ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی چۆنێتی بودجەوە، پێشنیازی بودجەی مانگانە یاخود بودجەی شەش مانگی داهاتووی ئەمساڵ بە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دراوە و بەپێی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت گۆڕانکاری تێدا دەکرێت.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بە رێکوپێکی و تەرخانکردنی بودجەی سێکتەرەکانی دیکەش، دوو پێشنیاز دراوەتە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کە خۆیان لە بودجەی مانگانە یاخود بودجەی شەش مانگی داهاتووی ئەمساڵ دەبیننەوە.
راشیگەیاند، هێشتا ئەو پێشنیازانە پەسەندنەکراون و لە حاڵەتی پەسەندکردنیشیاندا، ئەوا بەپێی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت گۆڕانکاریان تێدادەکرێت.
دوێنێ، ئەندامێکی دیکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی پلانی داناوە، بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا بکات و دەیەوێت لەجیاتی دانانی بودجەی ساڵانە، بودجەی مانگانە دابنێت و بەپێی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت، رێژەی مانگانەکەش دەگۆڕێت.
لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، مستەفا کازمی رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ موچەی خانەنشینان نابات و هەوڵدەدات دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەتیش دروستنەکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق