هه‌رگیز به‌رگری له‌ خائینان مه‌كه‌ن

ليست هناك تعليقات


عەبدولستار مەجید
-
کتێبی خودا، پڕه‌ له‌ گه‌وهه‌ر و مرواری و هه‌زاره‌ها نهێنی ژیان و بونه‌وه‌ری له‌خۆ گرتوه‌، هه‌رگیز نهێنی و بابه‌ته‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی كۆتاییان پێ نایه‌ و هه‌ر كه‌س و میلله‌تێكیش به‌ پێی هه‌ل و مه‌رج و ئه‌و واقیعه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕن و به‌و ئامرازانه‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌ستیاندایه ده‌توانن ‌سوودی لێ ببینن و ژیانی پێ ئاوه‌دان و خۆیان پێ به‌خته‌وه‌ر بكه‌ن.

له‌م ڕۆژانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌م ئایه‌ته‌(إِنَّا أَنْزَلْنا إِلَيْكَ الْكِتابَ بِالْحَقِّ لِتَحْكُمَ بَيْنَ النَّاسِ بِما أَراكَ اللَّـهُ وَ لا تَكُنْ لِلْخائِنِينَ خَصِيماً)النساء ١٠٥ كرد و تۆزێكی تێوه‌ڕامام، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ئایه‌ته‌ و چه‌ند ئایه‌تێكی دیكه‌ی دوای ئه‌مه‌ش هه‌تا ئایه‌تی ژماره‌ ١١٣ باسی ڕوداوێكی دزین له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (سه‌لام و دروودی خوای له‌سه‌ر بێ )ده‌كا، من ناچمه‌ سه‌ر ورده‌كاری ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ ته‌نها تۆزێك له‌سه‌ر ئه‌م ئایه‌ته‌ ده‌وه‌ستم..

سه‌ره‌تا خوای زانا و كارله‌جێ باسی دابه‌زاندنی به‌رنامه‌كه‌ی خۆی كه‌ قورئانه‌ ده‌كاو ده‌فه‌رموێ: بێگومان ئه‌م كتێبه‌مان به‌ هه‌ق بۆ سه‌ر تۆ دابه‌زاندوه‌، كتێبی خودا هه‌م به‌ هه‌ق ڕه‌وانه‌كراوه‌و هه‌م هه‌قیشی له‌ خۆ گرتوه‌(وَ بِالْحَقِّ أَنْزَلْناهُ وَ بِالْحَقِّ نَزَلَ وَ ما أَرْسَلْناكَ إِلاَّ مُبَشِّراً وَ نَذِيراً)الانبياء ١٠٥
مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ په‌یتا په‌یتا به‌ شێوازێكی هه‌ق و له‌ جێی خۆی دایبه‌زاندوه‌، ئه‌م ڕسته‌ قوڕئانیه‌ وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ چوونه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌یه‌ تا هیچ گومان و دوو دڵی و دڕدۆنگیه‌ك له‌ دڵ و مێشكی هیچ كه‌سێك نه‌مێنێ بۆ كارپێكردن و دانانی به‌ به‌رنامه‌ی ژیان
ئینجا خوای زانا  فه‌رمان به‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كاو پێی ده‌فه‌رموێ حوكم له‌ نێوان خه‌ڵك بكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خوا نیشانی داوی، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ به‌ خۆت به‌ چاكی ده‌زانی، به‌ڵكو (بما اراك الله) نه‌ك (بما تراه‌)
که‌واته‌ پێغه‌مبه‌ری خودا (سه‌لام و سه‌ڵاتی خوای له‌سه‌ر بێ) بۆی نه‌بوه‌ به‌ موو له‌ ده‌ستوری خودا لابدا كه‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی ژیان بوه‌و له‌ بابه‌ته‌ دیاری كراوه‌كان به‌تایبه‌ت كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری خه‌ڵك و ژیان و گوزه‌رانیانه‌وه‌ هه‌بوه‌ ئه‌وا بۆی نه‌بوه‌ له‌ یاساو ڕێسای چه‌سپاو لابدا، بۆیه‌ دوابه‌دوای ئه‌م فه‌رمانه‌ پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی و ده‌ستوری خوا لابده‌ی ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ توشی به‌رگریكردن بیت له‌ خائینان بۆیه‌ فه‌رمووی نه‌كه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگری له‌ خائینان بكه‌ی.
ئه‌گه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا نه‌درابێ كه‌ به‌رگری له‌ خائینان بكا له‌ حاڵێكدا جارێ نه‌یده‌زانی ئه‌و كه‌سه‌ دزی كردوه‌و خیانه‌تی كردوه‌ ئه‌وا حه‌وت جار ڕێگه‌ به‌ ئێمه‌ش نادرێ كه‌ به‌ عاسته‌میش به‌رگری له‌ دز و خائین و گه‌نده‌ڵ و سته‌مكار بكه‌ین، به‌ڵام به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پێویسته‌ خۆمان له‌ هه‌رچی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی سته‌م و گه‌نده‌ڵی و خراپه‌كاری ڕزگار بكه‌ین ده‌نا به‌خوا دڵنیابن هه‌رگیز سته‌م به‌ سته‌مكار و گه‌نده‌ڵی به‌ گه‌نده‌ڵكار و خیانه‌ت به‌ خائین و دزی به‌ دز لاناچێ
خوا په‌نامان بدا له‌وه‌ی توخنی سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ و خائینان بكه‌وین.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif