکەم گێڕایەوە، ئەوا دووای بیست ساڵ لە باڵکۆنی شوقەیەکی ئەم شارەدا، دیسانەوە من لە قاتی سەری سەرەوەو ئەویش لە قاتی خوارەوەی ژیاندا، وەک هەمیشە لە خوارەوەدا، لەناو چینی رەشوڕوت و هەژاراندا، لەناو رۆحی خاکوخۆڵی کوردەواریدایە، ئەمجارەیان، ئەو خەوی بەیانیان لەدەست نادات و منیش بەم دێروەختییە خەوم زڕاوەو هێشتا چیرۆکەکە دەنوسم. 

بەڵێ نەوشیروان مستەفا هێندە گرنگە، شایانی ئەوەیە، بدات بە پاڵتداو بە شانازییەوە باسیبکەیت!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif