سامان مامڵێسی
-
تەگبیر و تەفرەدانی سیاسیی، خەریکە ژیانمان لەبەرچاو دەخات.
بەدەستی خۆمان، زەهر دەکەینە نێو پیاڵەی تەمەنمانەوە.
ئەگەر خەمی خۆمان نییە، ئەدی زارۆک و ڕۆڵەکانمان؟
20 ساڵە، بە دیار درۆ و دەلەسەی هەواڵ و سیاسەتەوە، چرۆی هیواکانمان، دەژاکێنین.
20 ساڵە موتابەعەی هەواڵە مەکراوییەکانی کەناڵە ژەهراوییەکان دەکەین و، هیچیش.
20 ساڵە بەناوی (کوردایەتی) و (ئاینداریی) یەوە، خۆڵ دەکرێتە چاومان و، بەری ئاسۆیان لێ لێڵ کردووین.
تاکەی نایەینە خەبەر و، تاکەی چاو ناکەینەوە و، تابەکەی تێناگەین؟!
توخوا دەزانین خەریکی چین؟ چی بڵاودەکەینەوە و، چی دەنووسین و، چی بە گوێی ئەو کوڕ و کچە بەستەزمانانەی، وڵاتەکەماندا، دەدەین؟!
تووبی و خودا، کوردایەتی ئەوهایە و، دەخیلت بم، دینداریی ئەوهایە؟!
ئەوەندە کاڵفامین پێمان وایە، بە کۆمێنێک، بە تویتێک، یان بە لایک و شێرێک، یان بە گۆڕینی فرەیمێک، ئیدی بەهاری ئازادی و مافەکان، دێنە چۆکان؟!
ئەوەندە داماوین، بە تەپڵی زاڵمێک هەڵدەپەڕین و، بە تەپڵی ئەوی دییان ئێژین: لایلایەیە؟!
با فێڵ لە خۆمان نەکەین، با خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین، دنیا هەروا بووە و، هەروایش دەبێت، لە ناو گەلانی موسڵماندا، حوکمداریی یانی ستەم. لە ڕۆژئاوایش یانی هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکاریی و پڕوپاگەندەی میدیایی!
لەبیرتان بێت: لە 50 ساڵی ڕابردوودا، ئەوەی حوکمی ئەم ناوچەیەی کردووە، کلکی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بووە، کەمێکیش فارس وتورک، یان گۆشکراوی دەستی دایکە هەواڵگرییەکان بووە.
نەکەن لە یادی بکەن: ئەوەیش ئێستە حوکم دەکات، یان وا جێ پێ قایم دەکات، هەروا دیسان کوڕی نازداری ئەوانە، بە موو لە سیاسەتی تەڵەکەبازانەی ئەوان لانادات، بۆ چرکەیەک، ئامۆژگارییە زەهراوییەکانی وان، پشتگوێ ناخات.
ئێ، یانی چی؟
با واز بهێنین و، بۆ سیناریۆ و، بەرژەوەندییەکانی ئەوان، دڵی خۆمان تەنگ نەکەین و، کوڕی خۆمان بە قوربانی کچی ئەوان، نەکەین.
ئێ چی دیکەیش؟
پلاکی تەلەڤزیۆنەکانمان لە سویچەوە دەربهێنین و، تا دەتوانین کۆنترۆڵەکەی تووڕ بدەین.
هەر ئەوەندە؟
نا گیانەکەم، هەرچی پەیجی بەناو سیاسەت و هەواڵە، ئەنلایک و، هەرچی ئەکاونتی بەناو شرۆڤە و لێکدانەوەیە، ئەنفۆلۆی بکەین!
نوقتە سەری دێر.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق