وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەوەی لە نوسراوەكەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتوە سەبارەت بە موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان و پرسی رێككەوتنی نێوان بەغداو هەرێم، رای مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق نییەو لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێرو بەغدا لە قسەی بەڕێوەبەرێكی گشتیدا "قەتیس" ناكرێت.
لە نوسراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا كە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوەو رۆژی 7ی ئەم مانگە دەرچوە، هاتوە كە "خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەنێویاندا موچەی هێزەكانی پێشمەرگەو بەشە بودجەی هەرێم لە نەفەقاتی حاكیمە بەدینایەت تاوەكو هەرێمی كوردستان پابەندییە دیاریكراوە یاساییەكانی خۆی جێبەجێ نەكات بەگوێرەی یاسای بودجەی 2019."
هەروەها لە نوسراوەكەدا هاتوە"خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە حكومەتی فیدراڵەوە نییە بەڵكو پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە لەسەر بنەمای ئەو بەشە بودجەیەی بۆ هەرێم دیاریكراوە بەپێی یاسا ئەوەش دوای ئەوەی هەرێم پابەندییەكانی خۆی بەجێدەهێنێت."
لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراو كە هیچ رێککەوتنێک لەنێوان وەفدی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا لەبارەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
لەو بارەیەوە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "روداو"ی راگەیاند"ئەو نوسراوەی حکومەتی عێراق لە 5ـی ئەم مانگەدا کراوەو رای مستەفا کازمی نییە، لێکتێگەیشتنی هەولێرو بەغدا لە قسەی بەڕێوەبەرێکی گشتیدا قەتیس ناکرێت."
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوچۆونی حکومەتەکەی مستەفا کازمی-یەوە ئاماژەی بەوە کرد، هەولێر لەگەڵ حکومەتی تازەدا بەتایبەتی لێکتێگەیشتنی باشی هەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق