کۆمەڵگە و سەرکردە

ليست هناك تعليقات


مەولود باوەمراد
-
سەرکردە دیاردەیەکی ژیانی مرۆڤەکانە لەسەرەتای مێژووی دەرکەوتنی کۆمەڵگەی ڕێکخراوەوە تا ئەمڕۆ لە ھەموو قۆناغە مێژوویەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵی گرنگ و ھەستیار و چارەنووس سازیان لە سەر ژیان و ئاسایش و پەرەسەندن و داھاتووی کۆمەگەکانیان گێڕاوە.

ئەرکی سەرکردە لە سایەی دنیای تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن و بەیەکگەشتنەوە و کۆمەڵگەی ھەمیشە گۆڕاوی سەردەمی ئێستادا، جگە لە تەکنیک و ئامراز و میکانیزم شتێکی ئەوتۆی لە جەوھەر و ناوەرۆک و بیری سەرکردە نەگۆڕیوە!

کە دەکاتە لێھاتن و توانای کاریگەریی دانان لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە و ئاڕاستەکردنی ڕەفتارەکانیان بەرەو ھێنانەدی ئەو ئامانجە گشتیانەی کە سەرکردە بۆ ژیانی گشتی کۆمەڵگە یان کۆمەڵەیەکی دەسنیشانکردوون.


ئەوەی لە پرسی سەرکردەدا دەگۆڕێت جۆری سەرکردە و دەرھاویشتە و کاریگەریەکانیەتی لەسەر ژیانی گشتی کۆمەڵگە و تاکەکانی.

جۆری سەرکردە، بەڕێژەیەکی زۆر بەستراوە بە جۆری کەسیەتی خۆیەوە، بەشێکی بەرچاوی کەسیەتیش خۆڕسکە واتە بەھرە و توانای زاتیە سنعەت ناکرێت، بەشێکیتری وابەستەی جۆری پەروەردە و ژینگە کۆمەڵایەتیەکەی ژیان و پەروەردەی سەرکردەیە،
گێژاوی ژیانی کۆمەڵگە ئەوکاتە دەستپێدەکات کە بەڕێگا و مەرجە سروشتیەکانی خۆی سەرکردەی ھەڵکەوتووی بۆ نایەتەدی، یان سەرلەبەری ناچارییە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی یان بە بۆ ڕێکەوتن و نیشتنەوەی بازە بەسەر کەسێکەوە، یان خۆسەپاندنە بە ھەموو جۆرەکانی ھێزی چەک و ھێزی پارە و ھێزی لاوازەکان و ھێزی ڕاگەیاندن، یان بەدانان و دەسنیشانکردنی دەرەوەی ئیرادەی کۆمەڵگە و ئەو کۆمەڵەیە کە بەڕێوەی دەبات، یان میراتگریەکی ناھاوسەنگە بۆ ناشایستەیەک.

خراپترینیان دوانیانن:

١-ئەو سەرکردانەی نەخۆشی موراھەقەی سیاسیان ھەیە، ئەمانە تا گوێی گۆڕ بەم دەردی موراھەقەوە دەژین نەپێگە نە ئەزموون نە پێشکەوتن و داھێنان و نەگۆڕانی ژیان، ڕیتمی کار و وێناکردن و لەخۆبایی بوون و خۆپەسەندی و خەڵک بەکەم سەیرکردنیان ناگۆڕێت، ئەمانە دەکرێت بەو نەفرەتەیان ناوببەین کەتووشی کۆمەڵە و کۆمەڵگەیەک دەبێت، بەتایبەت لە دۆخی نەبوونی دامەزراوە بوون و یاسا سەروەریدا.زۆر ناشیرین میکاڤێلی و قێزەون پراگماتی و بێسنوور زمان درێژ و تۆمەت دابەشگەرن، ئەمانەھەمیشە لە ئان و ساتدا دەژین نە ڕابردوو نە داھاتوو ڕۆحیان ئاسودە ناکات.

٢- سەرکردەی تەقلیدی دەستگرتوو بەکۆمەڵێک ڕێسا و نەریت و عورفی نەگۆڕەوە کە پێشکەوتن و گۆڕانی دۆخەکان و کەرەسەکانی ژیان دیدیان بۆ پێویستیەکانی سەرکردەبوون ناگۆڕێت، واتە ژیان یەک وێنە و یەک ڕەنگە بە ڕتووشی جیاوازەوە، دوژمن و نەیار ھەتا مردن ھەرنەیارن، وادەبینن فریادڕەسن خەڵک بەناچاری دەبێ گوێڕایەڵیان لێبکات، توانای گرتنەخۆ و گوزارشت کردنیان لە ھەمووان نیە، ھەرگیز نابنە خاڵی کۆکەرەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی، توانای پەڕینەوەیان بۆ بەرەکەی بەرامبەرە نیشتمانی و نەتەوەییەکەیان نیە.

ھەموو ئەو کەسە خەمخۆرە خاوەن ڕۆحیەتە نەتەوەیی و نیشتمانیانەی کە ئارەزووی مانەوە و بەردەوامی نەتەوە و نیشتمان دەکەن، ھەموو کەسە ڕۆشنبیر و ھۆشیار و ئەکادیمیە دڵسۆزەکان کە ئارەزوی بەختەوەریی و ئایندەگەری بۆ ئێستای ژیان داھاتووی نەوەکان دەکەن، گرنگە ھەژموونی کێشە و ڕوداوەکان ڕوگەیان نەشیوێنێت، بەھەر نرخێک بووە لەبەر خاتری ئێستای ژیان و داھاتووی نەوەکان، سەرنجیان لەسەر ئەو کەسایەتیە خاوەن توانای سەرکردایەتیانە چڕکەنەوە کە لانیکەم دوریەکی بەرچاویان لەم دوو تەرزە سەرکردەیە ھەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif