هەواڵە ناخۆشەكەی كۆرۆنا، ئەمڕۆ ٣ كەس گیانیان لەدەستدا

ليست هناك تعليقات


سێ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا، کە پێشتر نەخۆشیی دیکەیان ھەبووە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆش کەسێک گیانی لەدەستدابوو و بەم سێ کەسەوە ژمارەکە لە سلێمانی دەگاتە چوار کەس کە پیاوێک و سێ ژنن . 20 تووشبووی دیکەش هەر لە سلێمانی دۆخیان ناجێگیرە.

سەرچاوەیەک لە تەندروستی سلێمانی  رایگەیاند: "سێ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی لە نەخۆشخانەکانی شەهید ئاسۆ و تایەر والی بەگی سەرچنار گیانیان لەدەستداوە کە پێشتر نەخۆشیی دیکەیان ھەبووە".

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئەو چوار کەسەوە کە ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا رایگەیاند: "ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە پیاوێك و سێ ئافرەتی دانیشتووی ناو شاری سلێمانین دوای خەواندن و مانەوە لە نەخۆشخانە لە بەشی چاودێری چڕ و مانەوە لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد گیانیان لەدەستدا".

لەکاژێر 10:00 ـی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-6-2020ئەرکان عەلی، پەیامنێری ڕووداو لە سلێمانی باسی لەوەکرد کە جووڵەی ئەمبۆڵانسەکان دەریدەخەن ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان لە سلێمانی بەرزتر ببێتەوە و رایگەیاند: ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی سەرچنار لە سلێمانی تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، بەڵام ئەوەی تێبینیمان کردووە 3 ئەمبۆڵانسی گواستنەوەی تەرم هێنراونەتە نەخۆشخانەی سەرچنار.

د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ ئەرکان عەلی لەبارەی رەوشی تەندروستی تووشبووانی کۆرۆنا رایگەیاندبوو: بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستی تووشبووەکان سەرقاڵی گواستنەوەی نەخۆشەکانین لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیری عەلی والی بەگ بۆ نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ، کە شوێنی چاودێری چڕی باشترە و فراوانترە. دەشڵێ: "ئێمە لە دوو رۆژی رابردوو زیاتر لە 15 نەخۆشمان گواستووەتەوە کە لە بارێکی تەندروستیی سەختدان".

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەزار و 195 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە 448 تووشبوو چاکبوونەتەوە و بەو ژمارانەی ئەمڕۆ ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 24 کەس.

د.هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بۆ رووداو گوتی: "كێشەی شوێنی مانەوەی نەخۆشمان نییە‌، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆشەكان كە نزیكەی 20 نەخۆشێك دەبن دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە‌و پێویستیان بە چاودێری ورد هەیە ‌و تەمەنیشیان لەنێوان 45 بۆ 70ساڵیدایە". 

بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی ، دوو هۆكار گرفتەكانی لەو شارە گەورەتر كردوون: یەکەم، مانگرتنی پزیشكانی نیشتەجێ‌ بەهۆی دواكەوتنی مووچە ‌و دووەم كەمكردنەوەی سەرجەم خەرجییەكان بۆ رێژەی 30%.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif