ژەهر، ئەوجا ئۆنلاینەکەی.

ليست هناك تعليقات


رێبین بابەجان 
-
سەرەتا پەرژینێکی بەرز لە نێوان بەڕێزتان و بێ ڕێزییەکانی ناو ئەم نووسینە بێت. 
ماوەیەک لەمەوبەر، نیوەشەو بوو، لە فەیسبووک پیاوێک نووسیبووی بەرەبەیان خۆم دەکوژم. تێبینیم کرد کە تەنها نیو سەعاتێک بوو پۆستەکەی دانابوو بەڵام زیاد لە سێ هەزار کۆمێنتی بۆ هاتبوو!

من یەکسەر، بێ ئەوەی بزانم بە جدییەتی یان هەر هەڕەشەیە، کۆمێنتێکم بۆ نووسی پاڵپشت بە ئایەتێکی قورئانی لەسەر سزای خۆکوشتن، بە هیوای ئەوەی پاشگەزی بکاتەوە. تەنانەت شێوازێکی ریپۆرت کردن هەیە لە فەیسبووک کە تایبەتە بە مەترسی خۆکوشتن، ئەوەشم کرد. 

ئینجا کە دەستم کرد بە کۆمێنت خوێندنەوە، تووشی شۆکێکی گەورە بووم و کەوتمە دۆخێکی دەروونی خراپەوە. ئەو شەوە تا نزیکەی کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان بە سەدان کۆمێنتم خوێندەوە، باوەڕتان هەبێت کە ئەم بینی سەرو ٩٠ لە سەدی کۆمێنتەکان هاندان بوون بۆ خۆکوشتنی کابرا، خەریک بوو تێک ئەچووم!!! 

"ـ ئەگەر پیاو بیت پەشیمان نابیتەوە. 

ـ دەی بزانین وەکو حاکمەکە پیاویت. 

ـ کاکە بۆ وا خستووتە درەنگ؟ خەومان یەت. 

ـ من خەفەرم ئەمشەو، ناکرێت پێشی بخەیت؟" 

بە دەیان شێوازی جیاواز هانیان دەدا بۆ خۆکوشتن! 

بۆ زانیاریتان ئەسڵەن هۆکاری هەڕەشەی خۆکوشتنەکەشی هەر گاڵتەکردنی خەڵک بوو پێی بە هۆی ناونانی منداڵەکەیەوە! 

پاش تێپەڕبوونی وادەی دانراو بۆ خۆکوشتنەکە، خوا رەحمی کرد و ئەو بەڕێزە خۆی نەکوشت. جا من نازانم پەشیمان بوویەوە یان هەر خۆی لە ئەسڵدا بە تەمان ئەبوو خۆی بکوژێت بەڵام خۆنەکوشتنەکەی ئەو خەڵکەی ئەوەندەی تر هار کرد و دوور لە ڕووتان وەک سەگ دەستیان کرد بە رشانەوە بە کابرادا! ڕێک ئەتگووت بلیتیان کڕیوە بە تەماشاکردنی فلیمی خۆکوشتنەکەی و پارەکەیان فەوتاوە!!

هێندە کۆمێنی ڕیسواکردن و جنێودان بۆ ئەو کەسە نووسرا، باوەڕتان هەبێت چەند لە پێش وادەکە ئەترسام خۆی بکوژێت، دە ئەوەندە لە دوای وادەکە ئەترسام لە داخی ئەو کۆمێنتانە خۆی بکوژێت! 

هاوڕێیانی ئازیز،

بە بۆچوونی من ئیحتمالە کۆمێنتی جوان دوو ڕوویی و خۆدەرخستن و ماستاو و موجامەلەی تێدابێت، بەڵام ئەو کۆمێنتانەی کە بێڕێزیکردنن و هاندانن بۆ خراپە، هەمیشە دەروازەیەکن بۆ بینینی ناخی راستەقینەی کەسەکان. جا ئەگەر ئەم بۆچوونەم ڕاست بێت ئەوا قوڕێکی خەست بۆ ئەم میللەتە گیراوەتەوە، هەر بۆ خۆشمان نا بەڵکو بۆ چەندین نەوەی داهاتووش. 

ئازیزان، 

من باسی ئەوانە ناکەم کە لەسەر ناکۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی بە شێوازێکی توند لەگەڵ یەکتر ئەدوێن، مەبەستی من دەروون نەخۆشەکان. ئاخر کە پەیجێک هەواڵی دزێک دائەنێ، بۆ زۆرینەی کۆمێنتەکان دەست خۆشی لە دزەکە بکەن، یان کە کابرا دەستدرێژی کردۆتە سەر کچێک چۆن بە سەدان وەحشی پاساوی بۆ بهێننەوە، ئەی کە کابرا تەعزێیەتی، ماڵی وێران بووە، کاسپییەکەی زەرەری کردووە، یان قسەیەکی پەروەردەیی کردووە چۆن ئەبێت یەک دنیا (زیندەوەری_باش_پەروەردە_نەکراو) جنێو و ئیمۆجی پێکەنینی بۆ دابنێن، ئەمە لە کوێی بەها و ڕەوشتی بەرزدا جێی دەبێتەوە؟!

خۆشەویستان، 
وەک لەو کۆمێنتان ئەی سەرەوە تێبینیتان کردووە، زۆربەی کات کۆمێنتە بێڕێزییەکان پێکەنیناوی دەنوێنن، بەڵام دەبێت بیرمان بێت لە ناخدا زەهراوین.

زۆر جار حەزێکمان تێدا دروست دەبێت کە (هەزەلی) بین، بەڵام هەزەلی بوون ئەوە ناهێنێت خەڵک بخەینە گریان، مەگەر ئەو کەسانەی کۆمێنتی ژەهراویی ان بۆ دەنووسین دایک و باوک و کەس و کار و هاوڕێیان نییە. باوەڕتان هەبێت زۆربەی جار کۆمێنتە زەهراوییەکان ئازاری کەسەکە نادات بەڵام منداڵەکانی تووشی گرێ و گۆڵی دەروونی دەکات، جا زەردەخەنەیەک ئەوە دەهێنێت؟! تکایە با هەوڵ بدەین خۆمان و ئازیزانمان نەکەونە ئەو تەڵەیەوە، ئەگەر کەوتیشن لە تەڵەکە دەریان بهێنین نەک بە لایک و کۆمێنت خۆشمان بچینە پاڵیان. 

هیوادارم پارێزراو بن لە هەموو ژەهرێک و لە ڤایرۆسە خراپەکانیش، لە حەجمی کۆڤید نۆزدەوە تا حەجمە گەورەکەی، ئەوەی کە بەقەدەر زەلامێکە...

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif