سەرۆك وەزیرانی عێراق گەشتە كەركوك

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای کەرکووک و هاوکات هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە فەرمانی ئەو قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ پشكنینی باشووری رۆژئاوای كەركووك تاوەكو سنووری پارێزگای سەڵاحەدین دەست پێكرد.

ئەمە یەکەم سەردانی مستەفا کازمییە بۆ کەرکووک لەوەتەی بووەتە سەرۆکوەزیران. ئەم سەردانەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ پشکنینی ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای کەرکووک.

راگەیاندنی فەرمی عێراق، رۆژی سێشەممە رایگەیاند "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە فڕۆکەخانەی کەرکووک و فەریق روکن سەعد حەربییە، فەرماندەی بارەگای پێشکەوتووی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و چەند فەرماندەیەکی دیکە لە پارێزگاکە لە پێشوازییدا بوون".

فەریقی روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2020/06/02 بە سەركردایەتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پشكنینی ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك تاوەكو سنووری پارێزگای سەڵاحەدین دەستی پێكرد".

هەروەها لەو بارەیەوە عەمید یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی راگەیاندنی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە توویتێکدا رایگەیاند، "بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە سەرپەرشتیی سەرکردایەتیی چالاکییە هاوبەشەکان قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق دەستی پێکرد".

یارەڵڵا ئاماژەی بەوە داوە، "لە قۆڵی سوپا هێزەكانی فیرقەی نۆی زرێپۆش، لیوای هێزە تایبەتەكانی سەر بە ئۆپەراسیۆنەكانی سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپا بەشدارن. لە قۆڵی پۆلیسی فیدراڵی هێزەكانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی و لیوایەكی تایبەتی سەر بە فەرماندەیی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بەشدارن".

بەپێی راگەیێندراوەكە ئەوە خراوەتەڕوو، "لە قۆڵی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا، هێزەكانی لیوای 3 و 4، بەشدارن، لە قۆڵی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین، لیوای كۆماندۆی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین، فەوجی تەكتیكی، فەوجی سواتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سەڵاحەدین بەشدارن".

هەروەها یارەڵڵا دەڵێت "لە قۆڵی حەشدی شەعبی لە كەركووك، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی باكووری حەشدی شەعبی، بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا، هێزی ئاسمانی، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان و سەرجەم ئاژانسەكانی هەواڵگری و ئەمنی بەشدارن".

دەشڵێت "ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە بەهێزكردنی ئاساییش و سەقامگیری و لەناوبردنی پاشماوەی چەكدارانی داعش و دەستگیركردنی داواكراوانە لەو ناوچەیە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif