لە نێوان دوو ڕاستیدا کەوچکێک بێویژدانی

ليست هناك تعليقات

فارس نەوڕۆڵی
-
لە مێژوودا بەردەوام دوو چەمک قسەی لەسەر کراوە ھەمیشە لە ئاستی کرداری کۆمەڵگادا ئەم دوو چەمکە لەبەریەک کەوتن و کێشمەکێشمدا بوون ،ھەر ئەم بەریەککەوتنەش وایکردووە کە مێژوو دروست بکات. لەم سەردەمەشدا لەدوای ئەو گۆڕانکاریانەی لە ئاستی جیھاندا لەبواری تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاری ئاو ھەوا و ئابوری و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان لێکەوتە و گۆڕانکاری لەھەموو کایەکاندا ھێنایە ئاراوە، ترسناکترین لێکەوتەکانی دروستبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە مرۆڤایەتی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش کردارەکانی مرۆڤ بەرھەمی ھێناوە . ئێستا کۆرۆنا جیھانی ھەراسان کردووە و جیھانی لە ژیانی ئاسایی دابڕیوە ،تا ئێستاش نەتوانراوە چارەسەرەکەی بدۆزرێتەوە ھەرچەندە ھەندێک ڕای پێچەوانە ھەیە کە چارەسەرەکەی دۆزراوەتەوە بەڵام ھەڵگیراوە بۆ نزیک بوونەوەی وادەی ھەڵبژاندنەکانی ئەمریکاو لەوکاتەدا وەک دەستکەوتێک ڕادەگەیەنرێت.

ھەرێمی کوردستان بەشێکە لەم شەڕەی دژی کۆرۆنا، بەڵام جیاواز لە دۆخی گشتی جیھان کە شەری کرۆنا دەکات. ھەرێمی کوردستان جگە لەم شەڕە ڕووبەڕووی شەڕێکی ھەمەلایەنە بۆتەوە ھەردوێنێ بوو کابینەکانی پێشووتری حکومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی جەنگێکی ھەمەلایەنە بوویەوە وەک شەڕی داعش و گەمارۆی ئابووری و جەنگی شاراوە و جەنگی دەروونی بەردەوام لەبەرگی جیا جیادا سەرکەوتنی لەو شەڕانەدا سحرێکی گەورە بوو کە کابینەکانی پێشوو بەسەریدا سەرکەوت، ئێستاش حکومەتی ھەرێم بەریەک کەوتنی ھەیە لەگەڵ ئەم شەڕانەدا و شەڕی کۆرۆناشی ھاتۆتە سەر ، کەواتە دەبێت دان بەوەدا بنێین لەیەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمەوە ھەتا کابینەی نۆیەم لە بەردەم پیلانگێری و گێچەڵی دوژمنان دایە، بۆیە دەبێت ھەموو لایەک بزانین لە کابینەی یەکەمەوە تا کابینەی نۆیەم ھەر لایەنێک ئەگەر بە بەڕێوەبەرێکی گشتییش بەشدار بووبێت لە حکومەتدا ھەرچۆن لە دەسکەوتەکانیدا بەشدار پشکی ھەبووە ئاوھا لە کەم و کوڕییەکانیشدا بەشدارەو پشکی ھەیە.

ئیستاش ھەرێمی کوردستان لەئەنجامی بەریەک کەوتنی لەگەڵ کۆرۆنادا و ئەو شەڕە ئابورییەی کە لەدژی بەڕێوە دەچێت لەدۆخێکی دژواری ئابوری و سیاسیدایە ئەمەش ھاوڵاتیانی ھیلاک کردووە بەتایبەتی چینی ھەژار و نەدار بەشێک لەم قورساییەش پەرتەوازەیی و نەبوونی یەک گوتاری ھاوبەشی سیاسی دروستی کردووە بۆیە بۆتە ھۆی ڕاڕایی و ناجێگیری دەروونی کۆمەڵایەتی تا ئەو ڕادەیەیەی بەشێک دەڵێن کۆرۆنا درۆیەو بەشێکی تر ھۆشیاری دەدات کە کۆرۆنا حەقیقەتەو ترسناکە ، لێرەدا دوو ڕاستی (دوو حەقیقەت) ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە ڕاستییەکی زانستی پزیشکی کە بەردەوام پێداگیری لەسەر کەرەنتینە و خۆپارێزی دەکات لەبەرامبەر ئەمەشدا ڕاستییەکی کۆمەڵایەتییە کە خەڵکانی ھەژار و ڕەش و ڕووتن ئەگەر ڕۆژانە کار نەکەن قووتی منداڵەکانیان بۆ دابین ناکرێت، بۆیە ڕەخنەیەیان لەبەڕێوەبردنی کەرەنتینە کردندا ھەیە. لەنێوان ئەو دوو ڕاستیەشدا خەڵکانێک ھەن ئیستغلالی ژیانی خەڵک و دۆخی حکومەت دەکەن بۆ وەبەرھێنانی سیاسی، بۆیە پێویستە بزانین چۆن لە نێوان ڕەش و سپیدا ڕەنگی دیکە ھەیە لە نیوان ڕاستی زانستی و ڕاستی کۆمەڵایەتیدا کە بژێوی خەڵکە جوڵەی نامۆ ھەیە بۆ شێواندنی فەزای کۆمەڵایەتی ئەمەش ئاسانە چونکە بۆ سەرلێشێواندنی خەڵک تەنیا کەوچکێک بێویژدانی بەسە.

بەڵام ھەردوو لایەنی ڕاستی (ڕاستی زانستی و ڕاستی کۆمەڵایەتی واتە ژیانی خەڵک) دەبێت بزانن ڕاستی بەتەنیا لای یەکێکیان نیە ھەر وەک وتراوە ( ڕاستی ئاوێنەیەک بووە و شکاوە و ھەر پارچە و لە لای یەکێکە بۆیە ھەموو کەس وا دەزانێ ڕاستی لەلای خۆیەتی ) لەسەر کورد پێویستە پارچەکانی ئەم ئاوێنەیە لە یەک نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی خۆی بە جوانی ببینێتەوە ، کەواتە واقعی حاڵ چیمان پێ دەڵێ و ئێمە دەبێت چی بکەین؟

١-سەبارەت بەکۆرۆنا دەبێت قسەی یەکەم بۆ زانست جێبھێڵین و گوێ لە زانستی پزیشکی بگرین نەک ئایدۆلۆژیا و سیاسەت . چونکە ھەڵگرانی ئایدۆلۆژیەت ڕوداوەکان وەک ئەوەی حەزی لێیە یان وەک ئەوەی باوەڕی پێیەتی بەڕێوە دەبا و کاری لەسەر دەکا نەک وەک ئەوەی لەواقعدا کە ھەیە و بەڕێوە دەچێت.

٢-ڕاستە لە ئاستی نێو دەوڵەتی کۆرۆنا کراوەتە شەڕ و ململانێی سیاسی و ئابووری بەڵام ئێمە دەبێت ئەم شەڕە لە دەرەوەی ماڵی خۆماندا بکەین چونکە لە ناوخۆدا کورد بەرگەی ئەم شەڕە ناگرێت.

٣- دەبێت حکومەت بەووردی دوخی ھەژاران و کاسبکاران لەبەر چاو بگرێت چونکە لە دۆخێکی شپرزەدان ،ئەگەر ھەڵەیەک لە بەڕێوەبردنی شەڕی کۆرۆنادا ھەیە لاوازییەک لە شێوازی کەرەنتینە کردندا ھەیە چارەسەری بکەن و لە کوێدا ھەڵەیە دانیپێدا بنێن چونکە داننان بە ھەڵەدا فەزیلەتە.

٤- پیویستە شارەزایانی ئابووری و بەڕێوەبردن و دەروونناس و کۆمەڵناس ڕاوێژیان پێبکرێت و ئەوانیش پێشنیاریان بۆ حکومەت ھەبێت بۆئەوەی ئیدارەیەکی دروستی قەیرانەکە بدرێ و بۆ ئەمەش پێویستە لە ڕاستی سایکۆلۆژیای جەماوەر تێبگەین.

٥-پێویستە لەسەر ھەموو لایەنە سیاسیەکان ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن و ئەوانەی لە دەستەڵاتن لەھەمانکاتدا میدیاکان و فەیسبووکچیەکان بزانن خەڵک توڕەیە و دەبێت ئەقڵانی مامەڵە لەگەڵ توڕەبوونی خەڵک بکەن ،بەھەڵە و لەگۆشە نیگای بەرژەوەندیەوە ئاراستەی ئەم توڕە بوونە نەکەن بەڵکو میکانیزمێکی دروستی بۆ بدۆزنەوە، ئەگەر نا پاشاکەردانی دروست دەبێت ئەوکاتەش ھەموو لایەک سفر ھیچ بەدەست دەبێت.

٦- پێویستە لایەنەکانی ھاوبەش و بەشداربووی حکومەت بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکەدا بکەن ململانێی سیاسی لە گرێی دەروونی بگۆڕن بۆ مشتو مڕو گفتووگۆی سیاسی و نیشاندان و خستنە ڕووی ئەرگوومێنتی بەھێز بۆ چارەسەری کێشەکان گەر وا نەکین ھەموومان بەرەو نادیار دەڕۆین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif