بەڕاشكاوی

ليست هناك تعليقات


فارس نەوڕۆڵی
-
ئێمە لە کوێوە ھاتین ئێستا لە کوێین؟خەونی ڕەنگاوڕەنگمان ماوە؟ ئەم دۆخە بۆ لە بری چونەپێشەوە لە پاشەکشەدایە؟ ھەموی ئەنجامی ناڕێکی خۆمانە، ئەم ناڕێکیەش بەتەنھازادەی ئەم سەردەمە نیە و مێژویەکی کۆنی ھەیە.

لەیەکەم کەوتنی کوردەوە دوژمن کارمان لەسەردەکات، کارلەسەرکەلتور و لەسەر پەروەردەمان، بۆیە لە ڕوی دەرونی و بێمتمانەیی و ناتەبایی وایان دابڕیوین ھی مەزەندەکردن نیە، بۆیە کەلتورێکی لەرزۆکمان ھەیە ئەمە وایکردووە سروشتی سیاسەت و خەباتی کورد وەک یاری مار و پەیژەبێت.

چارەسەری ئەودۆخە کەلتوری و پەروەردەییە لەوێوە دەست پێدەکات ئەوەی ئەوان فێریان کردوین بیسڕێنەوە و نوێتربنوسینەوە کە جیھانبینی و ویستی خۆمان بێت، ئەمەش پێویستە کارەکتەرەکانی سیاسەت بیربکەنەوە و پرسیاربکەن لەچیەوە و بۆچی دەستمان پێکرد؟ سیاسەت بۆچی باشە بۆ وێرانکردن یان بنیادنان؟ بۆچی سیاسەت دەکەین بۆغەنیمەت یان بۆدەوڵەتداری؟ کە ئەم پرسیارانەمان لە خۆمان کرد و بە ئەقڵێکی کراوە و ڕاشکاوانە وەڵامماندایەوە، دەکرێ ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆدەربازبون لەم ناتەباییە و داگیرکارییە کەلتورییە، ئیتر باشتر واقیع دەخوێنینەوە دەزانین لە کوێوە بۆ وەڵامی پرسیاری ئەم ساتەوەختە بگەڕێین. ئێمە ئێستا لەساتەوەختێکداین جیھان نزیک دەبێتەوە لە کۆتای شەڕی کۆرۆنا و نزیک دەبێتەوە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

مەزەندە دەکرێ ئەم دووپرسە تا ساڵی ٢٠٢٢ گۆڕانکاری گەورە لەگەڵ خۆیدا بێنێت، کەواتە جیھان لەگەڵ بەرجەستەکردنەوەی ساتەوەختێکی مێژویی و سیاسی و ئابوریدا دەرگیردەبێت، ئەمەش پێویست دەکات کورد بە ئامادەکارییەکی تەواوەوە خۆی بۆ پێشھاتەکان ئامادەکات و ھەندێ کێشەی بچوک واز لێبێنێ و بچێتە سەرکێشەگەورەکان، کەچی ئێمە تازە دەگەڕێینەوە بۆ شەڕی گردۆڵکەکان و قفڵێ بازگەکان، ئەمەش بەرەو بێھیوایی گشتی و بێمتمانەی سیاسیمان دەبات.

بۆیە پێویستە ئەم گەمە بچوکانە کۆتایی بێت تا لەگەمە گەورەکەدا وون نەبوین، خۆ ئەگەربمانەوێ کێشەکان ھێندە قوڵنین تاچارەسەرنەبن، ئەگەرئەقڵمان لە نەخۆشی ڕزگاربکەین ئێمە خاڵی ھاوبەشمان زۆرترە لە جیاوازی، چونکە ھەرکات ئەقڵ کەمێک نەخۆشکەوت ناتوانین دروست بیربکەینەوە، ئەگەر نا دەکرێ میللەتێک لە ناوچەیەکدا بژی سێ ھەزارساڵە ستەمکاریی بەڕێوەی دەبا، ھەمیشە ستەملێکراو بووبێت لەبەرامبەر ئەمە بەردەوام لە خەبات و بەرخۆداندا بووە، کەچی نەیتوانیوە دەوڵەتێک بۆ خۆی بنیات بنێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆناتەبایی خۆی، کام کەس کام حیزب ھەیە لە مێژوی نوێدا چێژی ستەمکاری دوژمنی نەکردبێت، کام حیزب چێژی ئازاری براکوژی نەکردوە؟ کام لایەن لە ئارامی و پێکەوەیی سودمەندنەبوە؟ ئیتر ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە بۆ گرژی و نایەکانگیری لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە، دەبێ ڕاشکاوانە دان بەوەدابنێین کە لە کوردستان درزێک کەوتوەتە نێوان ئەخلاق و سیاسەت بۆیە لە ھەژارییەکی فیکریدا دەژین، کەواتە ئێمە پێویستمان بەگفتوگۆی ڕاشکاوانە ھەیە، ئەمەش دەبێ بە ڕەخنەگرتن لە ھەڵەکانی خۆمان دەسپێبکەین، بۆ ئەمەش پێویستمان بەجێگایەک ھەیە کۆمان بکاتەوە و کۆکبین لەسەری و وەک مۆدێلێکی باڵا بگەڕێینەوە بۆی، بۆئەوەی جارێکی دیکە متمانەی گرێبەستیی دروستکەینەوە بۆبنیاتنانی شێوازێکی نوێی دواندن، چونکە ئەگەر سەیری لێدوانەکان و گفتوگۆکان بکەین لە میدیاکاندا ئێمە کێشەی ھونەری دواندنمان ھەیە لەگەڵ یەکتر، ئەم نەزانینە لە دواندندا کاردانەوەی بۆسەرفەزای گشتی ھەیە بەشێوەیەکی خراپ، ئیترگفتوگۆکانی شوێنە گشتیەکان و ناوڕاگەیاندنەکان دەبنە گفتوگۆیەکی ھەرزە گۆیانە.

لێرەولەبری ئەقڵ حەماسەتەکان بڕیاردەدەن بۆیە بەرەو نائەقڵانیەت دەڕۆین و لەدەرگای کارەسات دەدەین، بۆ ڕێگرتن لەم دۆخە نالەبارە پێویستمان بەشوێنێک ھەیە ھەمومان لەسەری ڕێککەوین وەک موڵکی گشتی، ئەزمون ئەمەی سەلماندووە سەرۆکایەتی ھەرێم دەروازەیەکە بۆ دەربازبون لەم قەیرانانە و سەرۆکی ھەرێم ئەوخەسڵەتانەی تێدایە کە ھەرلایەک خۆی تێداببینێتەوە، چونکە خەسڵەتەکانی سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەداری تێداھەیە بۆ ئیدارەدانی قۆناغەسەختەکان، توانیویەتی بیربکاتەوە لای خۆی، بیرکردنەوە و کردار ووتە و ئەقڵ لە یەکێتیەکدا کۆکردوەتەوە کە دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمە.
بۆیە دەکرێ لایەنەناکۆکەکان لەوێ کۆببنەوە و ڕاشکاوانە گفتوگۆبکەن لەسەرکێشەکان و بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی ھەرلایەنێک پێویستی بەئارگۆمێنتی بەھێزھەیە، ئەگەرھەرلایەنێک بیەوێ ڕای بەرامبەرەکەی بگۆڕێ بێ توندوتیژی و سوکایەتی و بێزارکردن دەبێ واگفتوگۆبکات و جێگای قبوڵ بێت، ئەمەش دەکەوێتە سەرھێزی بیرکردنەوەی ھەرلایەک، چونکە ئەوەلاوازی فیکری و بیرکردنەوە و نەبونی بەڵگەی بەھێزە بەرەولادان و توندوتیژی و سوکایەتیمان دەبات.

ئەگەر بەولۆژیکە کارمانکرد ئەوا نیشتیمانێ دروستدەکەین بۆھەمومان، وەک ئەوپەندەی دەڵێ (ئەگەردەتەوێ ھەنگوین کۆکەیتەوە شانەی ھەنگەکەتێک مەدە)، کەواتە پێویستە کارێک نەکرێ پرۆسەی سیاسی ھەرێم لەوە زیاتر ئاڵۆز بکرێت، چونکە بەرپرسیارییەتی لەسەرھەمولایەکە بەپێی پێگەی خۆی.

بۆیە واباشە کێشەکان نەدەن بەدەست فەیسبوک و فەیسبوک چیەکان، ئەوانەی بێبیرکردنەوە ئەنجامەکانی بازاڕی جوێن گەرم دەکەن.
بەوھیوایەی ھەموو لایەک لە سەرۆکایەتی ھەرێم کۆببنەوە و ڕاشکاوانە قسە لەسەر کێشە و جیاوازییەکان بکەن، دواجارخەڵک چاوەڕێی سەرۆکایەتی ھەرێم وسەرۆکی ھەرێم دەکات بۆگرێ دانەوەی متمانە لە نێوان لایەناکان و خۆئامادەکردنی ماڵی کورد بۆپێشھاتەکان، مەرجی سەرکەوتن ھاوکاری سەرڕاستانە و ڕاستگۆ و ڕاشکاوانەی ھەمەلایەنەی لایەنەکانە لەم قۆناغەدا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif