داهاتووی موچە بەرەو كوێ؟

ليست هناك تعليقات


گوڵاڵە سدیق
-
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هاوکێشە ئابورییەکان لەجیهاندا لەبارودۆخێکی ناجێگیردایە و پشکی هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان توشی پاشەکشەیەکی گەورە هاتون و نرخی پشەکەکانیان لەبازاڕی کاغەزە داراییەکاندا لە داکشاندایە، بەڵام بەتەنیشت ئەمانەوە چەندین کۆمپانیای تر نرخی پشەکانیان و ڕێژەی قازانجەکانیان بەشێوەیەکی خەیاڵی ڕو لە زیادبونە و بەشێوەیەک هەرچی کەلوپەلی کۆگاکراوی ساڵانی ڕابردوشیان کە ترسی بەسەرچونی لەسەر بوو لەم ماوە کەمەی ئەمساڵدا لە بازاڕەکاندا ساغکرانەوە!

نەوت یەکێکە لەو کاڵا بازرگانییەی کە ڕۆژانە لە بازاڕی کاغەزە داراییەکاندا ڕۆژانە داواکارییەکی گەورەی لەسەربوە، بەشێوەیەک ڕۆژانە دەیەها ملێون بەرمیلی لێدەفرۆشرا بە گرێبەستی نەختینەیی و ئاجلە، بەشێوەیەک هەم ووڵاتانی بەرهەمهێن هەمیشە لە هەوڵی زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی زیاتر بون بۆئەوەی بڕێکی زیاتر لەجاران بخەنە بازاڕەوە، وە هەم ووڵاتانی کڕیاریش لەهەوڵی زیاتر پڕکردنی خەزانەکانیان بوون بۆ کارپێکردنی کارگەکانیان و دروستکردنی کاڵاو شمەکەکانی ڕۆژانە.

بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و کارپێنەکردنی کارگە گەورەکانی جیهان و وەستانی هۆکارەکانی گواستنەوە، خواستی کڕین لەسەر نەوت لەبازاڕەکاندا کەمبوەیەوە، ئەمەش بو بەهۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، بەمەش گورزی کەمەرشکێن بەر ئەو ووڵاتانە کەوت کە بۆ داهاتی ناوخۆی خۆیان بەتەواوەتی پشتیان بە نەوت بەستبوو.
بەڵام زۆرینەی ئەو ووڵاتانە لەبەرئەوەی خاوەنی سیستمی ئیدارەدانێکی یاسایی بون و دامودەزگا ئیداریی و داراییەکان لەژێر هەیمەنەی چاودێرییەکی ووردا بون، وە دەوڵەتەکان خاوەنی هەمو ڕێسا و یاسا ئیداری و داراییەکان بون بەهۆی ئەم هەمو گێرمەوکێشەی کۆرۆنا و بازاڕ و نەوت توشی مایەپوچ بون نەهاتون، (لەوانەیە ئەگەر ئەم قەیرانە بۆ چەند ساڵێک بەردەوام ببێت کاریگەرییان لەسەر دابنێت) بەڵام لەئێستادا ئەم دەوڵەتانە لەسەر پێی خۆیان ڕاستەو ڕاست ڕاوەستاون و بگرە ئامادەگیشیان تێدایە کە هاوکاری نێودەوڵەتی پێشکەش بکەن.

بەڵام لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەرچەندە دوو ڕۆژە پێمان خستوەتە مانگی ئایارەوە، هەتا ئێستا موچەی کانونی دووەم دابەشنەکراوە!
حکومەتی هەرێم هەرچەندە لەسەرەتای قەیرانەکەدایە، بەڵام توانای موچەدانی نیە بە موچەخۆران بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە ئیداری و داراییەکان و گەندەڵی لەڕادەبەدەرەوە نەیتوانی ئیدارەی ئەو پارەیە بدات کە لەساڵی ٢٠٠٣ بێ هیچ پێش مەرجێک لە حکومەتی ناوەندەوە وەریدەگرت، وە بەهۆی بەهەدەردانی لەڕادەبەدەرەوە حزبیان دەوڵەمەند کرد و حکومەت مایەپوچ.
حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتی موچە ڕوی لە بەغداد کردوە، ئایا بەغداد لە ئێستادا ئەو فریاد ڕەسەیە گیروگرفتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکات؟
عێراق لەئێستا نرخی نەوتی لەخوار ٢٠ دولارەوە فرۆشتوە، وە %٩٦ داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، واتە عێراق بەم نرخەی ئێستای نەوت دەتوانێت تەنها %٢٠ موچە و خەرجییەکانی دابین بکات.
ئەو گرێبەستانەی عێراق دەیکات لەجۆری گرێبەستی ئاجلەن، واتە دوای ٦٠ ڕۆژ پارەی نەوتی فرۆشراو وەردەگرێت، ئەگەر نرخی نەوت بەمجۆر بمێنێتەوە ئەوا عێراق بۆ مانگەکانی شەش و حەوت و مانگەکانی دواتر کێشەی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی ناوەندی بۆ دروست دەبێت.
لە ئێستادا حکومەتی عێراقی وەک ڕێگە چارەیەک لەهەوڵی ئەوەدایە پارە زیادەکانی بانکە حکومییەکان ڕابکێشتەوە و لەگەڵ ئەو بڕە پارەی بۆ کڕینی چەک تەرخانکرا بوو، ئەمە سەرەڕای هەوڵدان بۆ فرۆشتنی قەواڵە داراییەکان، لەئەگەری گرتنەبەری ڕێوشوێنی لەم جۆرە حکومەتی عێراق تەنها دەتوانێت موچەی مانگی حوزەیران دابین بکات ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بمێنێتەوە!
لە ئەگەری مانەوەی نرخی نەوت وەک ئێستا، یان نزمبونەوەی، ئەوا حکومەتی ناوەند بەناچاری دەبێت هانا بۆ یەدەکی نەختینەیی ببات کە لە ئێستادا نزیکەی ٨٧ ملیار دولارە، بەڵام تەنها دەتوانێت نزیکەی ٣٧ ملیار دولاری لێ ڕابکێشێت کە دەکاتە موچەی پێنج مانگی فەرمانبەران (موچە و خەرجی یەک مانگ حەوت ملیار دولارە)، چونکە نابێت یەدەکی نەختینەیی لە پەنجا ملیار دولار کەمتر بێت بۆئەوەی دراوی عێراقی بەهای خۆی لەدەست نەدات و ووڵات بەرەو مایەپوچ بون نەڕوات.
ئەگەر باردودۆخی دارایی حکومەتی ناوەند بەم شێوەیە بێت، چۆن دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند و بێ گەڕانەوە بۆ ناوەند گرێبەستی پەنجا ساڵەی مۆرکرد!
یان حکومەتی هەرێم چۆن دەتوانێت بۆ لەمەولا موچەی موچەخۆرەکانی دابین بکات، چونکە بینیمان کە وەڵامی حکومەتی ناوەند بۆ وەفدەکەی حکومەتی هەرێم نەرێنی بوو.
ئەگەر حکومەتی هەرێم تەنها کارتێک کە هەیبێت بۆ دابینکردنی موچە ڕوکردنە بەغداد بێت، ئەی دوای ئەم وەڵامەی بەغداد حکومەتی هەرێم چ کارتێکی دیکە ڕادەکێشێت بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران؟

وە ئەگەر حکومەتێک نەتوانێت موچە دابین بکات و هیچ پلانێکی جێگرەوەی نەبێت بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرەکانی ئایا چ واتایەک دەمێنێتەوە بۆ مانەوەی؟!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif