لە یەك پارێزگا خەرجی كۆرۆنا 7 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند

ليست هناك تعليقات


بەپێی بەدواداچوونی رووداو تاوەکو ئێستا تەنیا خەرجییەکانى پشکنین و کەرەنتینکردنی ئەو کەسانەی گومانیان لێکراوە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن حەوت ملیۆن و نیو دۆلارى تێپەڕاندووە و رۆژانە پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە و کەرەنتینکردنى گومانلێکراوەکان لە دهۆک لە زیادبووندایە.

فەرهاد ئەترووشى، پارێزگارى دهۆک لە کۆتایى هەفتەى رابردوودا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا راگەیاند، خەرجیى هەرکەسێک کە کەرەنتین بکرێت لە دهۆک لە ماوەی 15 رۆژ مانەوەدا نزیکەى هەزار دۆلار خەرجیی تێدەچێت.

چەند تاقیگەیەکى دهۆک ئامادەیى خۆیان نیشانداوە ئەگەر حکومەت داوایان لێبکات پشکنینى تایبەت بکەن، ئەوا دەتوانن ئەو کارە بکەن.

د. عامر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى تاقیگەى عامر لاب لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "وەکو خۆم لەگەڵ ئەوەدانیم کە پشکنینى تایبەت هەبێت، بەڵام ئەگەر حکومەت بە فەرمى داوا لە ئێمە بکات کە پشکنین بە پارە بکەین، ئەوا ئامادەین و توانایشمان هەیە. تەنیا یەک رۆژ خۆمان رێکدەخەینەوە و پشکنینى کۆرۆنا دەکەین".

دەربارەى خەرجییەکانى ئەو پشکنینە د. عامر عەبدوڵڵا دەڵێت، هەتا ئێستا تەنیا لە تاقیگەیەکى بەغدا ئەو پشکنینە بە پارە دەکەن. حکومەتى عێراق 150 هەزار دینارى داناوە، بەڵام ئێمەیش ئەگەر بە تایبەت بیکەین، لەوانەیە لەنێوان 100 بۆ 150 هەزار دیناری تێبچێت.

بەپێی ئامارى وەزارەتى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان تا ئێستا شەش هەزار و 90 کەس لە سنوورى پارێزگای دهۆک کەرەنتین کراون، تەنیا دوێنى 703 کەس کەرەنتینکراون و خەرجییەکانیان تائێستا دەکاتە نزیکەى شەش ملیون و 90 هەزار دۆلار.

د. جاسم محەممەد، سەرپەرشتیاری تاقیگەى کۆرۆنا لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، رۆژانە داواکاری لەسەر پشکنین زیاتر دەبێت و پێش 31ی مانگى رابردوو رۆژانە لەنێوان 200 بۆ 400 پشکنین دەکران، بەڵام دوای بەرزبوونەوەى ژمارەى تووشبووانى کۆرۆنا لە دهۆک ئێستا رۆژانە لەنێوان 400 بۆ 600 پشکنین دەکرێت. هەتا ئێستا لە سنوورى پارێزگاى دهۆک 20 هەزار و 309 پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی کۆرۆنا کراون.

لەبارەی خەرجییەکانەوە د. جاسم محەممەد دەڵێت، خەرجیی هەر پشکنینێک لەنێوان 70 بۆ 80 دۆلاردایە. خەرجیی پشکنینەکان دەبێتە نزیکەى ملیۆن و نیوێک دۆلار. ئەوەیش بارگرانییەکى زۆرە لەسەر حکومەت، ئەمە جگە لە نەخۆشخانەکان و هێنان و بردنى نەخۆش و گومانلێکراوەکان.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif