بە گوێرەی راپۆرتێکی گرووپی راوێژکاریی بۆستن، ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن لە دەوڵەمەندبوون و سامانیان تا ساڵی 2023 یەک ترلیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت.
راپۆرتەکە دەریخستووە، سەرمایەی ژنان لە سەرانسەری جیهان لە گەشەکردندایە، لەکاتێکدا خاوەنکار و کۆمپانیاکان هەوڵدەدەن لە دامەزراندندا جیاوازی لە نێوان نێر و مێدا نەهێڵن.
ئێستا32%ی کۆی سەرمایەی جیهان لە لایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت و چاوەڕێدەکرێت لە ساڵی 2023دا بگاتە سەرووی 34%.
کۆی سەرمایەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 6 ترلیۆن دۆلارە. ٪13ی ئەو سامانە کە دەکاتە 800 ملیار دۆلار لەلایەن ژنانەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. لەکاتێکدا بەشی پیاوان زیاترە کە 5 ترلیۆن دۆلارە، بەڵام چاوەڕێدەکرێت سەرمایەی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سێ ساڵی داهاتوودا گەشە بکات و بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار.
لەڕووی گەشەی ئابوورییەوە، سعودیە لە پێشەنگی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت و بەشی ژنان لە سەرمایەی ئەو وڵاتە دەکاتە نزیکەی 225 ملیار دۆلار. ئیمارات لە پلەی دووەم دێت و زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە سەرمایەکەی لە ژێر دەستی ژناندایە.
گەشەی سەرمایەی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاترە لە ئەمریکای باکوور و رۆژئاوای ئەوروپا، بەڵام سەرمایەکە لە ئاسیا، ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ئەوروپا خێراتر گەشەدەکات.
راپۆرتی گرووپی راوێژکاریی بۆستن پیشانیدەدات، بازاڕی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە گەشەی بەرفراواندایە. لە هەمانکاتیشدا، ژنانی ئەو وڵاتانە دەتوانن بە ئاسانی دەستیان بە چاودێریی تەندروستی و هەلی خوێندن بگات. هەروەها بەشداری کچان لە قۆناخەکانی خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندی نزیکە لە یەکسانبوون لە گەڵ کوڕ. هەروەها لە زانکۆکانی 15 وڵاتی عەرەبی، رێژەی ژنان لە پیاوان زیاترە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، چاوەڕێدەکرێت بەشداریی ژنان لە دەرەوەی کەرتی خوێندنیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بێت و ئاماژە بەوەدەکات، رۆڵی ژنان لە سەرکردایەتیکردن لە تەواوی ناوچەکەدا لەفراوانبووندایە، بەجۆرێک لە ئیمارات ژمارەی سەرکردە ژنەکان ٪2 زیادیکردووە.
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە سعودیە بەشداری ژنان لە بەڵێندەرایەتیدا لە گەشەکردندایە و ژمارەی کارمەندانی ژنیش لە زیادبووندایە. راپۆرتەکەی گرووپی راوێژکاریی بۆستن زیادبوونی ژمارەی ژنان لە بەڵێندەرایەتیکردن، هێزی کار و سەرکردایەتیدا بە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی سەرمایەیان لە سەرانسەری جیهان دادەنێت.
لە دوای ئەوەش، بەشداری ژنان لە هێزی کار و سەرکردایەتیکردندا بە دوو هۆکاری دیکەی زیادبوونی سەرمایەی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێن.
مستەفا بۆسکا، بەڕێوەبەری کارگێڕی گرووپی راوێژکاریی بۆستۆن پێشىینیدەکات، وێڕای نائارامی و کێشە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرمایەی ژنان لەو ناوچەیە لە گەشەی خۆی بەردەوامدەبێت.
مستەفا بۆسکا کرانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەڵگەیەکی دیکەی دەستگەیشتنی ژنان بە خوێندن و چاودێریی تەندروستی ناودەبات کە دەتوانن کاریگەری ئەرێنییان بۆسەر ژنان هەبێت. بەشداری ژنان لە هێزی کار، پێگە سەرکردایەتییەکان، چالاکییەکانی بەڵێندەرایەتی و بەهێزبوونی ئابووری، رۆڵی گرنگ دەبینن لە بەرەوپێشچوونی ئابووری، کە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەکردنی سەرمایەی ژنان لە دەیەی داهاتوودا.
گرووپی راوێژکاریی بۆستن بەشێوەیەکی رێکخراو چاودێری رۆڵی ژنانی کردووە لە سەرکردایەتیکردن و بەشداریکردن لە کەرتە گرنگەکانی ئەو وڵاتانەدا. دامەزراوەکە پشت بە دوایین ئامار دەبەستێت بۆ بەهێزکردنی رێنماییەکان لە بواری وەبەرهێنان و کارگێڕیکردنی سەرمایە لە ناوچەکەدا. گرووپەکە هەوڵدەدات راوێژەکەی بەکاربهێنێت بۆ هاندانی ژنان لە قۆستنەوەی بازاڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە گەشەی خێرادایە.
گرووپەکە تایبەتە بە پێشکێشکردنی راوێژ بە کۆمپانیا و دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان لە سەرانسەری جیهان و لە ساڵی 2007 بە 29 راوێژکار لە دوبەی دەستبەکاربوو، ئێستا زیاتر لە 400 کارمەندی هەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق