فارس نەوڕۆڵی
-
گفتوگۆ تەنھا ڕێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری خاڵی بەیەکگەشتن و کۆتایھاتن بە ناکۆکییەکان ، گفتوگۆی ئەقڵانی ئەو جۆرەیە لە گفتوگۆکە لەسەر پێشھاتەکان و ئەو تەحەدییانەیە کەڕووبەڕووی وڵات و کۆمەڵگا دەبێتەوە لە ئەنجامی گفتوگۆدا ڕێگا چارەی بۆ دیاری دەکرێ نەک جۆرێک لە گفتوگۆی بێ ئاگایانە پێچەوانەی واقعی حاڵ گفتوگۆ بکرێت ، ئەم جۆرە لە گفتوگۆ قێزەونترین جۆری گفتوگۆیە ، نمونەی گفتوگۆی خراپ لەمێژوودا ، گفتوگۆی بیزەنتینییە ، کە بە نمونەیەکی شکستخواردوو کارەساتھێنەر یان دەرئەنجامی نەرێنی باس دەکرێت کەم کەس ھەیە لە سیاسەتدا کاری کرد بێ و ئەم دەستەواژەیەی بەکار نەھێنابێ وەک نمونەیەکی بێ ئەنجام و ناواقیعی لەبری گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی وڵات خەریکی گفتوگۆن لەسەر خورافات بۆ مەودایەکی درێژ ، دەگێڕنەوە دوای ئەوەی ئیمپراتۆر ( قوستەنتین ) شاری (بێزەنتی ) داگیردەکات لە ساڵی (٣٥٥ ز) دەیکات بە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکەی دواتر ناسرا بە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژھەڵات دواتر ناوی شارەکە دەکا بە شاری (قوستەنتین)، ئاینی فەرمی ئەم ئیمپراتۆریەتە ئاینی مەسیحی بوو قەشەکان و پیاوانی ئاینی بە درێژایی چەند سەدەیەک ھەموو شتێکیان لەبیر کرد بوو ھەر خەریکی گفتوگۆی بێ بنەما بوون ھیچ پەیوەندی بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکەوە نەبوو خەڵکەکەش بەسەر باڵەکانی ئاینی مەسیح دا دابەش بووبوون کە گفتوگۆکانیان بریتی بوو لە:
١ـ مریشک لە ھێلکەیە یان ھێلکە لە مریشک
٢ ـ ئایا فریشتە لەچی دروستکراوە ؟
٣ ـ ئایا فریشتە نێرە یا مێیە، ئەم ئیمپراتۆرییەتە لەناو ئەو ھەموو کێشە قوڵەدا کەچی سەرقاڵی گفتوگۆی نەزۆک بوو، لەو کاتەدا و لەساڵی ( ١٤٥٣) خەلافەتی عوسمانی خەونیان بە داگیر کردنی قوستەنتینیە دەبینی دەستیان کرد بەپلاندانان و ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ، کەچی دانیشتوانی ئیمپراتۆرییەتەکە لە کەنیسە و سەنتەری شار و تەواوی ناوەندەکانی ئەوەی بیریان لێنەدەکردەوە کێشەکانی وڵات وخەڵک بووە ، بەردەوام سەر گەرمی گفتوگۆ نالۆژیکییەکانی خۆیان بوون بێ گوێدانە لە دەستدانی وڵاتەکەیان و شارەکەیان، ئەگەر سەیری دۆخی کورد بکەیت لەئاستی کوردستانی گەورە دا لێکچونێک بە جۆرێکی جیاواز لەنێوان گفتوگۆکانی ئێستای ناوخۆی کورد و ئەوسای بیزەنتی دا ھەیە ، ئەگەر سەیری ھەرێمی کوردستان بکەی لە قەیرانێکی قوڵی ناوخۆیدایە و لەلایەکی دیکە لەھەر چوار لاوە شەڕێکی ھەمە لایەنە لەدژی ھەرێم بەڕێوە دەچێت، ئا لەم کاتەدا گفتوگۆی سیاسی ناوماڵی کوردی و بەتایبەت ھێزە سیاسیەکان چ جۆرە گفتوگۆیەکە ، گوتاری ڕۆشنبیر و میدیای کوردی چی جۆرە گوتارێکە، پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی چییە ؟ نوێنەرانی کورد لەبەغدا خەریکی چی بازاڕ گەرمییەکن گفتوگۆکانی ھەندێکیان لەسەر ئاستی کردار چونەتە دۆخی کەوتن چونکە لەبری خستە ڕووی ڕێگا چارە و چارە بۆ کێشەکانی ھەرێمی کوردستان دێن و داوا دەکەن بە ھێزی سەربازی ھەرێمی کوردستان داگیر بکرێتەوە ،ئایا ھەست بەوە ناکەن بەم ڕەفتار و جۆرە لە زمان و لە کردار ، جارێکی دیکە کوردستان پەلکێش دەکەنەوە بۆ ڕابردووە پڕ لە کێشمەکێش و پڕ ئازارەکانی ڕابردوو بۆ زەلکاوی شەڕ و یەکتر کوشتن و یەکتر شکاندن ڕێگا بۆ ھەموو لایەک دەکەنەوە بۆ ئەوەی سیاسەتی بەرژەوەندی خوازی خۆیان جێبەجێ بکەن ،ئەم جۆرە لە گفتوگۆ پێمان دەڵێت کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری و میدیایی کوردی پرسیاری تازەیان پێ نییە بەڵکو ھەر پرسیارە کۆنەکانی سەدەکانی پێشووە جارێکی تر بە ڕق و کینە تەوزیفی دەکەنەوە ، ئاخر ئەم جۆرە لە گفتوگۆ جگە لە کەمتەرخەمی و کورت بینی و بێباکی و ڕق لێبوونەوەی یەکدی دەبێ چی جۆرە گفتوگۆیەک بێت جگە لە گفتوگۆی بیزەنتی بە مۆدێلی کوردی بۆیە وا باشە بۆ ئەوەی ھەمان چارەنوسی بیزەنتی چاوەڕێمان نەکات نەوەکانی ئایندە لەبری گفتوگۆی بیزەنتی وەک نموونەیەکی خراپ نەڵێن گفتوگۆی کوردی و ببێتە کەلتورێکی ناشیرین بە نموونە بیھێننەوە ،پێویستە دڵسۆزان و ئاقڵمەندانی وڵات و ئەوانەی باوەڕیان بە ھێزی نەرم و گفتوگۆی ئەقڵانی ھەیە دەستپێشخەری بکەن و گفتوگۆیەکی جدی و ڕاست بخەنە سەرپێ کە پرسیاری نوێ و وەڵامی نوێ بەرھەم بھێنێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق