د.محمد علی یاسین تەها
-
-
جیهان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دوو لایه‌نه بووەتەوە. له لایه‌كه‌وه نه‌خۆشییه‌كی گشتگیره كه هه‌ڕه‌شه‌ی شكستی سیسته‌می ته‌ندروستی ده‌كات و تا ئێستا حكومه‌ته‌كان نه‌یانتوانیوه رێگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی بگرن، له لایه‌كی دیكه‌وه قه‌یرانێكی دیكه‌یه، كه وه‌كو نه‌خۆشییه‌كی گشتگیر خه‌ریكی بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه، كه ئه‌ویش قه‌یرانی زانیارییه. قه‌یرانی زانیاری بریتییه له بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری نادروست و بێبنه‌مای زانستی كه له‌وانه‌یه بێ مه‌به‌ستیش بێت، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا، زۆرتر به مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌جێندایه‌كی دیاریكراوه كه مه‌ترسییه‌كه‌ی له ڤایرۆسێكی كۆشنده كه‌متر نییه.
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێویسته، سەیرێکی سۆشیال میدیاكان بكه‌ین، یه‌كسه‌ر یه‌ك دنیا شرۆڤه‌ی جیاوازمان له سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا بەرچاو دەکەوێت، له كاتێكدا، راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه تا ئێستا له رووی زانستیه‌وه به ته‌واوه‌تی ئه‌م ڤایرۆسه ناسراو نییه و هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌یه رێگه‌چاره‌كان بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه سنووردراون.
* تیۆری پیلانگیری كۆڤید-19 له سه‌ر ئاستی جیهان و هه‌رێمی كوردستان
هه‌روه‌ك چۆن له كوردستان كۆمه‌ڵێك لایه‌ن و كه‌س كه هه‌ڵگری ئه‌جێندایه‌كی سیاسی دیارن و ئه‌م نه‌خۆشیه گشتگیره به ده‌رفه‌تێكی له‌بار بۆ ململانێی حزبی و دامه‌زراوه‌یی ده‌زانن، له سه‌ر ئاستی جیهانیشدا سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ڤایرۆسه له لایه‌ن به‌شێك له ئه‌جێنداكانه‌وه وه‌كو دۆخێكی سیاسی ره‌فتاری له گه‌ڵ ده‌كرێت. بۆ نموونه به‌شێك له ئه‌جێندا سیاسیه‌كانی جیهان دۆخی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م نه‌خۆشیه گشتگیره به ده‌رفه‌تێك بۆ به كارهێنانی خه‌ڵك له لایه‌ن سیاسی و بڕیار به ده‌سته‌كانه‌وه بۆ دروستكردنی واقعێكی نوێی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری وه‌سف ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها باسێكی گه‌رم له سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه ئه‌م دۆخه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ لاوازكردنی مۆدێلی كاپیتالیستی ئابووری، گۆڕانكارییه ژینگه‌یی و ئیقلیمییه‌كان و زیاتر لاوازكردنی سیسته‌می ئێستای ته‌ندروستی جیهانی. له‌وه‌ش زیاتر، هه‌ندێك ئه‌جێندای دیكه‌ش هه‌ن و باس له‌وه ده‌كرێت ئه‌م دۆخه بۆ دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ سیسته‌می دیموكراسی و فره‌كولتووری و پێكه‌وه‌ژیان هاتووه‌ته پێش. لایه‌نی دیكه‌ش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بره‌و به‌و تیۆره ده‌ده‌ن كه سیسته‌مه كۆمیونیسته‌كان، له پێش هه‌موویان چین، به هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م قه‌یرانه ده‌زانن و ڤایرۆسی كۆرۆنا به قه‌یرانێكی دروستكراو بۆ لێدانی زلهێزه‌كانی دیكه‌ی مه‌یدانی ململانێی جیهانی ده‌زانن.
له هه‌رێمی كوردستانیش، به هۆی ئه‌وه‌ی كه پێشوه‌خت و به‌رده‌وام له ژێر چه‌تری ململانێی سیاسی و حزبیدا ژیان به سه‌ر ده‌بەین، له‌م جۆره تیۆرییه پیلانگێڕیانه له سه‌رده‌می كۆڤید-19 دا بێبه‌ش نه‌بووین. لایه‌نی سیاسی وا هه‌یه گره‌و له سه‌ر نه‌بوونی ڤایرۆسه‌كه ده‌كات و رێكاره‌كانی حكومه‌ت بۆ رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه وه‌كو ئامرازێكی حكومه‌ت بۆ شاردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ناوده‌بات. هه‌ندێك كه‌سایه‌تی سیاسی به‌وپه‌ڕی نا به‌رپرسیاریه‌وه، به بێ پشتبه‌ستن به راستییه زانستییه‌كانه‌وه، حكومه‌ت به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، کە خه‌ریكی داڕشتنی سیناریۆ و دروستكردنی واقعێكی ساخته‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له كێشه و قه‌یرانه ئابوورییه‌كان بدزێته‌وه. ئه‌وه‌ی حكومه‌ت له ژێر بارێكی قورسی دارایی و ئابوریدایه، راستیوكه خودی حكومه‌تیش چه‌ندینجار، ئێستا و پێشتریش، ئاماژه‌ی پێداوه، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی زانستی پشتگیری له نه‌بوونی ڤایرۆسه‌كه ناكات. به گشتی ئه‌م ئه‌جێندا سیاسییانه رۆڵ و ره‌نگدانه‌وه‌یان له سه‌ر جیاوازییه سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌كانی خه‌ڵكدا دیاره و له ئێستادا خه‌ڵكیش به سه‌ر چه‌ند گرووپێك به بۆچوونی جیاوازه‌وه له سه‌ر ئه‌م قه‌یرانه دابه‌ش بووه.
ئێستا چی بكه‌ین باشتره؟
بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی كۆمه‌ڵگە له بابه‌تی خۆپارێزی و خۆدوورخستنه‌وه گرنگه، به‌ڵام پێویسته هاوكات حكومه‌ت و خه‌ڵكیش شان به شانی خۆپارێزی له ڤایرۆسه‌كه، خۆیان له زانیاری نادروست، نازانستی و به سیاسیكراو بپارێزن. حكومه‌ت له‌م بواره‌دا ده‌توانێت هه‌وڵی زیاتر بدات بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگە به گشتی زۆرتر و باشتر ده‌ستی به زانیاری باوه‌ڕپێكراو بگات.
له سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانیشه كه به‌وپه‌ڕی هه‌ستیاری و به‌رپرسیارییه‌وه، ره‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا بكه‌ن و له‌وه تێبگه‌ن به سیاسیكردنی ئه‌م دۆخه، به مانای یاریكردن به ژیانی گشت خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگە دێت. له كاتێكدا ڤایرۆسێكی كوشنده‌ی وه‌كو كۆرۆنا بۆ ئه‌وه نییه له خزمه‌تی ئه‌جێندایه‌كی دیاریكراودا، له رێی شێواندنی رای گشتی و بۆ گره‌وكردن له سه‌ر ژیانی خه‌ڵك به كار بهێنرێت.
له‌م قۆناغه‌دا باشتره سوود له ئه‌زموونی ناوخۆیی و جیهانی وه‌ربگرین و هه‌وڵ بده‌ین هه‌ڵه‌كان دووباره نه‌كه‌ینه‌وه و زۆرتر پشتیوانی له یه‌كتر بكه‌ین.
له كۆتاییدا، به وه‌رگرتنی كه‌یسی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له‌م قه‌یرانه‌دا تا راده‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتوو بوون، ئه‌و راستییه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه، له دۆخێكی وادا، پێشمه‌رجی سه‌ركه‌وتن ئه‌وه‌یه بتوانین سه‌قامگیریی، یه‌كتر قبوڵكردن و هارمۆنی سیاسی بپارێزین و د‌رك به‌و راستییه‌ش بكه‌ین، به ره‌فتاری تیۆری پیلانگێڕی له‌م دۆخه‌دا، زیانه‌كان گه‌وره‌تر و خراپتر ده‌بن.
* ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق