سیستمی په‌رله‌مانی و قه‌یرانی سه‌ركرده‌!

ليست هناك تعليقات



د.ئەنوەر محمد فرج
-
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى كه‌ به‌رده‌وام تووشی ژیانی سیاسی و پرۆسه‌ى حوكمڕانی ئێمه‌ ده‌بێت بریتیه‌ له‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و هێز له‌ ده‌ره‌وه‌ى داموده‌زگا ده‌ستورى و یاساییه‌كان، واته‌ به‌ درێژایی چاره‌كه‌ سه‌ده‌ى پاش راپه‌رین و دروستبوونی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم هه‌میشه‌ كه‌سانێك هه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و داموده‌زگایانه‌و له‌ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانه‌وه‌ چه‌قی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات پێكدێنن، ئه‌وان كۆنترۆڵى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ته‌واوی پرۆسه‌ى سیاسی ده‌كه‌ن، مه‌رج نییه‌ هه‌ڵبژێراوبن یان نوێنه‌رى ئیراده‌ى زۆرینه‌ى خه‌ڵكبن، به‌ڵام ئه‌وان سه‌ركرده‌ى مێژوویی و خه‌باتكارو پیاوی به‌هێزى حیزبن و ئه‌وه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆ هه‌میشه‌ سه‌ركرده‌بن و بڕیارى كۆتایی له‌ دانوستانه‌كان و قه‌یرانه‌كان و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و په‌یوه‌ندیه‌كاندا لاى ئه‌وانبێت.

(لاى خۆمه‌وه‌ وایده‌بینم) ئه‌گه‌ر له‌ كوردستاندا سیستمێكی په‌رله‌مانی راسته‌قینه‌ پیاده‌و جێگیربێت، رۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه‌دا، چونكه‌ له‌ پرۆسه‌ى سیاسی سیستمێكی په‌رله‌مانیدا سه‌ركرده‌كان به‌ دوو فیلته‌رى به‌هێزدا تێپه‌رده‌بن، یه‌كه‌میان بریتیه‌ له‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى متمانه‌ى خۆیان ببه‌خشن به‌ كه‌سێك به‌وه‌ى ده‌توانێت ببێته‌ سه‌ركرده‌یان و ئامانجه‌كانی حیزب و پرۆژه‌و به‌رنامه‌ سیاسیه‌كه‌ى بگه‌یه‌نێته‌ زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگاو كورسی ده‌سه‌ڵات، دووه‌میشیان بریتیه‌ له‌ ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ى خه‌ڵك له‌رێگه‌ى پرۆسه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ متمانه‌ى خۆیان ده‌به‌خشن به‌و سه‌ركرده‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو كه‌ بتوانێت ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌دیبهێنێت.

لێره‌وه‌ پرۆسه‌ى دروستبوونی سه‌ركرده‌كان هه‌میشه‌ له‌ نوێبوونه‌وه‌و دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامداده‌بێت، هیچ كه‌سێك ناتوانێت به‌بێ زامنكردنى ئه‌و دوو فیلته‌ره‌، بێگومان‌ هه‌ردووكیان پشت به‌ تواناكانی سه‌ركرده‌ ده‌به‌ستن له‌ تێگه‌شتن له‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاو پێشكه‌شكردنى دیدو رێگه‌چاره‌ی گونجاو به‌ ئاراسته‌ى باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك.

هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك نه‌یتوانی ئه‌و دوو فیلته‌ره‌ زامن بكات، بێگومان وه‌ك نه‌ریتێكی جێگیرو كارپێكراو، پێش ئه‌وه‌ى كه‌ناربخرێت، خۆى ده‌ست له‌ كار ده‌كێشێته‌وه‌و پۆستی سه‌ركرده‌ى حیزبه‌كه‌ى به‌جێدێڵێت بۆ كه‌سێكی شیاوتر به‌ پێوه‌ى دوو فیلته‌ره‌كه‌، واته‌ حیزب نابێت به‌ موڵكی تایبه‌تی هیچ كه‌سێك، به‌ڵكو ئه‌وه‌ حیزبه‌ كه‌ هه‌میشه‌ سه‌ركرده‌ى نوێ پێشكه‌ش ده‌كات به‌ كۆمه‌ڵگاو ژیانی سیاسی.

پیاده‌كردنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌، به‌ تێپه‌ربوونی كات، هیچ بوارێك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى داموده‌زگا هه‌ڵبژێراوه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ كاریگه‌ریی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌بێت له‌ پرۆسه‌ى دروستكردنی بڕیاردا، هیچ سه‌ركرده‌یه‌كیش ئه‌گه‌ر تواناى تێپه‌راندنی ئه‌و دوو فیلته‌رى هه‌بێت هه‌رگیز له‌ سێبه‌ردا نامێنێته‌وه‌و خۆى راسته‌وخۆ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ى خۆی ده‌كات له‌ په‌رله‌ماندا یان سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ى ده‌كات ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ى هێنا.

له‌م پرۆسه‌ سیاسیه‌ په‌رله‌مانیه‌دا حیزب ئامرازێكه‌ بۆ كێبڕكێی سیاسی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ كه‌ناڵه‌ یاساییه‌كانی خۆیه‌وه‌، حیزب نابێت به‌ خێزانێك یان كۆمپانیایه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێك یان گروپێكه‌وه‌ كۆنترۆڵبكرێت و به‌ چه‌قبه‌ستوویی بمێنێته‌وه‌و له‌ سێبه‌ره‌وه‌ كۆنترۆڵى پرۆسه‌ى سیاسی و ئابورى وڵات بكات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif