كۆرۆنا جوگرافیای هەژاران دەگۆڕێت

ليست هناك تعليقات


ژماره‌ی توشبووانی كۆڤید ١٩ له‌ئاستێك ناوه‌ستێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی قورسایی بۆ وڵاتان و ژێرخانی ته‌ندروستییان دروست ده‌كات، رێژه‌ی بێكاری به‌رزده‌كاته‌وه‌ و وادیاره‌ ته‌نها له‌بواری چاره‌سه‌ردا زیان به‌ هه‌ژاره‌كان ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو زیان له‌داهاتیشیان ده‌دات.

به‌پێی راپۆرتێك كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه،‌ ده‌ركه‌وتووه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ٣٩٥ ملیۆن كه‌س له‌جیهاندا ببنه‌ ئه‌وپه‌ڕی هه‌ژار كه‌ داهاتی رۆژانه‌یان كه‌متر ده‌بێت له‌ ١.٩ دۆلار، به‌وه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ ١.١ملیار كه‌س به‌رزده‌بێته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگای جیهانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و گه‌شه‌ی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌كراوه‌ و تێیدا چه‌ند ئه‌گه‌رێكی دیاریكردووه‌ بۆ هێڵی هه‌ژاری كه‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی دیاریكردوون، به‌جۆرێك ئه‌وپه‌ڕی هه‌ژاری ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌ ١.٩دۆلار یان كه‌متر له‌و بڕه‌ ده‌ژین‌، تا به‌رزترین ئاستی هه‌ژاری كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌كه‌متر له‌ ٥.٥ دۆلار ده‌ژین.

خراپترین سیناریۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهاتی تاكه‌كه‌س به‌رێژه‌ی سەدا ٢٠ دابه‌زێت به‌هۆیه‌وه‌ رێژه‌ی ئه‌وپه‌ڕی هه‌ژاری بۆ ١,١٢ملیار كه‌س به‌رزده‌بێته‌وه‌.

ئه‌ندی سومنر یه‌كێك له ‌به‌شداربووه‌كانی راپۆرته‌كه‌ رایگه‌یاندووه،‌ ئه‌وانه‌ی زۆر هه‌ژارن هیچ ئاسۆیه‌كیان له‌به‌رده‌م نییه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌خێرایی قه‌ره‌بووی داهاتی رۆژانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌كاته‌وه‌، كه‌ رووبه‌ڕووی برسێتی ‌ده‌بنه‌وه‌.

لێكۆڵه‌ره‌وان له‌ زانكۆی كینگز كولیدج له‌نده‌ن و زانكۆی نیشتمانی ئوسترالیا پێیان وایه، هه‌ژاری شوێنی جوگرافی خۆی ده‌گۆڕێت، و ئه‌و ناوچانه‌ی پێشبینی ده‌كرێت زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵك رووبه‌ڕووی هه‌ژاری ببنه‌وه‌ باشوری ئاسیا و به‌ دیاریكراوی هندستان و پاشان ناوچه‌ی ئه‌فریقیا و باشوری بیابانن، دووشه‌ممه‌ی رابردوو بانكی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند پێشبینی ده‌كات ٧٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن كه‌سی تر بچنه‌ ریزی ئه‌و كه‌سانه‌ی زۆر هه‌ژارن.

گه‌شتیاریی ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ربێت؟

یه‌كێك له‌و كه‌رتانه‌ی كه‌ چاوی له‌سه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی جیهانی دوای كۆرۆنا كه‌م بكاته‌وه‌، كه‌رتی گه‌شتیارییه‌، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، ده‌كرێت گه‌شتیاری وه‌ك هۆكارێك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا لێی بڕواندرێت، سكرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان راشیگه‌یاند:" ده‌كرێت گه‌شتیاری هه‌ما‌هه‌نگی و متمانه، كه‌ دوو ره‌گه‌زی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هاوكاری جیهانین به‌هێز بكات".

پێشتر له‌ راپۆرتێكدا كه‌ باڵی گه‌شتیاری سه‌ر به‌نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌یكردبوو ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو كه‌ نزیكه‌ی ١٢٠ ملیۆن هه‌لی كار له‌كه‌رتی گه‌شتیاری مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌، گۆتێرس رایگه‌یاند به‌هۆی كۆرۆناوه‌:"گه‌شتكردن كه‌میكردووه‌ و ترس زیادیكردووه‌ و ئاینده‌ش ڕوون نیه‌".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا زۆر وڵات كۆت و به‌ندی سه‌ر گه‌شتكردنیان لانه‌بردووه‌، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ڕێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

رێكخراوی گه‌شتیاری جیهانی مانگی ئایاری رابردوو چه‌ند رێكارێكی بڵاوكرده‌وه،‌ بۆ چۆنێتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان و دووباره‌ بوژانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته‌، به‌پێی رێكاره‌كان ده‌كرێت پشكنینی پله‌ی گه‌رمی له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان بكرێت و پارێزگاری له‌ پاك و خاوێنی بكرێت و كلێنس و ماده‌ی پاککەرەوە به‌كاربهێندرێن، هۆشداریشیدا له‌وه‌ی كه‌ كه‌رتی گه‌شتیاری ١.٢ تریلیۆن دۆلار له‌داهاته‌كه‌ی به‌هۆی كۆرۆناوه‌ له‌ده‌ست ده‌دات.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردووش رێكخراوی هاوكاری ئابووری و گه‌شه‌پێدان هۆشداریدا له‌وه‌ی، كه‌رتی بازرگانی و گه‌شتیاری و به‌هۆی رێكاره‌كانی هاتوچۆ و داخستنی سنوره‌كان ده‌ناڵێنێت، رێكخراوه‌كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و ڤایرۆسه‌ی به‌مه‌ترسیدار له‌هه‌موو شوێنێك وه‌سفكردووه‌.

Report by peyser


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif