بەمردنی ئێمە دنیا خراپ نابێت

ليست هناك تعليقات

شێركۆ سعید
-
مرۆڤایەتی لەسەدەی تەکنەلۆژیاو مەتڕیاڵدا بەرەو ئەنانیەت دەڕوات ، هەرکەس بۆخۆی هەرکەس ژیانی لەژیانی ئەوانی تر هەڵدەمژێ ، من نایکەم بۆ ئەونایکات! ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆخۆی !

برسیەکان ژیانیان دەدەنە تێرەکان ، ڕەشەکان ڕەشێتی سپیەکان هەڵدەمژن ، جیهانی سێ هەم کۆیلەو ڕەنجبەری جیهانی سالارن ، بازرگان و سیاسەتمەدار خوێنی میللەت دەمژن ،

ئەمانە وینەو سیمانی سەدەی ڕابردوو بوو ئایە دەکرێ مرۆڤایەتی بەم جیاکاریە هەنگاو بنێتە سەدەی نوێ وبەناو مافی مرۆڤ ، گەر سەیری یاسا کان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بکەیت ئەم سەدەیە لەهیچی کەم نیە ، بەڵام ئەوەی لەنگیە کە دنیای مەتڕیاڵ مرۆڤی کردۆتە کۆیلەی مادە و ئارەزوی ئازادی گۆراوە بۆ چێژ لەخواردن وەرگرتن هەوەسی گۆرینی مودێلی مۆبایل ئۆتۆمبیل ، ئاسودەیی خیزان بۆتە نامە گۆڕینەوەی گروپ چات و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، زانست و خوێندن بۆتە بڕوانامەیەکی بێ کەڵک و بێ ناوەڕۆک ،

ئەمانە هەموی مرۆڤی لەپێگەو سەنگی خۆی لەق‌ کرد بوە کۆیلەی مۆدیل کۆیلەی گەشتوگوزار کۆیلەی یاسا نادروستەکانی کۆمپانیاو بانك و گریبەستی درێژخایەن و قەرزی پڕ لە فایزو زیادەو وابەستنامەی کارکردن کەپرە لەنادادی و مرۆڤ دەکاتە کۆیلە ،

کاتی ئەوە هاتوە ئەنانیەتی مرۆڤ ئەم دۆخە تێپەڕێنێت ، لەژێرسایەی سستمی نوێی جیهان مروڤ لە کەرامەتی خۆی دانەمڵرێت ، ترس بۆ ژیان و ترس بۆ لەدەست دانی ژیان کاریکی وانەکات مرۆڤ هەموو ڕۆژیکی مردن بێت ، ئالودەبونی دنیا و خۆشیەكانی کارێکی وانەکات ژیاێکی ئاژەڵانە بەڕێبکەین ،

کاتێک جۆرج فلوید مرد بەمردنی شۆڕشێکی مرۆیی دروست کرد لەئەمەریکا بەڕیتانیا فەڕەنسا جولەی ڕەش پیستەکان دەستی پێکرد ، دەسەلاتی بەچۆکدا هێنا بۆ چاو خشاندنەوە بە یاسا ڕەگەزپەرستیەکان ، هاوڵاتیانی سپی پیست لە شەقامەکانی بەڕیتانیا بەلەنگیان زانی پەیکەری بازرگانی کۆیلە لە گۆڕەپانەکانیان ببینن بۆیە توڕیاندا عومدەی لەندەن بڕیاری دا هەموو پەیکەرەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێتەوە، فەڕەنسا بڕیاری دا چاو بخشێنیتەوە بەهەموو یاساکاندا ، ئەمەریکا گەورەترین شۆڕشی دژی ڕەگەزپەرستی بەخۆوە دی ، ئەمانەش بەهۆی مردنی کەسێکەوە کەژیانی ملیۆنان کەس لەئایندەدا ڕزگار دەکات ،

لەکوردستان دەبێت ئەو ئالودەییەی بۆ خۆشیەکانی ژیان هەمانە بیگۆرین ، ئالودەیی چەند موچەیی ، موچەی بندیوار پلەی باڵا ، چەند ئیشیک پیکەوە گۆڕینی موبایل ئوتومبێل خانوو باخ ڕیزکردنی بڕوانامە ڕیزکردنی چەند ژن ، لەکاتیکدا ئەمانە زۆرینەی ئەنانیەتەو خواردنی بەشی هاوڵاتیەکی ترە ، بۆیە چینێکی گەنج وهەژارو نەدار وبیکاریان خستۆتەوە وڵاتیان توشی قەرز کردوە ، لەولاشەوە چینی بێبەش کراو سەر کزو کۆیلە ئاسا بەناوی قەدەر و بڕینەوەی بەش‌ و شوکرانە بژێری خۆی سەرکز کردوە کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانی لەدەست دەدات ، ئەمەش هاندان نیە بۆ پیکدادانی کۆمەڵگا بەڵکو داوای دادگەری کۆمەڵایەتی و هاوسەنگکردنەوەی ژیانە ، 

کورت و پوخت دەبێت کۆیلەیی قبوڵ نەکرێت ترس لەمردن ناکریت ببێتە مردن بۆ هەموو کۆمەڵگاو خیزان و نەوەی ئایندە ، مردنێك بەسەربەرزی باشترە لەمردن لە برساو لەبێ ئەرزش کردن و گرتنەوەی ماف و چەوساندنەوە ، چونکە مردن بەم شێوەیە بێ ناو بێ ناونیشانەو بەبێ دەنگی دەکرێیتە ژیر خۆڵ ، بەڵام جۆرج فلوید بەگەورەترین ڕیوڕەسم و پاش چەند ڕۆژیک دنیای ڕۆژ ئاوای بەچۆکدا هێنا ئەو جا خۆشی بەسەربەرزی دنیای بەجێ هێشت ، بۆیە بەمردنی ئێمە دنیا خراپ نابێت ڕەنگە مردنی تۆ ژیان بێت بۆ خێزانەکەت منداڵەکانت نیشتمانت ، ئەمەش داوای هەڵبژاردنی مەرگ نیە بەڵام هاندانە بۆ گۆڕانکاری بێ ترس لەمردن .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif