ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیینێت، لە دوو هەفتەی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و ئاشکرایکرد، پارتی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات بە هاوسەرۆکەکانیشییەوە.
ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی 2ی پارتی لە هەولێر و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەكی رووداودا رایگەیاند، پارتی ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و دەڵێت:" لەم هەفتەیە یان یان هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، بەڵام هێشتا شوێن و رۆژی کۆبوونەوەکە دیاریینەکراوە".
تائێستا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەهێز نین و پارتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی چوارەم و هاوسەرۆکەکانی لە یەکێتی نەکردووە.
لەم بارەیەوە ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت :"پارتی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات بە هاوسەرۆکەکانیشیەوە، بەڵام یەکێتی ئێمەی بۆ کۆنگرەی چوارەم بانگهێشت نەکرد، بۆیە پیرۆزباییمان لێنەکرد، بەلای پارتییەوە ئەمە کێشەیەکی گەورەنییە و ئەمڕۆش جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە هاوسەرۆکەکانی یەکێتی کرد".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی سازکردنی خۆپێشاندان لە هەولێر لە یەکی شەشدا هەیە، لەو بارەیەوە ئەحمەد کانی گوتی: "ئێمە وەک پارتی هیچ زانیارییەکمان نییە کە دووشەممە خۆپێشاندان لە هەولێر بکرێت و پارتی خۆپێشاندان بە مافی هەموو کەسێک دەزانێت، بەڵام بە رێکاری یاسایی و نابێت هیچ ئەجێندایەکی حیزبی و سیاسی لە خۆپێشاندانەکان بەدیبکرێت"
گوتیشی:"خۆپێشاندان لە هەولێر نوێ نییە و تەنانەت پێش کۆرۆنا کەم رۆژ هەبووە خۆپیشاندان لە هەولێر لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان نەکرێت کە هاوسێی بارەگای لقی دووی پارتییە، زۆرجاریش کادیرو پاسەوانانی لقی دوو ئاویان بە خۆپێشاندەران داوە".
لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر لە بەرنامەی پێشووی رووداوی ئەمڕۆ گلەیی لە پارتی کرد کە بەشدارییان پێناکات لە حکومەتی لۆکاڵیی هەولێر، لەو بارەیەوە ئەحمەد کانی دەڵێت:" گلەییەکانی یەکێتی لە بەشداریپێنەکردنیان لە حکومەتی لۆکاڵیی هەولێر رەوایە، بەڵام ئەو هەنگاوە بەستراوەتەوە بە رێککەوتنی نێوان هەردوولا و دەبێت یەکێتیش پارتی لە حکومەتە لۆکاڵییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەشداریی پێبکات".
ئەحمەد کانی رەتیکردەوە هیچ بەرپرس و تەنانەت بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە لە هەولێر یەکێتی نەبن و گوتی:"زۆر بەرپرس و لێپرسراو لە دامەزراوەکانی حکومەت لە هەولێر هەن ئینتیمایان بۆ پارتی نییە و یەکێتین، بەڵام لە ئەرکەکانیان دوورنەخراونەتەوە، بەهۆی لێهاتوویان، هەروەها دەیان بەرێوەبەری قوتابخانە لە هەولێر ئەندام و لایەنگری یەکێتین".
ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوەکرد، هەر سیستەمێکی حوکمڕانی خزمەت بە هەرێمی کوردستان بکات و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، ئەوا پارتی پەسەندی دەکات.
ئەمساڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەنیازە کۆنگرەی چواردەم ببەستێت، ئەحمەد کانی لەو بارەیەوە دەڵێت:" پارتی لەم ساڵەدا کۆنگرەی چواردەم لە دهۆک سازدەکات، بەمەرجێک کاریگەری کۆرۆنا نەمێنێت و ئامادەکارییەکانی تەواو بووە، هەروەها لە ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگ ئەندامەکانی دەستنیشاندەکات".
هۆکاری هەڵبژاردنی پارێزگای دهۆک بۆ بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی" هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان نییە پارتی کۆنگرەی لێنەبەستبێت، جگە لە پارێزگای دهۆک، هەڵبژاردنی دهۆکیش تەنیا لەبەر ئەم هۆکارەیە و هیچ رەهەندێکی دیکەی لە پشتەوە نییە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق