ڕەزوان یاڵانپێی
-
هەندێک بابەت و تەعلیقی چەند دەربار و ئەوانەی لە پێناو لەتە نانێک ویژدانی خۆیان هەڕاج فرۆش دەکەن بینی و زۆر بەدڵگەرمیەوە بەرگریان لە دەستور و قەوارەی هەرێم دەکرد، بەو جۆرە وێنایان دەکرد کە ئەمانە خاوەن قەوارەکەن و لە کەسیشی قەبوڵ ناکەن باس لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارە و کیانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بیست و نۆ ساڵی ڕەبەقە ئەم قەوارەیە گیری بەدەست ئێوەوە خواردوە، جارێ تاڵان فرۆشی دەکەن، جارێ بێ حورمەتی دەکەن، جارێکیش ڕۆڵەکانی شەهید دەکەن، جارێکیش بێ نان و ئاویان دەکەن، جارێ دەستوری پێشێل دەکەن، جارێ پەرلەمانی دائەخەن، جارێ ئەتکی دەکەن، چی ماوە نەیکەن؟
ئێستاش تەیارە و کۆپتەرەکانی تورکیا بە سەر مەرقەد و ماڵی سەرانی ئێوەدا دەسوڕێنەوە و نیشتیمان ئەتک دەکەن، سەرتان کز کردوە و ملتان چەماندوەتەوە، نقەتان لە خۆتان بڕیوە بەرانبەر بە تورکیا، بەڵام زمانتان گەلێک درێژە بەرانبەر بەو کەسانی داوای چاکسازیتان لێ دەکەن، گەر هێندە قەوارەکەتان لا پیرۆزە بە سوڵتانی تورکیا بڵێن دەست درێژی نەکاته سەری.
خەڵکی ئێرە نەدارن، هەژارن، برسین، تینون، ناڕەحەتن، ماندون بە دەست گەندەڵی ئێوەو و فەسادی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتیەوە، ڕۆژانە هاوڵاتی ماڵی وێران دەبێت، دەکوژرێت، ماڵی دەڕوخێت، منداڵی شەهید دەبێت، شار و گوندەکانی تۆپ باران دەکرێت، هاتویت و شوڵت لێ هەڵکێشاوە و خەڵک بە عەرەب و عێراقچیەتی دەشوبهێنێت، بیرت چۆتەوە بەرپرسەکانت ڕۆژانە لە ڕێی بەغدادن.
کێ قەوارەی هەرێمی بێ حورمەت کرد، خەڵکی برسی کراوی کوردستان یا ئێوە، بۆ ئێوە ساڵانێکی دور و درێژ خەڵکی بێ تاوانتان شەهید نەکرد، چەند جار تورکیا و ئێرانتان هێناوەتە کوردستان، جەیش و جاشی بەعس و تورکیاتان نەهێنایە پەرلەمان، ناوچەکانی شەنگال و سنجارتان بێ جێنەهێشت بۆ داعش، چی ماوە بەسەر ئەم قەوارەیەدا نەیهێنن؟
مانەوەی ئەم قەوارەیە و پێگەکەی کەس بە باڵای خۆیدا نەیدورێت، تەنها لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکانە ماوەتەوە و شەڕی خۆیان دەکەن، وە گەرنا لە ڕاستیدا قەوارەیەک نیە سەربەخۆ بێت و کەراماتی خەڵکی تێدا پارێزراو بێت، چونکە ئێستاش گرمە و دەنگی ناپاڵەمەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەکان دێت..
پرسیارێک لەو دەوڵەمەندە سیاسیانە بکەن، بۆچی صدام حسێن کوردستانی کاول کرد، کەچی ئێستا خەڵک گردنی ئازاد دەکات و بە ئاواتن بۆی؟ تەبعەن وەڵام لای خەڵکە و چەتەیی و جەردەیش لا ئێوەیە.
ئەوانەی فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن بۆ قەوارەی هەرێم پێیان بڵێن:
- زینی وەرتێ و بوردومانی کونە ماسیتان باش.
سیرچێکی سۆشیاڵ میدیا بکەن ناوچاوی ئەوانە دەبینن کە بە درۆوە بەرگری لە مانەوەی قەوارەی کوردستان دەکەن، هەیانە هەر خەریکی سەنگەر گۆڕینەوەیە، هەشە خەریکی دڕۆ کردنە، هەشە ژیانی هەر بەدزی بەڕێ کردوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق