لە شەقامی 30 مەتریی شاری هەولێر بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لەسەر یاریی کۆنکان، 3 کەس کوژراون و کەسێکیش برینداربوو.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو لە ماڵێکی شەقامی 30 مەتریی شاری هەولێر، شەڕ لەنێوان چەند کەسێک دروستبووە، بەوهۆیەوە سێ کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش برینداربووە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: "تائێستا هۆکاری شەڕەکە روون نییە، بەڵام گوایە لەسەر یاری کۆنکان بووەتە دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا تەقە کراوە و ئەو سێ هاونیشتمانییە کوژراون و یەکێکیش برینداربووە".
هۆگر عەزیز لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان ئاماژەی بەوەکرد، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و دواتر روونکردنەوەی زیاتر بڵاودەکەنەوە.
لە دوو رۆژی رابردوودا ئەوە دووەم رووداوی کوشتنە لە سەنتەری شاری هەولێر روودەدات.
شەوی چوارشەممە لە گەڕەکی باداوەی هەولێر، ژنێک هاوژینەکەی لە شیرینی خەودا بە سێ چەقۆ کوشت. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لەسەر کێشەی پارە هاوژینەکەی کوشتووە و دواتر لەلایەن تیمەکانیانەوە دەستگیرکراوە.
پیاوە کوژراوەکە ناوی (ع) و تەمەنی 38 ساڵە، هاوژینەکەی بەناوی (د) تەمەنی 24 ساڵە و خاوەنی دوو کچ و کوڕێکن. ئێستا ژنەکە بەپێی ماددەی 405 بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و پەراوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق