عارف قوربانی
-
دوێنێ سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە وتارەكەیدا كۆمەڵێك راستی دۆخی حوكمڕانی كوردستانی خستەڕوو، كە ئەگەر بەخێرایی چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە، ئاماژەی زۆر مەترسیدارن بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان.
بەدەر لەوەی چەند جارێكی دیكە بابەتی كەڵەكەبوونی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان باسكراوەو لە رۆژی متمانە وەرگرتنی ئەم كابینەیەشدا سەرۆكوەزیران بەڕەسمی لەبەردەم پەرلەمان ئاماژەی پێدا، لە راستیدا بۆ وڵاتێك رۆژانە نزیكەی پێنج سەت هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتبێت و بەوجۆرە قەرزابووبێ، جێگەی هەڵوەستەكردنە، كە ئەگەر بەراوردی بكەی بە وڵاتێكی هاوشێوە نەوتیشی كڕیبێ رەنگە بەوجۆرە نەكەوتبێتە ژێر قەرزەوە. هەرچەندە سەرۆكی حكومەت ئۆباڵەكەی بۆ بەغدا گەڕاندەوە كە مووچە و بودجەی كوردستانی بڕیووە، بەڵام هۆكاری دیكەش هەن كە كوردستانیان خستووەتە ژێر باری ئەو قەرزەوە، دەكرێت بەغدا یەكێك لە هۆكارەكان بێت. لەوەش تێدەگەین خەرجی شەڕی داعش زۆر قورسبوو لەسەر كوردستان.
ئەوەی لە وتارەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ خەڵك نەزانراو و تازەبوو خستنەڕووی پشك و هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكانە لە هەرێمی كوردستان كە نزیكە لە سەتا شەستی داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ ئەوانە و چل لە سەتی بۆ حكومەت دەمێنێتەوە. خستنەڕووی ئەم راستییە تاڵە شۆكێكی گەورەیە، هەروەها مەترسی و هەڕەشەیەكی ستراتیجیشە لەسەر داهاتووی كەرتی نەوت و ئابووری كوردستان.
ئەگەر كۆی قەرزەكانی سەر حكومەت و ئەم رێژە داهاتە وەك دەرئەنجامی سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان وەرگرین، تووشی نائومێدی گەورە دەبین كە لە داهاتوشدا بە فرۆشی نەوت نەك ناتوانرێت ئەو قەرزانە بدرێنەوە، بەڵكو ناشتوانرێت وەك سەرچاوەی بژێوی بۆ هەرێمی كودستان پشتی پێببەسترێت. كە ئێستا وەك دەرئەنجامی سیاسەتێكی ئابووری هەڵە ئەگەر تاكە سەرچاوەی داهاتیش نەبووبێت، بووەتە كاریگەرترین سەرچاوەكانی داهات لە كوردستان.
لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەكی گشتی و بۆ هەموو وڵاتە نەوتییەكان، بەهۆی جوڵەی رۆژانەی نرخی نەوت، ناتوانرێت وەك سەرچاوەیەكی چەسپاوی بەهێزی ئابووری بۆ داهات پشتی پێببەسترێت، بۆ كوردستان بەدەر لەوە، بەهۆی ئەو رێژەیە لە پشك و هەقدەستی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت كە سەرۆكی حكومەت ئاماژەی پێكرد لە حەوت سەت ملیۆن دۆلار، چوار سەت ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیاكان رۆیشتووە، ئاماژەی روونە كە نەوت ناتوانێ كوردستان بەپێوە بهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر نرخەكەشی چەند بەرز بێتەوە. چونكە چەند دەرهێنان و هەناردەی نەوت لە كوردستان زیاتر بێت، هەر سەتا چلی بۆ حكومەت دەمێنێتەوە، ئەمەش پێماندەڵێ بەم سیاسەتی ئابوورییەوە نەوەكانی داهاتوشمان بە قەرزاری لەدایكدەبن. كە ئەگەر ئێستا شەش ملیۆن كەس لە هەرێمی كوردستان بژین، ئەو قەرزەی لەسەرمانە بۆ هەر تاكێك 4500 دۆلار قەرزی دەكەوێتە سەر.
بەتایبەتیش كە ئەم سەردەمە یاریكردن بەنرخی نەوت بووەتە شەڕێكی ئابووری و سیاسی بە دەستی زلهێزەكانی جیهانەوە، لە دۆخێكی وەك سەرهەڵدانی مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆناش كاریگەرییەكانی لەسەر خواست و نرخی نەوت دەركەوت، كە نەوت سەرچاوەیەكی چەسپاوی ئابووری نییە. ئەگەر ئەمە بۆ جیهان بووبێتە راستییەكی مەترسیدار، بۆ كوردستان چەندین جار دەمانخاتە بەردەم ئەو پرسیارەوە كە نەوت بەرەو كوێ رامان دەكێشێت؟ كە داهاتی مانگێك لە فرۆشی رۆژانەی نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل، كۆی ئەوەی بۆ حكومەت مابێتەوە لە مانگێكدا بڕی سی ملیۆن دۆلار بووبێت. جێگەی هەڵوەستە لەسەركردن و مایەی راچڵەكینە.
ئەمە راستییەكی مەترسیدارە، دەبێ هەموومان بخاتە بەردەم هەڵوەستەی گەڕان بەدوای دەروازەكانی رزگاربوون لە قەیرانەكانی ئێستای و ئەو مەترسیانەش كە لە داهاتوودا رووبەڕوومان دەكاتەوە.
كورد قسەیەكی هەیە دەڵێ ماڵی قەڵب سەر بە ساحێبێتی، ئاوا بڕوات ئەگەر بە زۆریش بمانەوێ ئیدارەدانی هەموو نەوتی كوردستان تەسلیم بە بەغدا بكەینەوە، بەغدا بەوجۆرە نەوتی كوردستانی ناوێت كە مەحكوم بێ بەوەی شەست لە سەتی داهاتەكەی بداتە هەقدەستی كۆمپانیاكان.
ئەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان لە ململانێیەكانی لەگەڵ بەغدا بە ئەندازەیەك لاواز دەكات، كە لە گفتوگۆكان و هەر رێككەوتنێكی داهاتوودا ماسك و مەرجی بەغدا زاڵ دەبێ بەسەر كوردستاندا.
بەدەر لەوەش بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان و دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، دەبێ كوردستان رێگەی دیكە بدۆزێتەوە. لە هەلومەرجێكی واداو بۆ تێپەڕبوون لەم قۆناخە، ئابووریناسان و پسپۆڕانی ئیداری ئەرك و بەرپرسیارێتی گەورەیان دەكەوێتە ئەستۆ، كە دەبێ بە شێوازی زانستی و پڕۆژەی جۆرا و جۆر یارمەتیدەربن لەوەی كوردستان ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت. كە لە راستیدا دەرفەتێكی گرنگیشە بۆ ئەوەی كوردستان سیاسەتێكی دروستی ئابووری هەمەچەشن بگرێتەبەر، پسپۆڕ و شارەزایان هیمەت بكەن ستراتیجی ئابووری لە دەست سیاسییەكان وەرگرنەوە و وەك ئەرك و پیشەی زانستی خۆیان رۆڵبگێڕن لە داڕشتنی سیاسەتێكی دیكەی ئابووری خۆژێن بۆ داهاتووی میللەتەكەمان.
جێهێشتی ستراتیج و سیاسەتی ئابووری هەرێمی كوردستان بۆ سیاسییەكان و خودی حیزبەكان، وڵاتەكەمان رووبەڕووی مەترسی زۆر گەورەتر دەكاتەوە، نەوەكانی داهاتووشمان دەخاتە ژێر باری قەرز و دۆخێكی سەختی ئابوورییەوە كە مەحاڵە دەرەقەتی بێن. بۆیە دەبێ ناوەندەكانی توێژینەوە لە زانكۆكان، پسپۆڕ و ئابووریناسان بێنە مەیدان و ئیتر لە كوردستان كار بەو پەندە كوردییە بكەین نان بۆ نانەوابێ و گۆشتیش بۆ قەساب.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق