حیزبی شیوعی لە بارەی وتاری سەرۆكی حكومەتەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە

ليست هناك تعليقات




لێدوانی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان

سەبارەت بە وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە 22ی ئایاردا بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر تایتڵی قەیرانی داریی هەرێمی کوردستان وتارێکی ڕاستەوخۆی لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە ئاراستەی گەلی کوردستان کرد، و تیایدا ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەت کرد کە جێگای سەرنج و تێبینییە بە لای حزبمانەوە.

هەڵبەتە سەبارەت بە ڕەوش و کارەکانی حکومەتی هەرێم ئەمە دووەمین جارە لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆدا، سەرۆکی حکومەت ڕاستەوخۆ باس لەم بابەتە بکات، و جاری یەکەمیان دووای تێپەربوونی سەد رۆژ بوو لە سەر تەمەنی کابینەی نۆ و ئەم جارەشیان دووای تێپەربوونی نزیکەی دە مانگە لە سەر تەمەنی ئەم کابینە ئیتلافییەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان.

سەرنج و تێبینییەکانمان وەک حزبێکی چەپی ئۆپۆزیسۆن لەسەر ئاخافتنی سەرۆکی حکومەت بەم شێوەیەی خوارەیەوە:

1ـ ناساندنی قەیرانی ئێستای هەرێمی کوردستان بە قەیرانی دارایی دوور کەوتنەوەیە لە دەستنیشانکردنی شوناسی ڕاستەقینەی ئەم قەیرانە سەرانسەرییە کە قەیرانی ئابورییە وەک سیمای ڕاستەقینەی قەیرانی کوردستان، نەک دارایی.

سەرۆکی حکومەت هۆکاری سەرەکی "قەیرانی دارایی" بۆ دابەزینی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا و ئیلتزامنەکردنی حکومەتی فدرال، گەڕاندەوە، لە کاتێکدا سروشتی ئەم قەیرانە ئابورییە و هۆکارەکەی جگە لەو خاڵانە، بە پلەی یەکەم بۆ سیاسەتی ئابوری حکومەت دەگەرێتەوە کە پشتی بە میکانیزمەکانی ئابوری بازاڕی سەرمایەداری بەربەڕەڵا و وابەست، و مەرجەکانی سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی و گرتنەبەری سیاسەتەکانی نیولیبرالیزم دەبەستێت.

هەرچەندە حکومەتی هەرێم لەم ماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت نۆ موچەی داوە، بەڵام پێدانی موچە مانای چارەسەرکردنی قەیران نییە، و پێشتریش کابینەی هەشت بە هەمان شێوەیە شوناسی قەیرانی دارایی بە ڕەوشەکە بەخشی، و ویستی لە رێگای پاشەکەوتی ئیجباری و کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران کێشەکان چارەسەر بکات، و لە ئاکامدا قەرزەکان زیادی کرد و گەیشتە 27 ملیار دۆلار بێ ئەوەی سەرۆکی حکومەت وردەکاری ئەو قەرزانە لە بەردەم پەرلەمان و جەماوەری کوردستان ڕوونبکاتەوە، و کار گەیشتۆتە ئەوەی کە کابینەی نۆش تەنانەت ناتوانێ پسولەیەک بە فەرمانبەران بدات کە تیایدا دان بە پاشەکەوتی موچەکە بنێت و تەنانەت خانەنشینان لە ئایاری 2020، موچەی خانەنشینی نیسانی 2019 وەردەگرن.

2ـ حزبی شیوعی کوردستان پێشتر و ئێستا ئاماژەی بەوە کردوە کە هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانێکی گشتگیر و سەرانسەری بۆتەوە، و سیاسەتی ئابوریی پیادەکراوە زەقترین بەشی رێباز و سیاسەتی حکومەتە و بنەمای ئەو قەیرانەیە، جگە لە هۆکارەکانی دیکەی قەیران کە پەیوەندییان بە مۆدێلی حوکمرانییەوە هەیە، وەک نەبوونی بنەماکانی حوکمرانی باش و نەبوونی کاری دامەزراوەیی و مانەوەی دیاردەکانی دوو ئیدارەیی و زاڵبوونی عەقلیەتی بەرتەسکی حزبایەتی، و نەبوونی شەفافیەتە بە تایبەتی لە بواری نەوت و گاز، و پێشتریش لە تێبینییەکانی حزبمان دووای تێپەربوونی سەد رۆژ لە سەر پێکهاتنی حکومەت، ئاماژەمان بەوە کرد، کە دەبوایە دانانی سندوقی داهاتە نەوتییەکانە یەکەمین کاری حکومەت، و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازی بوایە.

سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا باسی کرد کە بەشێکی کەمی داهاتی نەوت بۆگەنجینەی حکومەت دەچێت و بەشی زۆری بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەگەرێتەوە، و ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەڵبەبوونی رێگای "گرێبەستەکانی بەشداری" کە حکومەتی هەرێم لە 2007 وە پەیڕەوی کردوە و تا ئەمڕۆ پێداچونەوەی تیایدا نەکردوە، و تا ئێستا کۆمپانیایەکی کوردستانی حکومی بۆ وەبەرهێنانی نەوتی درووست نەکردوە.

3ـ سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا باس لە هەمەجۆری سەرچاوەکانی داهات دەکات، و پێشتریش لە وتاری سەد رۆژ بەسەر کابینەی نۆ باسی لە کارکردنی حکومەت بۆ زیادکردنی ئەو داهاتە بە رێژەی 50% تا کۆتایی 2019 کرد، بەڵام ئەو کاتە ئاماژە بۆ سەرچاوەکانی ئەو زیادکردنە نەکرد کە بەشێکی زۆری زیادکردنی باج و رسومات بوو لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکومەت پێشکەشی دەکات و ئەمەش دیسانەوە قورسایی لەسەر گوزەرانی خەڵکانی کەم دەرامەت درووست کرد، و ناکرێ ئەمرۆش مامەڵەکردن لە گەڵ لێکەوتەکانی قەیرانەکان بکەوێتە ئەستۆی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بە تایبەتی رێژەی بێکاری و هەژاری لە زیادبووندایە، و لاوان کە سامانێکی نیشتمانییە بە ناچاری بەرەو هەندەران دەڕۆن.

4ـ هەرچەندە پێشتر حکومەت باسی لە بایەخدان بە کشتوکاڵ وەک سەرچاوەیەکی زیادکردنی داهات کرد، بەڵام ئەم هەنگاوە پێویستی بە دەستنیشانکردنی سروشتی ئابوری کوردستان بوو کە بە بۆچونی حزبمان ئابورییەکی بەرخۆرە( ریعییە)، و پشت بە تەنها یەک سەرچاوە دەبەستێت کە نەوەتە و لەوەش زیاتر دەبێ بوتری کە تا ئێستا کوردستان چاوەرێی بڕی بودجە لە عێراقەوە دەکات لە کاتێکدا دەبوایە هەروەکو پێشتر حزبمان باسی کردوە حکومەتی هەرێم کار بۆ چەمکی "ئیکتافای زاتی" بکردایە کە بنەمایەکە بۆ سەربەخۆیی ئابوری کە لە خزمەتی دابینکردنی گەشەپێدانی کوردستان و ژیانی پڕکەرامەت بۆ خەڵکی زەحمەتکێش بێت. دەبوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا لێکۆلینەوەی لە تێکرای ئەو بابەتانە بکردایە کە باس لە دزەپێکردنی ملیارەها دولار بۆ بانکەکانی دەرەوە دەکەن بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بێت، و کاری بۆ رێکخستنەوەی خاڵە سنورییەکان بکردایە و گرنگی بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران بدایە بە تایبەتی لە بواری دانەوێڵە کە چەندین ساڵە دوواکەوتەوە، و کاری بۆ قەرەبووکردنەوەی جوتیارانی زیان لێکەوتوو بە هۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە یان ڕووداوە سەربازییەکانی ناوچە سنورییەکان، و کەمکردنەوەی سوودوەرگرتنی بانک لە قەرزە کشتوکاڵییەکان، و درووستکردنی سایلۆ و بازاڕ و کۆگای نوێ بۆ هەڵگرتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بکردایە و سیاسەتێکی نوێی بۆ پاراستنی بەرەهەمی خۆماڵی هەبوایە.

5ـ جگە لە هەنگاونان بۆ سیاسەتێکی چاکسازی ڕاستەقینە کە بە پێی بۆچونی حزبمان کاری چەندین ساڵەی دەوێت، و لە سەرجەم پرۆژەکانی حزبمان بۆ کابینەکانی پێشتر ئاماژەمان پێ کردوە، سەرلەنوێ جەخت لەسەر چاکسازی بواری سیاسی و ئابوری و بنیاتنانی حوکمرانی باش (حوکمە)، و رێکخستنی کاری دامەزراوەکان بە پێی دەستور، و ئەنجامدانی یەکسانی جەندەری، دەکەینەوە. دەبێ هەنگاوەکان بۆ دانانی دەستور هەرێمی کوردستان، و دانانی سیاسەتی ئابوری لە سەر بنەمای گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام دوور لە مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتی، بێت. پێویستە هەنگاوەکان بۆ چاکسازی و کرانەوە بواری کاری حکومەت و لێژنەکانی چاودێری دارایی و داواکاری گشتی بگرێتەوە، و سنوور بۆ قۆرخکاری کۆمپانیای حزبی بۆ بازاڕ و بواری وەبەرهێنان دابنرێت، و یاسای وەبەرهێنان هەموار بکرێتەوە، و کار بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕاژە، و بوونی یەک دامەزراوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان، بکرێت.

6ـ یەکەمین هەنگاوی پێویست بۆ دەستپێکردنی کاروانی چاکسازی و گوڕانکاریکردنی لە سەرجەم سیاسەتەکانی حکومەت، بە دەستەبەرکردنی سەقامگیری سیاسی دەستپێدەکات، کە بە داخەوە ئەو لایەنانەی دەسەڵاتیان پێکهێناوە لە ڕوانگەی پەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی خەریکی جەمسەرگەرین، و لە ئاکامی پەرتەوازەبوونیان ڕەوشێکی ئێجگار بارگرژی و نالەباریان بۆ خەڵکی کوردستان درووست کردوە، و ڕاستە کە پاشخانی ئەم بارگرژییە بۆ سیاسەتەکانی سەرجەم کابینەکانی پێشتر و ئەو لایەنە سەرەکییانەی پێیکیان هێناوە، دەگەرێتەوە، بەڵام ئەو سیاسەتانە تا ئێستا لە سایەی کابینەی نۆدا بەردەوامە.

حزبمان لەو قەناعەتەدایە کە پاراستنی پرسی نیشتمانی کوردستانی و مافە چینایەتییەکانی خەڵکی چەوساوە و دابینکردنی ژیانی پڕ کەرامەت بۆ خەڵک بە زەوتکردنی ئازادییەکان و ماوەنەدان بە مانگرتن و خۆپیشاندان و هەڕەشەکردن ئەنجام نادرێت، و بەرگریکردن دژ بە قەیران بە پەیڕەوکردنی یەک سیاسەتی نیشتمانی کوردستانی، و دانانی بەرنامە و نەخشەی گەشەپێدانی پەسەندکراو لەلایەن خەڵکەوە دێتە دی، و ئەمەش پێویستی بە بەستنی کۆنفرانسێکی ئابوری کوردستانییە کە سەرجەم هێزە سیاسییەکان و کەسانی پسپۆر تیایدا بەشدار بن، و سیاسەتی ئابوری نوێ تیایدا دابرێژرێت، و پشت بەو کەس و پسپۆرە لۆکاڵی و بیانییانە نەبسترێت کە پێشتر و ئێستاش سیاسەتی ئابوری بۆ حکومەت دادەرێژن، و پێشەکی پانگەشەی سەرمایەداری وابەست دەکەن کە لە خزمەتی بۆرژوای مشەخۆران و بیروکراتە. سیاسەتی ئابوری نوێ و هەنگاوی چاکسازی ڕاستەقینە تەنها رێگای پاراستنی ورەی خەڵکی کوردستان و گیانی موقاوەمەتە، و خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە کە بزانن کێ بەرپرسە بەرامبەر ئەو سیاسەتە چەوتانە، بەتایبەتی تا ئێستا هیچ لایەنێکی دەسەڵات داوای لێبوردنی لە جەماوەر نەکردوە، و بۆیە هەردەم گەلی کوردستان مافی خۆیەتی شێوازی گونجاو بۆ سزای دەسەڵاتداران بگرێتە بەر.

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان

23/5/2020

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif